چیرۆکی خولەپیزە لە یاخیبوونەوە بۆ رۆبن هوودی کورد و مەرگێکی تراژیدی
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەفتا ساڵ بەسەر رووداوەکاندا، بەڵگەفیلمێکی نوێ وردەکاریی ژیان و بەسەرهاتی مەحموود محەممەد، ناسراو بە خولەپیزە و هاوڕێکانی دەخاتەڕوو، کە لە چلەکانی سەدەی رابردوودا دژی حکومەتی پاشایەتیی عێراق چەکیان هەڵگرت، شایەتحاڵەکان دەڵێن، خولەپیزە نەک چەتە نەبووە، بەڵکو وەکو پارێزەری خەڵکی هەژار دەرکەوتووە، بەڵام دواجار بە گولـلەی تفەنگی هاوڕێکانی خۆی بە هەڵە گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی بەڵگەفیلمی خولەپیزە کە ساڵی 2025 بەرهەمهاتووە، چیرۆکی ئەم پیاوە لە گوندی چەمیاڵەی ناوچەی شارباژێڕەوە دەستپێدەکات، مەحموود محەممەد، کە بەهۆی دایکییەوە پیرۆزخان نازناوی پیزەی وەرگرتووە، لە ساڵی 1941ـەوە ناوی دەكەوێتە سەر زاران.
سەرەتای یاخیبوونی خولەپیزە بۆ رووداوێکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، کاتێک حەمەئەمین بانی شاری، فەرماندەی بنکەی پۆلیسی وڵیاوا، هەوڵی دەستگیرکردنی دەدات و سوکایەتی بە دایکی دەکات، خولەپیزە بەرگەی سوکایەتییەکە ناگرێت و لەناو ماڵەکەی خۆیدا تەقە لە ئەفسەرەکە دەکات و دەیکوژێت.
سوارە محەممەد ئەمین، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ناوچەکە لە بەڵگەفیلمەکەدا دەڵێت "دوای کوشتنی ئەو ئەفسەرە، خولەپیزە و چەند کەسێک چوونە شاخ و نزیکەی 7 بۆ 8 ساڵ لە دژی حکومەت شەڕیان کرد"، برایەکانی خولەپیزە تایەر، تالیم و رەحیم و خولەسەلکەی مامی و کەسێکی دیکە بەناوی عەول گوڵچین کە بووە دەستەڕاستی، پەیوەندییان پێوەکرد.
حکومەتی ئەو کاتەی عێراق هەوڵیداوە لە رێگەی پڕوپاگەندە و تەنانەت چاپکردنی کتێبێک بەناوی کتێبی رەش لە ساڵی 1955، خولەپیزە و تاقمەکەی وەک چەتە و رێگر نیشانبدات، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە پێچەوانەکەی دەگێڕنەوە.
بەپێی گێڕانەوەکان، خولەپیزە دەسەڵاتی بەسەر گرووپەکەیدا هەبووە و رێگەی بە تاڵانی نەداوە، بەڵکو پارەی لە دەوڵەمەندەکان وەرگرتووە و داویەتی بە هەژاران، تەنانەت رێزێکی تایبەتیان لە ژنان گرتووە. د. بەکر عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئینستیتوتی کوردستان لە مۆسکۆ ئاماژە بەوە دەکات کە "خولەپیزە رێزێکی زۆری لە ئافرەت گرتووە و لای ئەوان پیرۆز بووە، تەنانەت ئەگەر کاروانێک ژنی لەگەڵ بوایە، رێگرییان لێ نەدەکردن."
هاوکات رادیۆکانی یەکێتیی سۆڤیێتی جاران، وەک قارەمانێکی میللی و خەباتکار دژی داگیرکەری ئینگلیز و حکومەتی عێراق باسیان لە خولەپیزە کردووە.
تراژیدیای ژیانی خولەپیزە لە شێوازی مەرگەکەیدایە، لە مانگی ئایاری 1951، لە شاخی کەتوو لە شارباژێڕ، شەڕێکی سەخت لەنێوان گرووپەکەی خولەپیزە و سوپای عێراق روودەدات، لەو شەڕەدا عەول گوڵچینی دەستەڕاستی دەکوژرێت.
تەها تالیم، کوڕی تالیم پیزە (برازای خولەپیزە) وردەکارییەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "دوای کوژرانی عەول، مامم خولەپیزە زۆر نیگەران دەبێت و داوای هەڵگرتنەوەی تەرمەکەی دەکات، لەو کاتەدا بە هەڵە گولـلەیەک لە تفەنگی یەکێک لە هاوڕێکانی خۆیان دەردەچێت و بەر خولەپیزە دەکەوێت، هەر لەوێ گیان لەدەستدەدات."
دوای نەمانی خولەپیزە، حکومەت لەڕێگەی پیلان و بەکارهێنانی ساڵح کۆیی کە پێشتر دۆستی خولەپیزە بووە، توانی ئەندامانی دیکەی گرووپەکە لەناوببات، براکانی خولەپیزە بە بەڵێنی لێخۆشبوون هەڵخەڵەتێنران و دواتر لە ساڵی 1955 زۆربەیان کوژران یان لە سێدارەدران.
ئەم بەڵگەفیلمە هەوڵێکە بۆ لابردنی ئەو پەردە رەشەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەسەر مێژووی ئەم کەسایەتییەدا دایانبوو، وێنەیەک دەخاتەڕوو کە تێیدا خولەپیزە وەک سیمبولی یاخیبوون دژی ستەم دەردەکەوێت، نەک رێگر و چەتە.
پرۆدیوسەر: کاوە ئەمین
دەرهێنەر: هەرێم بورهان
مۆنتاژ: نەبەز ئەحمەد، ئاریان عوسمان
بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٥
تۆڕی میدیایی رووداو لەساڵی 2013ـەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلم کردووە و خاوەنی ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندی بەڵگەفیلمە. دەیان بەڵگەفیلم لەسەر رووداوە مێژووییەکانی کوردستان و ناوچەکە و جیهان بەرهەمهێنراون کە بەشێکیان توانیویانە خەڵاتی نێودەوڵەتی ببەنەوە.
بەشی بەرهەمهێنانی رووداو هەوڵی داوە زۆربەی رووداوە مێژووییەکان، رووداوە سرووشتییەکان، شەڕ، گۆڕانی کەشوهەوا، سرووشت و ژینگە، وەرزش، میوزیک، سینەما، شانۆ و بابەتە جۆراوجۆرەکانی دیکەی کوردستان و ناوچەکە و جیهان بکاتە بەڵگەفیلم.
هەروەها یوتیوبێکی تایبەت بەناوی رووداو ستریم کراوەتەوە و ئێستا دەتوانن تەواوی بەڵگەفیلمەکانی رووداو بە کوالێتییەکی بەرز لەو یوتیوبە ببینن و رۆژانەش ئەپدەیت دەکرێتەوە.