قاسەکەی هێلین
دهۆک: قاسەکەی هێلین
هیڤیدار ئەحمەد
لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی دهۆک، بە رێگەیەکی سەختدا سەرکەوتین. لەوێ ژیان وەکو رێگەکە، دژوارە.
خانێم بینی، ئافرەتێکی ماندوو، بە شانازییەکی شاراوەوە نانی پێژا. کاتێک پرسیارم لێکرد: "بیستووتە دەڵێن لە پارێزگای دهۆک هەژاری زۆرە؟" چاوەکانی پڕ بوون لە چیرۆکی نەگوتراو.
خانێ، بە دڵگەرمییەک کە لەناو هەژاریدا دەبینرێت، داوەتی کردین بۆ ماڵەکەی. کوڕەکەی پێشمانکەوت بچینە ناو ماڵێک کە چیرۆکی شاراوەی خۆی هەڵگرتووە.
کوڕەکەی، بە دەنگێکی نزم و گریانەوە، راستییەکی تاڵی بۆ ئاشکرا کردین: "هەژاری ناچاری کردووین... دەخیلی هێلینی کچم بە دزی بکەمەوە، بەبێ ئەوەی خۆی ئاگادار بێت، تاوەکو خۆراکی خێزان دابین بکەین."
ئەم دانپێدانانە وەک شۆکێک وابوو. چۆن هەژاری دەتوانێت وا لە باوکێک بکات، ببێت بە دزێکی بەریئی ماڵەکەی.
چەند کاژێرێک پێشتر، هێلین بەوەی زانیبوو کە دەخیلەکەی دەستی بۆ براوە. هەرچی بۆ باس بکرێت، ئەو تێناگات ئەوە چییە روویداوە.
ئەو دیمەنەی لەم ماڵەدا بینیمان گۆڕانکارییەکی قووڵە. رەنگە بۆ هێلین لەدەستدانی متمانەیەکی پیرۆز بێ.
هەژاری لە پارێزگای دهۆک تەنیا ماڵی خانێی نەگرتووەتەوە. دراوسێکانیشیان هەمان دۆخیان هەیە. هەژاری وەک دەردێک لەو ناوچەیەدا بڵاوە، خۆشگوزەرانی و مافی ژن و پیاو و تاکی ناو خێزانی بزرکردووە.
ئێستا، ئەو ماڵانە تەنیا بیر لە دوو شت دەکەنەوە: ماڵێک بۆ حەوانەوە و، پارووە نانێک بۆ ژیان.
نهێنی هەژاری لە دهۆک
زیاتر چوومە نێو کۆڵانەکانی دهۆک، رۆیشتمە گەڕەکی "بەرۆشکێ" کە هەناسەی هەژاری لێی بەرزدەبێتەوە. لێرە هەر قسەیەک، هەر چیرۆکێک لایەنێکی نوێی هەژاری دەردەخات. دەرگای هەر ماڵێک دەکەیتەوە، ئازارێکی نوێ خۆی نمایش دەکات.
لەوێ چاوم بە عەبدولکەریم کەوت، پیاوێکی 52 ساڵە، خانەنشین و باوکی خێزانێکی 9 کەسییە. چیرۆکی خۆی گێڕایەوە. کاتێک داهاتەکەی دابەش دەکەیت بەسەر ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەیدا، نەیدەزانی تەنیا هەژارن، بەڵکو بە پێی پێوەرەکان، ژیانیان لە ژێر هێڵی هەژاریدایە.
ئەحمەد وەیسی لەتەنیشت عەبدولکەریم وەستابوو، گوتی منیش هەر وەک ئەوم. کاتێک لێم پرسی چەند داهاتت هەیە، گوتی "925 هەزار دینار" ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەی 6 کەسن، پارەکە دابەشی 6 کەسمان کرد، دەرچوو بەگوێرەی پێوەری دیاریکراو بو هێڵی هەژاری، ئەحمەد وەکو عەبدولکەریم بە هەژار هەژمار ناکرێت.
چەند مەترێک لەولاتر، کۆمەڵێک پیاوم بینی دانیشتبوون، پێدەچێت هەژاری و نەداری ئەم ناوچەیەی تاپۆکردووە. پرسیارێکی سادە دەکەم، بەڵام وەڵامەکەی لای زۆربەی دانیشتوانی ئەم شوێنە روونە:
"دەڵێن هەژاری لێرە زۆرە، راستە؟"
زۆربەی پیاوەکان لە شەرمان ناتوانن راستەوخۆ باسی خراپی سفرەی ماڵەکانیان بکەن. بەڵام مەهدی خۆی پێڕانەگیرا و دانی پێدا نا.
