چوار قۆڵی - چارەنووسی هەڵبژاردن لەدوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە پەرلەمان
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی رەتکردنەوەی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان، هەرێمی کوردستانی هێناوەتە قۆناخێکی هەستناک!
ئەوە روونە کە بەپێی بڕیارەکە پێویستە هەڵبژاردن بکرێ، بەڵام هێشتا لە کەس دیار نییە کە کەی و چۆن دەکرێت؟ ئەمە قسەی دەستپێکی زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بوو.
زریان رۆژهەڵاتی، گوتیشی" زۆر لایەن باس لە پێویستی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام مادەم رەتکردنەوەی یاساکە،کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیشی گرتۆتەوە و کۆمیسیۆنەکەی عێراقیش جارێ دەرفەتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی نەبێ، پێدەچێ ئەمساڵ هەڵبژاردن نەکرێت ئەگەر دەرچەیەکی بۆ نەدۆزرێتەوە.
رۆژهەڵاتی روونیکردەوە، مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە کێ براوەو کێ دۆڕاوی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵییە. بەڵام ئەمە گرنکترین بڕیارێکی دادگاکەیە سەبارەت بە پرسێکی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامدا، ریسی کێشمەکێش و دانوستانی نێوخۆیی هەموو لایەنەکانی کردەوە بە خوری!
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو ئاماژەی بەوەکرد کە هێشتا پەرلەمان و حکومەت بێدەنگن و هەڵوێستی لایەنە سەرەکییەکانیش لە تاریکی و روونی دایە، هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێم کە بڕیارەکە جموجۆڵێکی تازەی خستۆتە نێو ئۆپۆزسیۆن کە دەیانەوێ لە هەڵبژاردنی داهاتوو جارێکی دیکە خۆیان تاقیبکەنەوە.
زریان رۆژهەڵاتی روونیکردەوە، کە رەهەندێکی سیاسیی بابەتەکەش هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئێران لەگەڵ تالیبان و ئازەربایجان و ئیسرائیل لە کێشەدایە. پێدەچێ ئەمساڵیش بۆ دۆسیە ئەتۆمییەکەی تاران ساڵێکی هەستیار بێت. بۆیە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئاسایشی خۆی بە گرنگ ئەزانێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە بەرپرسانی تاران باش دەزانن کە گوشاری زیاتر ،دەتوانێت پاڵ بەهەولێرەوە بنێت کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا سفتەو سۆڵتر بکات. بۆیە لە رۆژانی رابردوودا کۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆی لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان رێکخست و باسی پەیوەندیی مێژوویی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە میدیاوە هێناوەتەوە رۆژەڤ. گوتیشی" لەدوای هەڵبژاردن، ئەردۆغان لەدەیەی سێیەمی حوکومڕانیی خۆیدا ئابووریی کردۆتە ئەولەویەت کە فاکتەرێکی گرنکی تۆرانی بەشێک لە دەنگدەرەکانییەتی، بێشک، گەشەکردنەوەی ئابووری تورکیاش پێویستی بەجۆرێک ئارامی و ئاسایش هەیە کە نەرمکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کورد یەک لە رێگاکانییەتی. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەزانێت گوشاری زیاتری بەغدا لەسەر هەولێر دەتوانێت نەک تەنیا لە دژی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئەمنییەکانی ئەنکەرە بێت بێت بەڵکو دژی ئابوورییەکەیشی بێت کە هەندێکجار قەبارەی بازرگانییەکەی تا سەرووی ١٢ ملیار دۆلار ڕۆیشتووە.
دەشڵێت"پێدەچێ نزیکبوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ئێران و سەرکەوتنەوەی رەجەب تایپ ئەردۆغان لەتورکیاش کاریگەرییەکیان لەسەر داهاتووی ئەم بابەتە هەبێت و هەقە ئەوەش لە شوێنێکا یادداشت بکەین. بڕیارەکەی دادگا بەڕوونکردنەوەیەکی درێژەوە جەختکردنەوەی لە پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان تێدایە کە رەنگە خاڵێکی جیاوازی بێت لەگەڵ بڕیارەکانی پێشووی. دواجار ئەوە تەنیا یاسا و دەستووری نێوخۆیی وڵاتان نین کە قەدەری رووداوە سیاسییەکان دیاری دەکەن و نابێ سیاسەتی نێودەوڵەتیش پشتگوێ بخرێت".
هیوا حامد، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان میوانی قۆڵی چوارەمی بەرنامەکە بوو و رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی تانەی لێنادرێت و گشتگیرن و دەبێ وەکخۆی جێبەجێبکرێن، واتە ئیلزامین. ئاشکرایکرد، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی ئاڵۆز و ئەستەمتر دەبێت.
راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان روونیکردەوە، رەهەندی پشتی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە دادگەکە پشتی پێبەستوون، یەکێکیان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی عێراق بوو، دوای ئەوەی زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر تەمەنیان تێپەڕی و هەڵبژاردنیش نەکرا، دووەمیشیان رەتکردنەوەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی نەوت و گاز بوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە ئەمە هۆکاری دەرچوونی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس بوو، هەروەها یەکدەنگ نەبوونی کوردیش خاڵێکی دیکەی سەرەکی بوو لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان.
هیوا حامد گوتیشی"درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک زۆربوو و بۆیە دادگە چاوپۆشی لێنەکرد و بڕیارەی هەڵوەشانەوەیدا و ئێستا دوای بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاوەتەوەو حکومەتیش کاربەرێکە، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی وەک خۆی بەکاربهێنێت".
هیوا حامد ئاشکرایکرد، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بە یاسا کۆنەکەش بەڕێوەدەچێت، ئەمەش مانای وایە جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە دەست و ئەلیکترۆنی دەبێت و هەروەها یەک بازنەش دەبێت و بە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەبێت.
راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد کە گرنگە هەرێمی کوردستان هەڵوێستی بەرامبەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی هەبێت و ئەگەر کۆدەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەبێت دەتوانرێت رێچکەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بدۆزرێتەوە.
لای خۆیەوە کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان گوتی" بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی رێگەی کردەوە هەڵبژاردن بکرێت، واتە بڕیارەکە پارتی و یەکێتی ناچارکرد هەڵبژاردن بکەن، هەروەها بە پێی بڕیارەکە هەڵبژاردنی داهاتوو کۆمەڵێک خواستی یەکێتی و پارتی جێگیر دەبن، بەڵام لە ژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق".
کەمال رەئووف گوتیشی" مامەڵەی پارتی و یەکێتی بەرامبەر خەڵک وایکردووە مەیل بۆ بەغدا زیاتر بێت، بەمەش کورد ئێستا لە بەردەم دۆخێکی زۆر هەستیار دایە".
سەبارەت بە دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ دەرچوون لەوم قەیرانە، کەمال رەئووف دەڵێت" هیچ دەرچەیەک نییە و دەبی هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پابەند بن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و دۆخی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ پێش بڕیاری دادگەی ناوبژیوانی پاریس، ئەمەش مانای وایە کە هەرێمی کوردستان بەبێ بەغدا ناتوانێت خۆی بژیێنێت".
کەمال رەئووف روونیکردەوە، ئێستا دۆخی بەغدا یەکگرتووەو لەبەرامبەردا دۆخی هەرێمی کوردستان پەرتەوازەیە، بۆیە ئەوان دەتوانن گوشاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکەن و دەشیکەن.
عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژەی بەوەکرد، درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی پەرلەمان نییە، واتە هیچ پەرلەمانێک لە جیهان بۆی نییە ماوەی تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، هەرچەندە دادگەی فیدراڵی دەرفەتی زۆری بە هەرێمی کوردستان دا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکات، بەڵام کە نەیکرد، هەڵیوەشاندەوە.
عەدنان عوسمان گوتی" مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا تەنیا یەک پاکێجە، واتە ناکرێت بە بڕیارێک رازی بی و بە بڕیارێک رازی نەبی لەڕووی دەستوور و دادگاوە".
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەو لاوازکردن و ناشرین کردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە، عەدنان عوسمان گوتی" هیچ لایەنێکی ناوخۆ و دەرەکی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی ناشرین نەکردووە، بەڵکو خۆیان ناشرینیان کردووە، بۆ نموونە بەبێ هیچ بیانوویەک چەندین ساڵە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بە نایاسایی درێژکراوەتەوە، ئەمە خۆی ناشرین کردنی ئەزموونە دیوکراسییەکەمانە".
عەدنان عوسمان پێیوایە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان زۆر خراپ بوو، روونیکردەوە کە پارتی و یەکێتی نییەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان نییە.
عەدنان عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد کە خۆدزینەوە لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هیچ مەجالێکی تێدا نییە و دەبێ وەکخۆی جێبەجێبکرێت و دەبێت دان بەوەدابنرێت کە ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە و حکومەتیش کاربەڕێکەرەوەو دەسەڵاتەکانیش هەمووی لای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە تاوەکو سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.
بهشی بكه لە