چوار قۆڵی - پەیوەندییەکانی حیزب و حکومەت لە هەرێمی کوردستان
پەیوەندییەکانی حیزب و حکومەت لە هەرێمی کوردستان
رەنگە گۆرانییەکەی حەسەن زیرەکتان بیستبێ کە دەڵێ "شەربەتی دەستی ئەسمەر بێ.. ژەهری ئەژدیهای حەوسەر بێ... ئەیخۆمەوە قەستی سەر بێ" ... بەڵام ئەو ئەژدیهایەی من بەتەمام باسی بکەم جیاوازە لەوەی حەسەن زیرەک.... ئەمە ناوی لیڤایەسنە کە رێک پەیوەندی بە بابەتی حوکمڕانییەوە هەیە و پێدەچێ هێشتا لێرە لە کوردستان نەبینرابێت....
فەیلەسووفێکی ئینگلیز هەیە بەناوی تۆماس هۆبس کە لە ساڵی ١٦٥١، روونکردنەوەیەکی فراوانی سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت و حوکمداریی نووسی. پوختەیەکی بۆچوونەکەی ئەمە بوو کە لە حاڵەتێکی سروشتیدا مرۆڤ تەنیا بە دوای بەرژەوەندی خۆی ئەکەوێ، بەردەوام لەبەر خاتری سەروەت و سامان، لەبەر بێ متمانەیی و بەهۆی پیشاندانی شان و شکۆی خۆی، لەگەڵ کەسانیترا ململانێ ئەکات. جا بۆ ئەوەی کار لەکار نەترازێ و نەبێتە هەرکە بۆخۆی، پێویستە خەڵک ئیدارەی خۆی بداتە دەست ئەژدیهایەکی حەوسەر کە هەمان دەوڵەت و حوکمەتە. ئیتر ئەمەش بووە نەریتێکی گرنگ لە شێوازەکانی حوکمڕانیی لە دنیای هاوچەرخ کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە...
هۆبس ئەمەی وەک گرێبەستێکی دوولایەنە پیشاندا و پێی وانەبوو کە ئەبێ حکومەت هەر بۆخۆی حیساب بێ و گوێ لەداواکانی خەڵک نەگرێت... بەڵکو دەبێ لەبەرانبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی وەک دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری، بە رەزای خەڵک مافی بەڕێوەبردن وەربگرێت، ئەمە دەستپێکی قسەکانی زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆلێنەوەی رووداو بوو لە بەرنامەکەدا.
رۆژهەڵاتی ئاماژەی بەوەکرد، لەدنیا هەمیشە باسی چۆنییەتی حوکمڕانیی، بابەتێکی گەرموگوڕە. رەزامەندی خەڵک، دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریی بنەڕەتیی لە تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی حوکمڕانی باشن، بەگوێرەی پێنوێنە نێودەوڵەتییەکانی حوکمڕانیی لە جیهان، بانکی نێودەوڵەتی و چەند رێکخراوێکی دیکە، هەموو ساڵێک، لانیکەم لەسەر ٥ بنەمای حوکمداری بڵاوی ئەکەنەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری حوکمداریدا، لە کۆی ١٠٠ نمرە، ٣١.٦یان هێناوە. واتا لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٦٣میان هەیە. ئەمە نمرەیەکی باش نییە و هەقە لێی بکۆڵدرێتەوە.
زریان رۆژهەڵاتی گوتیشی"بەو پێیەی کە رۆڵی حیزب لە کاروباری حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ئاستێکی بەرزدایە، حیزب دەتوانێت دەستوباڵی حکومەت ببەستێتەوەو رێگا نەدات حوکمدارییەکەی خۆی بکات".
قۆڵی چوارەمی بەرنامەکە بە میوانداری بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، لەبارەی چۆنیەتی کارکردن و سیاسەتی حیزبە کوردستانییەکان و رۆڵیان لە کاروباری حکومەتدا گوتی"حیزبەکانی کوردستان جەماوەرین، بەڵام کەمتر ئەکادیمین، زۆرکەس لەبەر خۆشەویستی سەرکردەیەک دەبنە ئەندامی حیزبێک، یاخود لە رقی سەرکردەیەک دەبنە ئەندامی حیزبێکی دیکە، حیزبەکان بەشێوەیەک دەست لە کاروباری حکومەت وەردەدەن زۆر جار لێکیان جیاناکەیتەوە کامیان حکومەتن و کامیان حیزبن، واتە تێکەڵەیەکی زۆر هەیە لە کاروباری حیزب و حکومەت".
بڵێسە جەبار فەرمان گلەییە لە ئەدای حیزبەکان کرد و گوتی" زۆربەی کات وابووە، حیزب لە مەڵبەند و لق و ئۆرگانەکانییەوە لیستی دامەزراندن ئامادە دەکات و خەڵک دادەمەزرێنن بۆ حکومەت، ئەمەش کارێکی خراپە و بۆیە نابێت دامەزراندن لە حکومەت لە رێگەی مەڵبەند و ئۆرگانەکانی حیزبەکانەوە بێت، ئەمە کاری حکومەتە و پێویستە خۆی بیکات و رێگە بە حیزبەکان نەدات".
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گوتیشی" هەندێجار راگەیێندراوەکانی حکومەت لە ئۆرگانەکانی حیزب دەنووسرێن و بە ناوی حکومەتەوە بڵاودەکرێنەوە".
بڵێسە جەبار فەرمان ئاماژەی بەوەکرد، کە پێویستە حیزبەکانی پێکهێنەری حکومەت یەکهەڵوێست بن، بۆئەوەی هاوکاری حکومەت بکەن کارەکانی بە باشی ئەنجام بدات، کەچی لێرە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی کە پێهکێنەری سەرەکی حکومەتەن ئەوەندە خراپە و یەکدی بە خیانەت تۆمەتبار دەکەن، بۆیە گرنگە ئەوان چاو لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بکەن".
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، لە بەشێکی شرۆڤەکانیدا لەبارەی دامەزراوەیی حیزبەکان گوتی "لە وڵاتانی پێشکەوتوو حیزب دامەزراوەیە و بە یاسا کاردەکات و دەستوەردان لە کاروباری حکومەتدا ناکات، چونکە یاسا رێگەی پێنادات،راستە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ململانێ و رکابەری زۆر لە نێو حیزبەکاندا هەیە، بەڵام لەپێناو خزمەتی گشتی و حیزبەکان دەکرێت، نەک بۆ مەبەستی دیکە".
زریان رۆژهەڵاتی روونیکردەوە، دەبێت کۆتایی بە دەستوەردانی حیزب لە نێو حکومەتدا بێت، تەنانەت لە پێکهێنانی حکومەتیشدا ئەوەندە دەستوەردان دەکەن بووەتە هۆی تۆمارکردنی ریکۆردێکی نوێ لە پێکهێنانی حکومەت لە دوای هەڵبژاردن، بۆ نموونە، لە دوای ساڵی 2005ەوە لە عێراق دامەزراندنی حکومەتی نوێ لە دوای هەڵبژاردن لە دوای رۆژ 212 پێکدەهێندرێن، کە حاڵی هەرێمی کوردستانیش کەمتر نییە لەوەی عێراق".
عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی، لەو بارەیەوە گوتی" حیزبەکان دوای راپەڕین لە رێگەی هێزی چەکدارەوە پێگەی خۆیان بەهێزکرد، بەشێوەیەک وای لێهات هێزی نیشتمانی بوونی نەبوو ونەما و ئێستا کۆی گشتی هێزی چەکدار لە کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حیزبە و حیزبەکان گرنگی بە دەنگی جەماوەر نادەن، بەڵکو گرنگی بە هێزی چەکداری خۆیان دەدەن، ئەمەش هۆکاری بەهێزی دەسەڵاتی حیزبەکانە".
سەبارەت بە دەستوەردانەکانی حیزب لە حکومەت، عەدنان عوسمان گوتی" حیزب دەست لە کاروباری هەموو جومگەکانی وڵات وەردەدات، وایلێهاتووە ئەگەر کەسێک حیزبی نەبێت هیچ پۆستێکی لە حکومەت پێنادرێت، بۆیە دەتوانم بڵێم لە کوردستان حیزب دێوێکی گەورەیە و هەموو شتێکی قووتداوە".
کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان لە میانەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە رۆڵی حیزب ئەوەندە مەزنە لە کوردستان هیچ یاسا و پرەنسیپێک پێیناگاتەوە و گوتی"لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش حیزب لە حکومەت دەوڵەمەنتر و چەکدارترە و بە دەسەڵاتترە".
کەمال رەئووف روونیکردەوە، کێشە گەورەکە ئەوەیە حیزب خۆی بە خاوەنی ناوچەیەک بزانێت، وەک ئەوەی ئیستا هەیە و گوتیشی" ئێستا حیزبەکان ئەوەندەی خەریکی کاری بزنسن خەریکی کاری حیزبایەتی خۆیان نین، واتە ئێستا حیزب و بزنس تێکەڵبوون و جیاناکرێنەوە".
کەمال رەئووف گوتیشی" ئاساییە حیزبی بنەماڵە لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام نابێت دەسەڵاتی بنەماڵە هەبێت کە هەشە و زۆرینەشە، بۆیە حیزبی دامەزراوەییمان نییە و هۆکاری هەموو کێشە و خراپی ئەدای حکومەتیش، تەنیا ویست و چاوچنۆکی حیزبەکانن و ئەم دۆخە خراپەی کە ئێستا هەیە بە چاکسازیش پینە ناکرێت".