بەخشینی ژیان؛ کاتێک جەستەی مرۆڤ دەبێتە مۆمێک بۆ رووناککردنەوەی ژیانی کەسانی دیکە
لە هەرێمی کوردستان، ململانێیەک لەنێوان ژیان و مردندا هەیە کە تێیدا "بەخشینی ئەندامەکانی جەستە" وەک دوا هیوای مرۆڤەکان دەردەکەوێت، لە کاتێکدا هەزاران نەخۆش چاوەڕێی دەستێکی میهرەبانن بۆ ئەوەی لە ئامێرە پزیشکییەکان رزگاریان بێت، بەڵگەفیلمی بەخشینی ژیان پەردە لەسەر چیرۆکە پڕ لە ئازار و ئومێدەکانی ئەم بوارە لادەدات و تیشک دەخاتە سەر گرنگیی یاسایی، ئایینی و مرۆیی ئەم هەنگاوە.
سەرەتایەکی پڕ لە خەم و خولیا
چیرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشان لە کوردستان، لە ساڵی 2013وە بە فەرمی دەستیپێکردووە، بەڵام رەگەکەی بۆ ئازارێکی کۆنی فەرهاد قادر، سەرۆکی رێکخراوەکە دەگەڕێتەوە، ئەو کە تەمەنێکی لەگەڵ نەخۆشانی تالاسیمیا بەڕێکردووە، خوشکێکی لە تەمەنی 10 ساڵیدا تەنیا بەهۆی دەستنەکەوتنی خوێن لەدەستداوە، ئەم تراژیدیایە بووە هەوێنی ئەوەی فەرهاد قادر بڕیار بدات نەک تەنیا خۆی ببێتە بەخشەر، بەڵکو دەزگایەک دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی چیتر مرۆڤەکان بەهۆی کەمیی ئەندام و خوێنەوە گیان لەدەست نەدەن.
ئایین و یاسا: پارێزەری ژیان، دژی بازرگانی
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بەڵگەفیلمەکە، جیاکردنەوەی بەخشینە لە بازرگانیکردن، مامۆستا عەتا محەممەد، وەک زانایەکی ئایینی ئاماژە بە ئایەتێکی قورئان دەکات کە دەڵێت "هەرکەسێک ببێتە هۆی ژیانەوەی کەسێک، وەک ئەوە وایە ژیانی بە هەموو مرۆڤایەتی بەخشیبێت،" ئایین رێگەی داوە بە بەخشین بەو مەرجەی بێڕێزی بە جەستە نەکرێت و ژیانی بەخشەرەکە نەخاتە مەترسییەوە.
لەڕووی یاساییشەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2018دا یاسای ژمارە 6ی پەسەند کردووە، ئاریان رەشید، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان روونیدەکاتەوە کە سزا بۆ بازرگانانی جەستە زۆر تووندە و دەگاتە زیندانی تاهەتایی، یاساکە جەخت دەکاتەوە کە هەر کڕین و فرۆشتنێک بە ئەندامەکانی جەستە لە دەرەوەی چوارچێوەی مرۆیی، تاوانە و سزای قورسی لەسەرە.
پەیام حەسەن؛ خەونێک کە بە ناتەواوی مایەوە
پەیام حەسەن، کچێکی تەمەن 27 ساڵی شارۆچکەی کەلار، سیمبولی ئازارەکانی ئەم بەڵگەفیلمەیە، ئەو کە بەدەست نەخۆشیی زگماکیی دڵ و سییەکانەوە دەیناڵاند، 10 ساڵی تەمەنی بە ئامێری ئۆکسجینەوە بەسەر برد، باوکی پەیام بە خەمێکی قووڵەوە دەڵێت "باوکانی دیکە تەلەفۆن بۆ کچەکانیان دەکڕن، بەڵام من دەمەوێت دڵ و سییەک بۆ کچەکەم پەیدا بکەم".
پەیام لە غەریبیدا و لە وڵاتی هیندستان، کاتێک چاوەڕێی چاندنی ئەندام بوو، 75تابلۆی کێشا و هەمیشە هیوای دەخواست ببێتە پزیشک بۆ ئەوەی خەڵک رزگار بکات، بەڵام بەداخەوە پەیام پێش ئەوەی بگاتە خەونەکەی و پێش ئەوەی سەنتەرێکی پێشکەوتوو لە کوردستان هەبێت بۆ چارەسەرەکەی، کۆچی دواییکرد.
ئاستەنگەکان و پێویستیی بە سەنتەری تایبەت
پسپۆڕانی پزیشکی، وەک دکتۆر بنار سەردار و دکتۆر شاخەوان محەممەد، جەخت دەکەنەوە کە چاندنی گورچیلە ژیانێکی نوێ دەبەخشێتە نەخۆش و زۆر باشترە لە شۆردنەوەکە تەنیا کات بەڕێکردنە.
بەپێی ئامارەکانی فەرهاد قادر، تەنیا لە سلێمانی مانگانە نزیکەی هەزار شۆردنەوەی گورچیلە دەکرێت کە تێچوویەکی زۆری لەسەر حکومەت هەیە (نزیکەی 300 هەزار دۆلار لە مانگێکدا بۆ هەرێمی کوردستان)، دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چاندنی ئەندامەکان نەک تەنیا بارگرانیی دارایی لەسەر حکومەت و هاووڵاتیان کەمدەکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت لە مانگێکدا دەیان کەس لە مردن رزگار بکات، بەتایبەت ئەو کەسانەی تووشی مردنی مێشک دەبن و دەکرێت ئەندامەکانیان ببەخشرێت.
چیرۆکی بەرهەم؛ وەفای برا بۆ برا
بەرهەم محەممەد، وەرگرێکی گورچیلەیە کە دوای نائومێدبوون لە بەخشەرە دەرەکییەکان و پاشەکشەی ئەو کەسانەی بڕیار بوو گورچیلەی بدەنێ، براکەی دێتە پێشەوە و بێبەرامبەر گورچیلەیەکی پێ دەبەخشێت. بەرهەم دەڵێت "ئەم ژیانەی ئێستا دەژیم، بە قەرزاری ئازایەتی براکەم دەزانم".
کۆتایی: بانگەوازێک بۆ مرۆڤایەتی
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8 هەزار کەس لە کوردستان فۆڕمی جەستەبەخشییان وەرگرتووە و 1230 کەس بە فەرمی بوونەتە ئەندام، پەیامی کۆتایی بەڵگەفیلمەکە و رێکخراوەکە روونە "بەخشینی ئەندام، بەردەوامبوونی ژیانە".
فەرهاد قادر داوا لە هاووڵاتیان دەکات دوودڵ نەبن لە بەخشین و دەڵێت: "پێت خۆش بێت کە ترپەی دڵی ئازیزێکت لە دڵی کەسێکی دیکەدا ببینییەوە، ئەو کات هەست دەکەیت هێشتا لە ژیاندا ماوە".
وێنەگرتن و دەرهێنان: حەیدەر عومەر
مۆنتاژ و دەنگ: سارۆیان بەیان
بەرهەمی ساڵی 2025