شوانێكی كورد دەبێتە دیزاینەر و بازرگانی ئەڵماس

شوانێكی كورد دەبێتە دیزاینەر و بازرگانی ئەڵماس

رووداو - پاریس

لە ڤێللاكەیدا لە دەرەوەی پاریس، جۆرەها درەختی چاندووە و هەمیشە خۆی دەچێت خزمەتیان دەكات. زۆر سەرقاڵە، بەڵام ئەڤینێكی سەیری بۆ خزمەتكردنی دار و درەخت هەیە. كەچی هەر خۆیشی كارگەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی مۆبیلیاتی نێوماڵی هەیە و هەندێك لەو دارانەی لە ئیشەكەیدا بەكاریدەهێنێت، تەمەنیان لە سەرووی سەت ساڵە.

 خەبات كلچ لە ماڵەكەی خۆیدا بۆم دەگێڕێتەوە كە چۆن لە شاخەكانی كوردستان شوان بووە و لە فەرەنساش لەدەستپێكدا كاری پاككردنەوەی كردووە، بەڵام ئێستا دیزاینی نوێترین مۆدێلەكانی كورسی و قەنەفەی گرانبەها دەكات و لە كارگەكەیدا بەرهەمیاندەهێنێت. شتێكی سەرنجڕاكێشیش لەسەر كوردستان و ئەڵماس دەڵێت.

بە ئۆتۆمبێلەكەی بەنێو شەقامەكانی پاریسدا دەگەڕێین. هەندێك لەو شوێنە های كلاسانەم پیشاندەدات كە كورسی و مۆبیڵەكانیان لە دیزاینی ئەون و لەویان كڕیوە. شانازییان پێوەدەكات، بەڵام هەستدەكەی هەمیشە مێشكی بە شتی نوێترەوە سەرقاڵە و ئەوانە وەكو رابردوو باس دەكات. لە هەمان ئەو دیمەنانەدا كە هەردووكمان لەسەر شەقامەكان و كافێ و شوێنەكانی دیكەدا دەیانبینین، ئەو بە جۆرێكی دیكە دەیانبینێ. كەوانەی سەر دەرگای ماڵێك، هێڵی كێشراوی سەر دیواری كافێیەك، هەڵبژاردنی رەنگی جلوبەرگی خانمێكی شۆخ كە بەتەنیشتماندا تێدەپەڕێ، لای ئەو مانای جیاوازی هەیە لەوەی من بە چاوێكی ناهونەری تەماشایان دەكەم.

شوانی مەڕان

خەبات كوڕی باپیری بووە. وەك خۆی دەڵێت باوكی خەریكی كاری سیاسی و كوردایەتی بووە، بۆیە بەمنداڵی زۆرتر لای باپیری ماوەتەوە. ئەو باپیرەی فێری شوانێتیی كردووە و لە منداڵیشەوە شتی سەیری پیشانداوە: "ئەو پزیشك نەبوو، بەڵام نەخۆشی چاكدەكردنەوە. لەبیرمە جارێك ژنێك هاتە لای، گرێیەك لە مەمكیدا دروست ببوو. باپیرم بە كەرەستە كوردەوارییەكانی خۆی، گرێیەكەی بۆ دەرهێنا و ژنەكە دوای ماوەیەك چاكبووەوە. من لەو نەشتەرگەرییەدا لەگەڵ باپیرم بووم و بینیم چۆن زیرەكانە ئیشەكەی كرد". ئەو دەڵێت باپیری كە ناردوویەتی بۆ شوانی، پێیگوتووە: ئەو پەزە خزمەتی ئێمە دەكەن، بۆیە دەبێ ئێمەش خزمەتیان بكەینەوە و بیانبەینە دەشتودەر. خەبات دەڵێت كار و وەفاداری لە باپیرییەوە و لە ناوچەی بەیتولشەبابی باكووری كوردستان فێر بووە.

پاككەرەوە و قسەكەی دایكی

كاتێك بە ماڵباتەوە دێنە پاریس، ژینگەیەكی زۆر جیاواز لە بەیتولشەباب بۆ خەبات و خوشك و براكانی دروستدەبێت. چیدیكەش ئەو ماڵە خواپێداوە نین كە لە كوردستان هەبوون. باوكیشی دوای ماوەیەك دۆخی تەندروستیی باش نابێت و ناچار خەبات و ئەوانیدیكە لە ماڵەوە كاردەكەن. ئەو بەشانازییەوە دەڵێت: "ئێستا گەیشتبمە هەر شتێك، ئەوەم لەبیرناچێت كە تەنانەت توالێتیشم پاككردوونەتەوە بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیم. ئیشكردن قەت عەیب نییە و سەربڵندییە". ئەو و دایكی ماوەیەك پێكەوە كاردەكەن. خەبات زۆر كاریگەرە بە بیركردنەوەی دایكی و هەر قسەیەكی ئەویش ژیانی گۆڕیوە: "دایكم خوێندەوارییەكی وای نییە، بەڵام زانایەكە بۆ خۆی. ژنێكی سەربڵند و ئازایە و هەمیشە دەزانێت باسی چی دەكات. رۆژێك لەسەر كار، كابرایەكی رەش بەڕەقی قسەی لەگەڵ كردین. دایكم زۆر دڵتەنگ بوو، پێیگوتم: كوڕم تۆش دەبێ رۆژێك ئاوا بچیتە پێش مێزێك و ببیتە بەڕێوەبەر".

كات كەمە

خەبات ئەو قسانەم لەپشت مێزی كارەكەیەوە بۆ دەكات. ئەو كارەی تێیدا خاوەن و بەڕێوەبەری كارگەیەكی بەرهەمهێنانی كورسی و قەنەفەی گرانبەهایە. وێنەی دایكی و باپیری و ئەندامانی دیكەی ماڵباتەكەی لەسەر سەری هەڵواسیوە و زوو زوو سكرتێرەكەی كاخەزی بۆ دەهێنێت و سەیریان دەكات. ئەو چیدیكە ئەو خەباتە نەماوە كە كابرا رەشەكە خۆی لەو و دایكی تووڕە كردبوو. بەڵام نهێنیی ئەو سەركەوتنە چی بوو؟ "تەنیا سەختكۆشی و ماندووبوونی زۆر و بڕوابوون بە سەركەوتن"، ئەمە قسەی خەباتە. ئەو ئێستاش هەموو بەیانییەك كاژێر پێنج لەسەر كارەكەیەتی و تا درەنگ هەر خەریكی كاركردنە. بەشۆخییەوە پێیدەڵێم: مادام وا زوو هەستیت، كاتت زۆرە بۆ هەموو شتێك! پێدەكەنێ و دەڵێت: نا، زۆر رۆژ كات كەمە و بەشم ناكات!

 بازاڕی نوێ

دیزاین و بەرهەمەكانی خەبات لە فەرەنسا و مۆناكۆ و ئیتاڵیا و توركیا و زۆر وڵاتی ئەفریقا دەفرۆشرێن. ئەو حەز دەكات بێتە كوردستانیش. چونكە دەڵێت ئەوە قەرزە و دەیەوێ بیداتەوە بە كوردستان. وەك خۆی دەڵێت ئەوكاتە دڵی ئاودەخواتەوە كە ئەو بەرهەمانەی ببینێ لێیان بنووسرێ (مەید ئین كوردستان- واتە لە كوردستان دروستكراوە). پێیدەڵێم: "تۆ بازاڕێكی گەورەی دنیات هەیە بۆ بەرهەمەكانت، كوردستان بازاڕێكی بچووك نییە بۆ تۆ؟" ئەو كە بازرگانیی ئەڵماسیشە، تەماشام دەكات و دەڵێت: "ئەڵماسیش بچووكە، بەڵام گرانبەهایە!".