ئاپۆ مێردینی، ملیۆنەری کورد لە پاریس
لە یەختێكی گەشتیاریداین و لەنێو رووبارەوە سەیری كۆشكە مێژوویی و مەزنەكانی نێو پاریس دەكەین. بەدەنگێكی ئومێدەوارانە و دڵنیاوە دەڵێت: "دەمەوێ كوردی فەرەنسا لە یەك شوێن كۆبكەمەوە. ئەوكات دەتوانین خۆمان خۆمان بەڕێوەببەین و قسەمان بڕوات".. ئەو كەسەی ئەو قسانە دەكات، سەرەتای ساڵانی هەشتا، بە دڵێكی شكاو و گیرفانێكی بەتاڵەوە گوندەكەی خۆیانی لە دەوروبەری مێردین بەجێهێشتووە و هاتووەتە پاریس. ئاپۆ ماردینی یەكەمین كورد بووە كە لە فەرەنسا بووەتە ملیۆنێر، بەڵام وەك ئەو بۆ (رووداو) باسی دەكات، چیرۆكی گەورەبوونی پڕە لە زەحمەتكێشان و دەركردن لە كار و هەڵبەز و دابەز.
ئاپۆ زوو زوو نموونە بە قسەكانی باوكی دەهێنێتەوە كە بەلای ئەوەوە پڕن لە حیكمەت. باوكێكی نەخوێندەوار كە لە سەربازی فێری خوێندنەوە و نووسین بووە. باوكێك كە زۆر حەزی لە دەنگی پڕ لە حوزنی دەنگبێژ (خەراپێتێ خاچۆ) بووە و كوژرانەكەشی حوزنێكی قووڵی لەدڵی ئاپۆدا دروستكردووە: "باوكم پیاوێكی زەحمەتكێش و مەزن بوو. لەسەرەتای نەوەتەكان شەهیدیان كرد و یەكێكە لەو كەسانەی بكوژیان نادیارە. دایكیشم بەماوەیەكی كەم لەدوای ئەو، لەداخان مرد".
دیوی ناوەوەی ئەو ئاپۆیەی جلی ماركەی گرانبەهای لەبەرە و لە یەكێك لە جوانترین شارەكانی جیهان ژیانێكی ملیۆنێرانە بەسەردەبات، پڕە لە چیرۆكی خەمگین. سەرەتای هەشتاكان لەسەر كتێبێكی كوردی لە توركیا دەیخەنە زیندان. پاش دەرچوونیشی بەهۆی كاری سیاسییەوە لەژێر گوشاردا دەبێ و ناچار لە كوردستان دەردەچێ. ئەو دەڵێ ئەو رۆژەی گەیشتووەتە پاریس، جگە لەو پانتۆڵ و كراسەی لەبەری بووە، كراسێكی زیادەشی پێبووە :"ئەمە هەموو سەرمایەی من بوو و قەتیش بەخەیاڵمدا نەدەهات رۆژێك لە رۆژان لە پاریس دەوڵەمەند ببم".
نیو مووچە
ئاپۆ زۆر شانازی بەوەوە دەكات كە قەت پارەی سۆسیالی وەرنەگرتووە و هەمیشە كاریكردووە. ئەو دەڵێ یەكەمجار كە دەستی بە ئیش كردووە، بووەتە حەمباڵ لەلای بەرگدرووێكی كورد :"خاوەنكارەكەم پێیگوتم نیوەی مووچەی كارمەندێكی ئاساییت دەدەمێ، چونكە تۆ لە كار نازانیت، منیش بەپێكەنینەوە گوتم: من حەمباڵیت بۆ دەكەم، ئەوە كارزانیی بۆ چییە؟ بەڵام باشە قبوڵمە". سەختكۆشی و ماندوونەناسیی ئاپۆ وادەكات خاوەنكارەكەی زۆر متمانەی پێبكات و وەك خۆی باسیدەكات جارێك جانتایەكی پڕ لە كەرەستەی گرانبەهای بداتە دەست.
800 لەفە
ئاپۆ دەڵێت گرنگ نییە مرۆڤ چ كارێك دەكات، گرنگ ئەوەیە هەرچی دەیكات لە هەموو كەس باشتر بیكات. ئەو نموونەیەك دەهێنێتەوە: "ماوەیەك لە رێستورانتێك كارمدەكرد كە خاوەنەكەی یۆنانی بوو. لەبیرمە رۆژێكی پشوو بەتەنیا 800 لەفەم فرۆشت. خاوەنكارەكەم سەری سووڕما و دەیگوت تۆ كەسێكی ئاسایی نیت". پێكەوە لەگەڵ ئاپۆ دەچینەوە ئەو كۆڵانەی رێستورانتەكەی لێیە. ئاپۆ وەك رۆژانی گەنجیی ساڵانی هەشتا قۆڵی لێهەڵدەماڵێ و دەچێتە شوێنی لەفەدروستكردن و بە دەستوبردی كۆمەڵێك لەفە دروستدەكات بۆ كڕیاران. ئەو بەشانازییەوە دەڵێت: "بەوە نییە ژیانی خۆشم بینیوە، ئێستاش دەتوانم لەم دووكانەوە رۆژانە 800 لەفە دروستبكەم و بیفرۆشم".
دەركردن لە كار
ئاپۆ لە رێستورانتەكەدا هەواڵی كەسێك دەپرسێ و پێیاندەڵێ زۆر سڵاوی لێبكەن. لێیدەپرسم ئەو كەسە خاوەنی رێستورانتەكەیە؟ پێدەكەنێ و دەڵێ: "نا، ئەوە ئەو كەسەیە كە لەسەر ئەو منیان لێرە دەركرد. ئەگەر ئەو نەبووایە و من دەرنەكرابام، رەنگە ئێستاش هەر لێرە خەریكی لەفەفرۆشتن بوومایە". چیرۆكی دەركردنەكەی ئاپۆ بەوە دەستپێدەكات كە لەسەر كار لەنێوان ئەو و برازای خاوەنكارەكەی ناكۆكی دروستدەبن. خاوەنكار بانگی ئاپۆ دەكات و دەڵێت :"یان تۆ یان برازاكەم، دەبێ یەكێكتان بڕۆن و دەرتانبكەم". ئاپۆ لە قسەكە تێدەگات و دەڕوات. ئەو دەڵێ ئێستاش كە خاوەنكارەكەم دەبینم، لەدوورەوە هاواردەكات: "وەرە شەیتان قاوەیەكمان لەگەڵ بخۆوە، منیش بەپێكەنینەوە وەڵامیدەدەمەوە: ئەو شەیتانە لای خۆت بوو و قەدرت نەزانی". ئاپۆ دەڵێ ئەو دەركردنەی لە كار دەرگای دەرفەتی نوێ و گەورەتر بیركردنەوەی بۆ كردووەتەوە.
لە دەستپێكەوە بەرەو ملیۆنێری
هەشت ساڵ دوای هاتنی بۆ پاریس، ئاپۆ خۆی دەبێتە خاوەنكاری خۆی و بە یەك كرێكارەوە دەست بە نۆژەنكردنەوەی چێشتخانەی ماڵان دەكات. ناویش لە كۆمپانیاكەی دەنێت (دەستپێك). چەند ساڵێك دواتر كارەكەی هێندە پەرەدەستێنێ كە چەند سەت كرێكاری دەبن و هەر ماڵان نا، بەڵكو نەخۆشخانە و باڵەخانە گەورەكان و وێستگەكانی میترۆش نۆژەندەكاتەوە.
ئەو دەڵێ لەسەرەتای نەوەتەكاندا، سەرمایەی كۆمپانیاكەی گەیشتووەتە نزیكەی 200 ملیۆن فرانكی فەرەنسی. لەو رۆژانەوە تاوەكو ئەمڕۆش هەموو میترۆكانی نێو شاری پاریس لەلایەن كۆمپانیاكەی ئاپۆوە نۆژەندەكرێنەوە. جگە لەوەی كارگەیەكی گەورەی دروستكردنی كورسی و قەنەفە و مێزیش دادەنێ و وەك هاوڕێكانی باسیدەكەن، گەورەترین كارگەی لەجۆری خۆی بووە لە پاریس: "ئەو ساڵانە دەیانگوت تۆ گەورەترین ملیۆنێری كوردی لە فەرەنسا. وایاندەگوت، ئیتر نازانم. ناویشم ئاپۆی ماردینی بوو و خۆش بوو"..
بكە و مەیڵێ
بەدرێژایی ئەو ساڵانە قەت ئاپۆ لە هیچ میدیایەكی فەرەنسی و كوردیدا دەرنەكەوتووە. خۆی دەڵێت دەوڵەمەندی هونەر نییە و مرۆڤی چ نەدیتكە خۆی بە سەرمایەكەی هەڵدەكێشێ. هاوڕێكانی ئاپۆ باسی ئەوەمان بۆدەكەن كە لەو ساڵانەدا ئاپۆ بەبەردەوامی هەوڵیداوە كرێكاری كورد بدۆزێتەوە و پارەی كۆمپانیاكەی بۆ ماڵباتە كوردەكانی فەرەنسا بچێت. ئاپۆ پشتڕاستیدەكاتەوە و دەڵێ ئێستاش هەر وادەكات. ئەو لە ساڵانی نەوەت و دوو هەزار و دواتریش بەبەردەوامی سپۆنسەریی ماددیی ژمارەیەك قوتابیی كوردی كردووە كە لە زانكۆكانی فەرەنسا خوێندوویانە، بەڵام ئێستا ئەو هاوكارییانەی راگرتووە: "سەیرمكرد دەچن شتی بێكەڵك بۆ ئایندەی كوردستان دەخوێنن و هیچ قازانجێكی وایان نییە بۆ خەڵكی خۆیام. بۆیە بڕیارمداوە بەمزووانە دەست بە هاوكاریی ئەو كەسانە بكەم كە تەنیا لە بواری ئەندازیاری یان پزیشكیدا دەخوێنن".
پارەكەی پەكەكە
یەكێك لە هاوڕێكانی ئاپۆ كە پارێزەرێكی ناسراوە لە پاریس دەڵێ ئاپۆ هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی بەبێ جیاوازی كردووە. هەرچەندە دۆستی كاك مەسعودە، بەڵام هەركاتێك مام جەلال یان هەركەسێكی دیكە هاتبێتە پاریس لەگەڵیان بووە و خزمەتی كردوون. ئاپۆ دەڵێ: "بەخۆشی و بە رەزامەندیی خۆم هاوكاریی هەموو لایەنەكانم كردووە، بەڵام ئەگەر هەوڵیاندابێت بەزۆر پارەم لێبستێنن، هەركەسێك بووبێت و هەرچەندە بەهێزیش بووبن، نەیانتوانیوە سەنتێكم لێ بستێنن". بەرپرسێكی پێشووی باڵای پەكەكە بۆی گێڕاینەوە كە كاتی خۆی زۆر هەوڵیان لەگەڵ ئاپۆ داوە پارەیان بۆ بنێرێ و وەك دەوڵەمەندەكانی دیكەی كورد لە ئەوروپا گوشاریان لەسەر دروستكردووە، بەڵام هیچی نەناردووە. ناچار ئەو بەرپرسە خۆی چووەتە لای و لەجیاتی گوشار بە داواكاری داوای پارەی لێكردووە، ئەویش رازی بووە بە دوو مەرج پارەیان بداتێ: "یەكەم، بە توركی قسەنەكەن و دووەمیش، قسە بە بارزانی نەڵێن".
بۆنی عەفرین لە پاریس
لە شەقامێكی قەرەباڵغی پاریس رێستورانتێكی ئیتاڵیایی لێیە. ئەوانەی لەوێ كاردەكەن بە شێف و كرێكارەوە ئیتاڵیایین، بەڵام خاوەنەكەی ژنێكی عەفرینیی چوست و چەلەنگە، كە هاوژینی ئاپۆ ماردینییە. ئەو رێستورانتەكەی وەك دیاریی جەژنی لەدایكبوونی لە ئاپۆ وەرگرتووە. زەیتوونەكانی نێو رێستورانتەكە و ئەو زاراوەیەی خاوەنەكەی پێی دەئاخڤێت، واتلێدەكەن عەفرینت بیربكەوێتەوە. ئاپۆ سەرەتا لە بەڕێوەبردنی رێستورانەكەدا هاوكاریی نەسرین خانی هاوژینی كردووە، بەڵام دەڵێ ئێستا ئامادەیە بۆ بەڕێوەبەری. ئەوەی فێری هاوژینەكەشی كردووە ئەوەیە كە بزنس هەڵبەزین و دابەزینە: "جار هەبووە سەری مانگ پارەم نەبووە مووچەی كارمەندەكانم بدەم، بەڵام لەپڕ لە شوێنێكەوە پارەیەك هاتووە كە هەر لە خەیاڵیشمدا نەبووە. بۆیە بەردەوام بە نەسرین دەڵێم: پارە تا نەچێت، نایەت".