مەهدی عەلی: زیاتر لە مانگێکە گۆشتمان نەخواردووە. کرێکارین و داهاتمان ئەوەندە نییە بتوانین بیکڕین. بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، پارێزگای دهۆک رۆڵێکی سەرەکی لە ئابووری هەرێمی کوردستاندا دەگێڕێت:
• نزیکەی 49 بۆ %51ی کۆی داهاتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت
• لە نێوان 55 بۆ %60ی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت
بەڵام بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزگای موسەنا بو هەژاری لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە و رێژەی هەژاری لەو پارێزگایە %40، لە هەرێمی کورردستانیش دهۆک یەکەمە.
• زیاتر لە 250 هەزار کەس لەم پارێزگایە لە هەژاریدا دەژین
• %14.8ی دانیشتووانی دهۆک هەژارن
• بەراورد بکەن: هەولێر %5.9 لەسەر ئاستی هەموو عێراق کەمترین هەژاری تێیدا هەیە. سلێمانی لە ریزی دووەمیدێت کە کەمترین هەژاری تێیدا هەبێت بەڕێژەی %7.9.
لە بەڕێوەبەرایەتی ئامار لە پارێزگای دهۆک، وێنەیەکی روونترمان دەستکەوت. بەرپرسی بەشی ژیاری دۆخی ژیانی خەڵک، بە ژمارە و داتا راستییەکی دیکە باسدەکات.
سەباح مەحفۆز: ئەوەی هەژاری لە پارێزگای دهۆک واقیعێکە و هەیە و دهۆک نەک تەنها لە هەژاریدا پێشەنگە، لە خەرجی تاک و رێژەی بێکاریشدا لە ریزی دواوەی هەرێمی کوردستان دانراوە.
چۆن "هەژاری" پێناسە دەکرێت؟
• 137 هەزار دینار وەک هێڵی هەژاری بۆ خەرجی تاک دانراوە
• هەر کەسێک کەمتر لەم بڕە مانگانە خەرج بکات، بە "ژیان لە ژێر هێڵی هەژاری" هەژمار دەکرێت
• بە زمانی سادەتر، بەپێی هێلی هەژاری، خەرجی رۆژانەی تاکێک تەنها 4500 دینارە
قەبارەی خێزان لە دهۆک بە رێژەی %6.1 زیاترە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی
ئاوێنەی راستەقینەی ئابووری
بۆ تێگەیشتنی قووڵتر، سەردانی ناوەند و بەهێزترین بازاڕی هەموو پارێزگای دهۆکمان کرد. سەردانەکەمان لە دوو کاتی جیاوازدا ئەنجام دا بۆ ئەوەی وێنەیەکی دروستتر دەربکەوێت.
کاژێر 10:22ی بەیانی:
• بازاڕێکی چۆڵ و بێدەنگ
• دەیان دووکانی داخراو
• تەنها چەند دووکانێکی کراوە بەبێ کڕیار
دووکاندارێک کە قاوەو چا و بەهارات و کەرەستەی دروستکردنی شرینی دەفرۆشێت دەڵێ، هێزی بازار ئێستا تەنیا %7ی ماوە و ناگاتە %10ی.
دووکانداريکی دیکە دەڵێت، نیو مەتر قوماشم فرۆشتووە کە دەکاتە چوار هەزار دینار.
دوکانداريک کە جل و بەرگی پیاوان دەفرۆشێت، دەڵێت رۆژێ کەمتر لە 500 هەزار ئیشبکەم، زەرەر دەکەین.
کاژێر 3:00 بۆ 4:00ی ئێوارە:
• چالاکیی بازاڕ جیاواز بوو لە چاو بەیانی
• دۆخەکە بەتەواوەتی دەردەکەێت کە توانا و هێزی دارایی کەمبووتەوە، بەشێوەیەک دووکاندارەکانیش خەریکە خۆیان لەنێو هێزی بازاڕدا بە هەژار دەزانن.
دووکانداری یەکەم: حەوفتا و پێنج هەزاری ئیش کردووە.
دووکانداری دووەم: شەش هەزار دیناری ئیشکردووە.
دووکاندارێکی جل و بەرگ: 200 هەزار دینار داهاتی هەبوو.
دووکانداریش هەبوو هیچ ئیشی نەکردووەو هیچی نەفرۆشتووە.
بەڵگەنامەی هەژاری
سەردانی گەڕەکی گژ و بەڕا مان کرد، شوێنێک کە تێیدا ژیانی راستەقینەی خەڵک لەو گەڕەکە دەردەکەوێت. لە مارکێتەکەی ئەیاد، وێنەیەکی روونمان بینی.
کاتێک پرسیم: "خەