بەربانگ 26

بەربانگ 26

شاری سانت پترسبۆرگ، دووەم گەورەترین شاری رووسیایە، کەپێشتر پێی دەگوترا لینینگراد، دواتر ناوەکەی گۆڕا، لەو شارە ژمارەیەکی زۆر کورد هەن، کە بەشی زۆریان موسڵمانن، کوردانی موسڵمان لەو شارەدا لە مانگی رەمەزاندا دوو خێزان و سێ خێزان پێکەوە کۆدەبنەوەو بەربانگ پێکەوە دەکەنەوە، هەر شەوەی لە ماڵیک دەبن، چونکە لەو شارە موسڵمانان 19 کاژێر بەڕۆژوو دەبن.

زۆربەی وڵاتان رۆژێکیان هەیە بۆ سەربەخۆیی، کاتێک ئەو رۆژە دێت، بە شێوازی جیاواز لە شارەکان یادی سەربەخۆیی دەکرێتەوە، لە هۆڵەندا فێستیڤاڵێک کراوەتەوە بۆ سەربەخۆیی و ئازاد بوونیان لە دەستی نازییەکان، کە لە ماوەی دەستەڵاتی نازییەکان لە ئەڵمانیا هۆڵەنداش یەکێک بووە لەو وڵاتانەی داگیرکراوە.

دەستپێشخەری لەناوبردنی برسێتی یەکێکە لەو هەڵمەتانەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دەستپێکراوە، بۆ ئەوەی لە رەمەزاندا یارمەتی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بدەن، ئەو هەڵمەتە لەلایەن کۆمەڵەیەکی ئەو شارە دەستپێکراوەو دەیانەوێ یارمەتی هەموو ئەو ماڵانە بدەن، کە لە سووریا هەژار و کەمدەرامەتن.