چوار قۆڵی - دیوی دووەمی کوشتنی خواناس لە سلێمانی
بەرەو جەژنانە و لەکاتێکدا بەرەو پیری رۆژانی گەردن ئازایی و لێبوردەیی لە کولتووری ئیسلامیدا دەڕۆین، کە باسەکانی تایبەت بە کوژرانی گەنجێک لە چەمچەماڵ بە پاساوی ئایینیەوە هێشتا گەرموگۆڕن. ئایا ئەوەی روویدا شتێکی تاکانە بوو یان دیاردەیەکە و خەریکە پەرە ئەسێنێ؟
مەنسوری حەلاج کابرایەکی فارسی سوننە مەزهەب بوو، لە زەردەشتییەوە بەرەو ئیسلام و دواتریش بۆ ناسینی دین و مەزهەبەکانی دیکەی دنیا رۆیشت. خەلیفەی عەبباسی لە بەغدا، ئەویش دوای بێنە و بەردەیەکی زۆر بە فەتوای کۆمەڵێک شەرعزان بڕیاریدا لەسێدارەی بدەن، چونکە گوتبووی من هەقم! ئەویش وای دانابوو کە ئەمە کوفرە. کوشتنی حەلاج یەکێکە لە دیارترین رووداوەکانی فەتوادانی کافربوونی کەسێک لە دنیای ئیسلام کە سەتان ساڵە مشتومڕی لەسەرە. بەڵام با لە بەغدا و لە مێژووەوە بگەڕێینەوە ئێستا و چەمچەماڵ! چی لە پشت ئەوەیە کە گەنجێکی ٢٨ ساڵ بێت و هەروا بە ئاسانی، بە پاساوێکی ئایینی ژیانی کەسێکی دیکە کۆتایی پێ بێنێت، ئەویش لەکاتێکدا کە بەپێی دەقەکانی ئیسلام، رۆژێک هەیە بەناوی حەشر کە تێیدا خوای گەورە سزا و پادداشتی کردەکانی ئەم دنیایەی مرۆڤەکان ئەداتەوە؟ ئەمە دەستپێکی قسەکانی زریان رۆژهەڵاتی، بەرێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو بوو.
رۆژهەڵاتی گوتیشی"لە راستیدا پەڕگیریی ئایینی خەریکە لێرە و لە دنیا بە خشکەیی گەشە ئەکات. دنیا سەرکەوتنی لە جەنگی بەرەییدا بەسەر داعش راگەیاند بەڵام، رەتکردنەوەی بیری توندڕەوی دیوە فەرامۆشکراوەکەی ئەو شەڕەیە کە تا ئێستاش بەردەوامە، بە گشتی لە دنیا شەپۆلێکی رادیکالیزمی دینی هەڵی کردووە و ئەمەش تایبەت نییە بە کوردستان. هەرلە هێرشی سەر موسڵمانەکانی میانمارەوە بگرە تا بەهێزبوونی مەسیحی و موسڵمانە رادیکاڵەکان لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان لە نموونەکانی ئەو شەپۆڵەن. وەک نموونەیەکی تازەش، پۆلیسی هیندستان دوێنێ ١١ کەسی گرتووە لەبەر ئەوەی موسڵمانێکیان کوشتووە، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی گۆشتی گای پێبووە. ئەوانیش دەستیان چووە خوێنی ئەو موسڵمانە تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئەوەی پێیانوایە دژی ئایینەکەیان جوڵاوەتەوە و ئەمەش دەریدەخات کە پەڕگیریی ئایینی چەنێ مەترسیدارە".
بەریوەبەری ناوەدنی لێكۆڵینەوەی رووداو ئەنجامی چەند راپرسییەکی نێودەوڵتی و نێوخۆیی ئاشکراکرد و گوتی"ناوەندی لێکۆڵینەوەی پیو، ئاستی خوێنەواری، چاوەڕوانی لە ژیان، داهات و ئاستی ناعەداڵەتیی ئابووریی وەک گرنگترین پاڵنەرەکانی ئەو دەمارگیرییە ئاینییە ناوبردووە کە لە دنیای ئەمڕۆدا هەیە. هەندێکی دیکەش پێیانوایە لە وەختی دەرکەوتنی کارەساتە سروشتییەکانیشدا مەیلی توندڕەوی لای خەڵک زیاتر گەشە ئەکات وەک ئەو ترسەی مردن کە کۆرۆنا بۆ عالەمی هێنابوو. بە گوێرەی راپرسییەکی بارۆمەتری عەرەب کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٢٥٠٠٠ کەس کردووە، دیدی ئیسلامگەرایی لە نێوان گەنجانی ١٨-٢٩ ساڵی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بە بەراورد بە ساڵانی ٢٠١٨-٢٠١٩ زیادی کردووە. بکوژی خواناس لە چەمچەماڵیش سەر بە هەمان گرووپی تەمەنە و عەمری ٢٨ ساڵە.
