شکۆمە‌ندی

شکۆمە‌ندی
شکۆمە‌ندی 
لەنێو‌ شە‌ڕ و مە‌ترسی تیرۆرەوە، چیرۆکی ئە‌فسە‌رێکی پێشمە‌رگە دەنگ دەداتەوە
لە‌نێو شە‌ڕی سە‌خت و مە‌ترسییە‌کانی تیرۆرەوە، چیرۆکی ئە‌فسە‌رێکی پێشمە‌رگە بەناوی رێبین رۆژبە‌یانی، بە "شکۆمە‌ندی"یە‌وە‌ دە‌درە‌وشێتە‌وە‌. بە‌ڵگە‌فیلمێکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداو، ژیان و خە‌باتی ئە‌م ئە‌فسە‌رە دە‌خاتە‌ڕوو، کە‌ تێکە‌ڵە‌یە‌ک لە‌ تێکۆشانی سە‌ربازی، قوربانیدان و خولیای بە‌دە‌ستھێنانی زانستە‌ لە‌پێناو خزمە‌تکردنی گە‌ل و نیشتمانە‌کە‌یدا.
"شکۆمە‌ندی دوا پلە‌ی سە‌ربازییە‌"
رێبین رۆژبە‌یانی، ئە‌فسە‌ر لە‌ وە‌زارە‌تی پێشمە‌رگە، بە‌ دە‌نگێکی پڕ لە‌ ھە‌ستە‌وە‌ باسی ئە‌و ساڵانە‌ی ژیانی دە‌کات کە‌ تێیدا لە‌نێو شە‌ڕ و ناخۆشیدا ژیاوە‌. "من تە‌واوی ژیانی سە‌ربازیم ھە‌ر لە‌نێو شە‌ڕ و ناخۆشی و تیرۆر‌ بووم‌." لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌شدا، بۆ ئە‌وە‌ی خێزانە‌کە‌ی دڵنیا بکاتە‌وە‌، ھە‌میشە‌ دە‌یگوت "جێگەمان زۆر باشە‌." ئە‌م قسانە‌ قوربانیدانی سە‌ربازێک نیشاندە‌دە‌ن کە‌ ئازارە‌کانی خۆی بۆ دڵنە‌وایی خێزانە‌کە‌ی دە‌شارێتە‌وە‌.
شە‌ڕی داعش، بە‌ بۆچوونی رێبین، یە‌کێک بووە‌ لە‌ قورسترین شە‌ڕە‌کان، چونکە‌ "داعش دە‌ھات بۆ ئە‌وە‌ی بمرێت" لە‌و شە‌ڕە‌دا، ھاوڕێی زۆری شە‌ھید و بریندار بوون. "شە‌ھیدبوون لە‌ ناخی سە‌ربازدا دوا پلە‌ی سە‌ربازی و شکۆمە‌ندییە‌." ئە‌م وتە‌یە‌ قووڵایی مانای قوربانیدان لە‌ فە‌رھە‌نگی پێشمە‌رگایە‌تیدا دە‌ردە‌خات.
پێشمە‌رگە: لە‌ ناوێکی نێوخۆییە‌وە‌ بۆ ھێزێکی جیھانی
ناوی "پێشمە‌رگە‌" مێژوویە‌کی دێرینی ھە‌یە‌ و، بۆ یە‌کە‌مجار لە‌ ساڵی 1946 لە‌ کاتی دامە‌زراندنی کۆماری کوردستاندا پێشنیاز و پە‌سە‌ند کرا. پێشمەرگە بە مانای "مە‌رگی خۆیان پێش دە‌خە‌ن" سیمبولی قوربانیدانی ئە‌و شە‌ڕکە‌رانە‌یە‌ کە‌ بۆ ئازادیی گە‌لە‌کە‌یان تێدە‌کۆشن.
لەگەڵ ‌سە‌رھە‌ڵدانی رێکخراوی داعش و تاوانە‌کانیان، پێشمە‌رگە‌ بووە‌ ناوێکی جیھانی. رۆڵە‌ سە‌رە‌کییە‌کە‌ی لە‌ شکاندنی ئە‌و رێکخراوە‌ تووندئاژۆیە‌دا وایکرد ھێزە‌کانی ھاوپە‌یمانان بە‌ بە‌ردە‌وامی داوای بە‌دامە‌زراوە‌یی کردنی پێشمەرگە‌ بکە‌ن. جۆیل رەیبێرن، نوێنە‌ری تایبە‌تی وە‌زارە‌تی دە‌رە‌وە‌ی ئە‌مریکا بۆ سووریا، لە‌ بە‌ردە‌م کۆنگرێسی وڵاتە‌کە‌یدا رایگە‌یاند "پێشمە‌رگە‌ لە‌ عێراق رۆڵێکی زۆر کاریگە‌ر و بێوێنە‌یان گێڕاوە‌ لە‌ هەڵمەتی لە‌نێوبردنی داعش، کورد ھێزی سە‌رە‌کی و کاریگە‌ری لە‌ناوبردنی داعش بوون." ئە‌م دانپێدانە‌ جیھانییە‌، "شکۆمە‌ندی" پێشمە‌رگە‌ی گە‌یاندە‌ ئاستێکی باڵا.
رە‌گ و ریشە‌ی پێشمە‌رگایە‌تی
رێبین رۆژبە‌یانی لە‌ ساڵی 1987 لە‌ پارێزگای ھە‌ولێر لە‌دایکبووە‌. چیرۆکی پێشمە‌رگایە‌تی لە‌ خێزانە‌کە‌یدا مێژوویە‌کی دێرینی ھە‌یە‌؛ برا، خاڵ، باوک و باپیری، ھە‌موویان پێشمە‌رگە‌ بوون. "دوو خاڵم شە‌ھیدن‌، باپیرم شە‌ھیدە‌." رێبین دە‌ڵێت "لە‌ منداڵییە‌وە‌ گوێی لە‌ چیرۆکی قارە‌مانێتی ئە‌وان بووە‌ و ئە‌و شتە‌ لە‌ ناخمدا پە‌رە‌ی سە‌ند." باپیرە‌ گە‌ورە‌ی رێبین، شە‌ھید یونس سۆرخان، لە‌ شە‌ستە‌کاندا پە‌یوە‌ندی بە‌ شۆڕشی ئە‌یلولە‌وە‌ کردووە‌ و، لە‌ ساڵی 1974 شە‌ھید بووە‌، داستانێکی قارە‌مانانە‌ی لە‌ دە‌شتی ھە‌ولێر تۆمارکردووە‌. ئە‌م میراتە‌ خێزانییە‌، رۆڵێکی سە‌رە‌کی لە‌ دروستکردنی کە‌سایە‌تی سە‌ربازیی رێبیندا بینیوە‌.
دوای راپە‌ڕینی بە‌ھاری 1991، یە‌کە‌م فێرگە‌ سە‌ربازییە‌کان لە‌ کوردستان دامە‌زران، وە‌کو فێرگە‌ی قە‌ڵاچواڵان و ئە‌کادیمیای سە‌ربازیی زاخۆ. لە‌ 6ی کانوونی دووە‌می 2007، رێبین پە‌یوە‌ندی بە‌ کۆلێژی سە‌ربازی زاخۆوە‌ کرد و، دواتر پلە‌ی مولازمی دووە‌می لە‌ ریزە‌کانی سوپای عێراق وە‌رگرت. ویستێکیش ھە‌بوو لە‌ ھە‌رێمی کوردستان کە‌ بە بە‌شداریکردن لە‌ سوپای نوێی عێراق، ژمارە‌ی کورد زیاد بکرێت، بۆیە‌ وە‌ک خۆی دە‌ڵێت، بۆ زیادکردنی رێژە‌ی کورد لە‌ سوپای عێراقدا چووە‌تە‌ نێو ئەو سوپایە و، لە‌ ساڵی 2008 تاوە‌کو کۆتایی 2012 لە‌وێ خزمە‌تیکردووە‌.
لە‌ 10ی ئابی 2014، یە‌کە‌م شە‌ڕی راستە‌قینە‌ی رێبین بە‌رامبە‌ر داعش، شە‌ڕی ئازادکردنە‌وە‌ی گوێڕ بوو. شە‌ڕی تیرۆر پڕ بوو لە‌ مە‌ترسی و سە‌ختی. بۆمبە‌ چێندراوە‌کان یە‌کێک بوون لە‌ گە‌ورە‌ترین بە‌ربە‌ستە‌کان لە‌ بە‌ردە‌م پێشڕە‌وییە‌کانی پێشمە‌رگە‌. "داعش زۆر بۆمبی چێندراویان بە‌کاردە‌ھێنا، کاریگە‌رییە‌کی زۆری ھە‌بوو لە‌سە‌ر پێشمە‌رگە‌." بە‌پێی ئاماری دە‌زگای تە‌ندروستی پێشمە‌رگە‌، لە‌ شە‌ڕی دژ بە‌ داعشدا، ھە‌زار و 654 پێشمە‌رگە‌ شە‌ھید بوون و، 9 ھە‌زار و 707 پێشمە‌رگە‌ش بریندار بوون، لە‌گە‌ڵ 62 پێشمە‌رگە‌ی بێسە‌روشوێن.
خوێندن و پە‌رە‌پێدانی توانا سە‌ربازییە‌کان: لە‌ ئە‌مریکاوە‌ بۆ بە‌ریتانیا
لە‌دوای تێکشکاندنی داعش، پێشمە‌رگە‌ بووە‌ مانشێتی میدیا جیھانییە‌کان. حکومە‌تە‌کانی بە‌ریتانیا و ئە‌مریکا ھە‌لی خوێندنیان بۆ ئە‌فسە‌رانی پێشمە‌رگە‌ رە‌خساند. رێبین رۆژبە‌یانی، یە‌کە‌م کوردە‌ کە‌ چووە‌تە‌ خولی "Maneuver Captain's Career Course" لە‌ ئە‌مریکا. سە‌بارە‌ت بە‌ ھۆکاری وە‌رگیرانی لە‌و خولە‌دا، رێبین دە‌ڵێت "یە‌کێک لە‌و ھۆکارانە‌ی کە‌ من بە‌شدارییم کرد لە‌ ئە‌مریکا ئە‌وە‌ بوو کە‌ حە‌زیان دە‌کرد بزانن من بە‌ مە‌یدانی لە‌ شە‌ڕی داعش بووم، بزانن شە‌ڕی داعش چۆنە‌.“
دوای تە‌واوکردنی خولی ئە‌مریکا و گە‌ڕانە‌وە‌ی بۆ کوردستان، رێبین راپۆرتێکی 12 خاڵی پێشکێش بە‌ وە‌زارە‌تی پێشمە‌رگە‌ کردووە‌ سە‌بارە‌ت بە‌و زانست و زانیارییانە‌ی کە‌ بە‌دە‌ستی ھێنابوون. پاش دوو ساڵ، رێبین بۆ خولێکی دیکە‌ی ئە‌فسە‌رانی ئە‌رکان چووە‌ بە‌ریتانیا. لە‌ 4ی تە‌ممووزی 2023، رێبین یوونس و ژمارە‌یە‌ک ئە‌فسە‌ری دیکە‌ی کوردستان دەچنە بە‌ریتانیا بۆ کۆلێژی سە‌ربازی بە‌ مە‌بە‌ستی بە‌رزکردنە‌وە‌ی پلە‌ی سە‌ربازی. لە‌ 20ی تە‌ممووزی 2023، ئاھە‌نگی دە‌رچوونی خولە‌کە‌ بە‌ڕێوە‌چوو. رێبین یونس، ماستە‌رنامە‌کە‌ی لە‌ زانکۆی ئە‌رکانی بە‌ریتانیا لە‌ ژێر ناونیشانی "ئاستە‌نگە‌کانی بە‌ردە‌م بە‌رە‌نگاربوونە‌وە‌ی تیرۆر" پێشکێشکرد.
بە‌ڵگە‌فیلمی شکۆمە‌ندی بەرهەمی بەشی بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە‌ دە‌رھێنانی زانا نە‌وزاد و بە‌رھە‌مھێنانی حە‌کیم شە‌ریف و رووبار خالیدە‌. بەڵگەفیلمەکە چیرۆکی قارە‌مانێتی و خزمە‌تکردن بە‌ نیشتمان بە‌ شێوە‌یە‌کی پرۆفیشناڵانە‌ دە‌خاتە‌ڕوو، وە‌کو ھێمایە‌ک بۆ ئە‌و پێشمە‌رگە‌ قارە‌مانانە‌ی کە‌ ژیانیان تە‌رخانکردووە‌ بۆ بە‌رگری لە‌ خاک و گە‌لە‌کە‌یان. رۆژی سێشەممە 7ی ئۆکتۆبەری 2025، بەڵگەفیلمەکە بڵاوکرایەوە.