كوردێك لە سوێد فڕۆكە و ئەكادیمیای فڕۆكەوانیی هەیە
لە ئاسمانی شاری ڤێسترۆس، ئالان بابان لە فڕۆكەیەكی خۆیدا كە قوتابییەكی لێیدەخوڕێ و ئەو فێری دەكات، قسەم بۆ دەكات. ئەو باسی خەونی كردنەوەی ئەكادیمیایەك بۆ فڕین لە كوردستان دەكات. دەشڵێت باندەكان یان جادەكانی هەستان و نیشتنەوەی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر یەكێك لە گەورەترین باندەكانی جیهانن. ئەو گەنجە كوردە لە سوێد ئەكادیمیایەكی گەورەی لە شوێنی فڕۆكەخانەیەك كردووەتەوە كە جاران فڕۆكەخانەی سەربازی بووە و ئێستا لە سەرتاسەری جیهانەوە قوتابی دێن و لەسەر دەستی ئەو و هاوكارەكانی فێری فڕۆكەوانی دەبن.
تەمەنی زۆر بچووك بووە كە كوردستانی بەجێهێشتووە و هاتووەتە سوێد، بەڵام بەلایەوە گرنگ بووە هەمیشە قسەكردن بە كوردیی لەبیربێت. ئەو كوڕی ماڵباتێكە كە نەوەی بابانەكانی سلێمانین و زۆر شانازی بە مێژوو و رابردووی خۆیانەوە دەكەن. شەوقی بابانی باوكی دەڵێت مام و پوورەكانی كاپتن ئالان لە بەغدا گەورە بوون، بەڵام نەنكی هەمیشە بەبیری هێناونەتەوە كە نابێ كاتێك دەگەڕێنەوە ماڵەوە، جگە لە كوردی بە هیچ زمانێكی دیكە قسە بكەن. ئالان برازای شەكیب بابانە كە لە ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوودا پاڵەوانی بۆكسێن بووە لە عێراق و بە زۆر وڵاتدا گەڕاوە، بەڵام دواتر حكومەتی عێراق كوشتوویانە. ئەو خۆیشی پاڵەوانی تای بۆكسینگ بووە لە سوێد، بەڵام هەمیشە قورئانێكی لەلایە كە هی مامی بووە و لەكاتی بەشداری لە پاڵەوانێتییەكاندا پێی بووە و خوێندوویەتی. كاتێك باسی مامیم بۆ دەكات، چاوەكانی ئالان پڕدەبن لە فرمێسك.
خەون ببینە
باوكی ئالان رۆڵی گەورەی لە سەركەوتنەكانی ئەو كاپتنە فڕۆكەوانە كوردەدا بینیوە. ئالان دەڵێت بە منداڵی پۆستەرێكی لە ژوورەكەی هەڵواسیوە و تێیدا نووسراوە (خەون ببینە). بەپێكەنینەوە دەیگێڕێتەوە كە رۆژێك باوكی هاتووە و پێیگوتووە: "كوڕم، ئەگەر دەتەوێ خەونەكەت وەدیبێت، دەبێ هەستیت لە خەو!". ئەم قسەیە كاریگەریی گەورەی لەسەر ئایندەی ئالان داناوە و خەونەكەی وەدیهێناوە كە بریتی بووە لە خەونی فڕین. باوكی دەڵێت ئالان بە منداڵی هەمیشە سەیری ئاسمانی دەكرد و زۆریش حەزی لە كۆكردنەوەی زانیاری بوو لەسەر فڕۆكە. بەجۆرێك كە لە تەمەنێكی زۆر كەمەوە جۆری فڕۆكەكان و ژمارەی ماتۆڕەكانیانی دەناسی و دەزانی.
پێیناكرێ
باوكی ئالان دەڵێت كاتێك لەنێو دۆستە كوردەكانی سوێددا باسی ئەوەی كردووە كە كوڕەكەی حەزی لە فڕۆكەوانییە، زۆربەیان پێیانگوتووە: "ئەوەی لێرە بۆ ناكرێ و باشترە فێری كاسبییەكی بكەی. بۆ نموونە دووكانێكی بۆ دابنێ". بەڵام باوكی گوێ ناداتە ئەو قسانە و پشتیوانیی كوڕەكەی دەكات و دەیبات بۆ شوێنی مەشقكردن بۆ فڕۆكەوانی. ئەو دەڵێت: "خەونی خۆشم ئەوە بوو كە رۆژێك لە رۆژان ببمە فڕۆكەوان، بەڵام لەبەرئەوەی كورد بووم، لە عێراق نەیانهێشت ئەو خەونەم بێتەدی، بۆیە زۆر حەزمدەكرد كوڕەكەم ئەوە بكات كە حەزی لێیە و دەمزانی سەركەوتوو دەبێت".
شێركۆی مامۆستا
مامێكی ئالان بەناوی شێركۆ بابان ساڵانێكی زۆرە لە بواری فڕۆكەوانیدا كار دەكات، بەڵام فڕۆكەوان نییە و شێفی كابینە، واتە بەرپرسی خزمەتگوزارانی نێو فڕۆكەیە. ئەو شارەزایی زۆری هەیە و زۆر وڵاتی جیهان گەڕاوە و یاریزانی بۆكسێنیشە. لەگەڵ هەردووكیان دەچمە سەنتەرێكی مەشقی بۆكسێن. شێركۆ بۆم دەگێڕێتەوە كە چۆن كاتێك ئالان منداڵ بووە، لەگەڵ خۆی هێناویەتی بۆ مەشق. بەپێكەنینەوە دەڵێت: "ئەوكات دەستكێشەكانی مەشق هێندەی خۆی دەبوون". هەمان ئەو ئالانە ساڵانی دوایی دەبێتە پاڵەوانی تای بۆكسینگ لە سوێد.
كەركووك و زاخۆ لە ئاسمانەوە
لەكاتی مەشقەكاندا لە ئەكادیمیاكەی، كاپتن ئالان دوو گەنجی كوردم پێدەناسێنێ. یەكێكیان خەڵكی كەركووكە و یەكێكیشیان خەڵكی زاخۆیە. ئەوان بە ئینگلیزی و سوێدی و جارجارەش بە كوردی پێكەوە قسەدەكەن و لەنێو فڕۆكەیەكی مەشقدا مەشق دەكەن. هەردووكیان رەتیدەكەنەوە تەنیا لەبەر كوردبوون هاتبنە ئەكادیمیاكەی كاپتن ئالان، بەڵكو وەك خۆیان دەڵێن لەبەر كواڵیتی و نێوبانگی ئەكادیمیاكە هاتوون. قوتابییەكی خەڵكی ئایسلەنداش هەمان قسەم بۆ دەكات و دەڵێت: "پرۆفێشناڵی و جدیبوونی ئالان وایكرد كە بێمە ئێرە".
خەریكی گیرفان بە
ساڵانی رابردوو ئالانی فڕۆكەوان لەگەڵ باوكی بە عەشقێكی زۆرەوە دەچێتەوە كوردستان. ئەو دەیەوێ ئەوەی فێری بووە بباتەوە وڵاتی خۆی و ئەكادیمیایەك بكاتەوە. باوكی دەڵێت: "ئەوەی لەوێ بینیمان و پێمانگوترا، ئالانی زۆر نیگەران كرد". وەك ئەو باسی دەكات، لە كوردستان پێیانگوتووە: "چ كارێكت بەو شتانە داوە، خەریكی گیرفانی خۆت بە!". ئالان دەڵێ لە قسەی ئەو خەڵكە تێدەگات كە ئەوكات ئەو قسەیەیان كردووە و نائومێد نەبووە و خەونەكەی لە كوردستان هەر وەدیدەهێنێ: "ئەوكات پارە زۆر بوو، خەڵك لە قسەكانم تێنەدەگەیشتن، ئێستا كە پارە كەم بووە و ئەو ساڵانە تێپەڕیون، هەستدەكەم ئەمجارە تێدەگەن و پلانەكەمان دەكەینە راستی".
+ زانیاریی زۆرتر لەسەر ژیانی ئالان بابان ئەمشەو (چوارشەممە) كاژێر 22:00 لە بەرنامەی بیگ ستۆریی تەلەڤیزیۆنی رووداودا ببینە.