بەپێی دوایین راپرسیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، ٨٤٪ گەنجانی هەرێمی کوردستان لانیکەم لە هەفتەیەکدا یەک جار سەردانی مزگەوت دەکەن. مزگەوت ماڵی خوایە و شوێنی عیبادەت، بەڵام چی وائەکات کە مەیلی خواپەرستانەی گەنجێکی کورد بە ئاراستەی دەمارگیریدا بڕوات؟
زریان رۆژهەڵاتی گوتیشی"وەڵامی ئەم پرسیارە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو دنیا گرنگە. بە گوێرەی پێشبینییەکی سەنتەری پیو، تا ساڵی ٢٠٥٠ رێژەی موسڵمانانی جیهان لە ٢٣,٢٪ی دلنیشتوانی جیهانەوە وە دەبێتە ٢٩,٧. رێژەی مەسیحییەکانی جیهانیش ٣١,٤٪ی دانیشتوانی زەوی دەبێت. جا ئەگەر ئایدیای پەرگیری لە هەر لایەکەوە گەشە بکات، لەوانەیە ئەمە دەرگا بۆ پێکدادانی شارستانییەکانیش خۆش بکات کە وەختی خۆی هانتینگتۆن پێشبینی کردبوو. بێگومان ئازادی ئایینی ماڤێکی سروشتی هەر تاکێکی ئەم گەردوونەیە و ناشێ بێ رێزی پێ بکرێت، ئەمە کێشە نییە، بەڵام کێشە لەوەیە کە پێمانوابێت ئێمە، زیاتر لە کەسانی دیکە هیدایەت دراوین و دەبێ بە زۆر، خەڵکی دیکەش بخەینە سەر رێگەی راست".
یاسین تەها توێژەر و رووناکبیر، میوانی قۆڵی چوارەمی بەرنامەکە بوو و رایگەیاند، بیرکردنەوەی تووندوتیژی لەنێو ئاییندا نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر ولە هەموو ئاینەکەندا بیرکردنەوەی تووندوتیژ بوونی هەبووەو هەیە.
یاسین تەها گوتی" مەرج نییە کەسێک زۆر ئایندۆست، یاخود کەسێکی دیندار بێت نەرمو نیان بێت و لەناو ئەوانیشدا کەسانی تووندئاژۆ هەن".
یاسین تەها گلەیی لە هەڵوێستی وەزیری ئەوقاف گرت و گوتی" وەزارەتی ئەوقاف ناتوانێت لێپرسینەوە لە مامۆستایەکی ئاینی لە سنووری سلێمانی بکات، یاخەد ئەگەر وەزیر پارتی نەبێت بەهەمان شێوە دەسەڵاتی بەسەر مامۆستایەکی ئاینی لە سنووری هەولێر و دهۆک نییە ئەگەر بیەوێ لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات" گوتیشی"تاوەکو ئیستا کوردستان مەرجەعییەتێکی ئایینی نییە و ئەگەر هەبوایە ئەوا ئەو جۆرە کارەسات و بیرکردنەوانە زۆر کەمدەبوونەوە".
یاسین تەها بە پێویستی زانی توێژینەوەیەکی هێمن و سەردەمیانە بۆ ئاراستەکردنی ئایینی بکرێت.
عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی روونیکردەوە، مەرج نییە ئەو کاراکتەرە ئاینییانەی کەسێک بە ناوی ئاینی دەکوژن یان هەڕەشەی لیدەکەن یاخود هەر رەفتارێکی تووند وتیژ بکات بۆ مەرامی ئاینی بێت، لەوانەیە بۆ مەرامێکی سیاسی یان دەستکەوتێکی دونیایی بێت و لەو رێگەیەوە هەوڵبدات کۆمەڵگە بەرەو تووندوتیژی ببات.
عەدنان عوسمانگوتی" دوای کوشتنی خواناس بەشێکی زۆر لە کەسایەتی ئاینییەکان کوشتنی خواناسیان ئیدانە کرد و لەگەڵی نەبوون،بەتایبەت ئەو مامۆستا ئاینیانەی کە تۆمەتباردەکران بە تووندڕەوەیی دوای کوشتنی خواناس تووندوتیژیان رەتکردەوە".
عەدنان عوسمانگوتیشی" دەبێت بیرکردنەوەی تەکفیرکردن و کوشتنی خەڵک بەناوی ئاینەوە بنەبڕبکرێت و نابێت ئاین ببێتە هۆی کوشتن و خوێن رشتن بەوهۆیەوە وازی لێبهێنین، چونکە ئایین بەشێکە لە کۆمەڵگەی ئێمە".
لای خۆیەوە کەمال رەئووف روونیکردەوە، هەموو بیرکردنەوەیەک رەتکردنەوەی دژەکەی تێدایە. گوتیشی"لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6 هەزار و 500 مزگەوت هەن، لە کۆی زیاتر لە 3 هەزار گوتاربێژی هەینی تەنیا 2 هەزاریان لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە دانراون و ئەوانی دیکە لە رێگەی حیزب و خێرخوازی و کەسایەتییەوە دانراون، ئەمەش کارێکی باش نییە، چونکە لە هەرێمی کوردستان هەفتانە نزیکەی 700 هەزار کەس دەچنە مزگەوت بۆ گوێگرتن لە گوتاری هەینی، بۆیە پێویستە وەزارەتی ئەوقاف گوتاری هەینی رێکبخاتەوە".
کەمال رەئووف گوتیشی" لەوانەیە وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی ئاینییەوە هەژموونی خۆیان بهێنە کوردستان و تووندئاژۆیی ئایینی بڵاوبکەنەوە، بۆیە دەبێت وەزارەتی ئەوقاف زۆر هۆشیارتر بێت.
کەمال رەئووف روونیکردەوە، پێشتر پیاوانی ئاینی هانی نیشتمانپەروەرییان دەدا و زۆربەی شۆڕشگێر و خەباتکارانی کورد پیاوانی ئایینی بوون و پیویستە پاریزگاری لەو کولتوورە بکرێت.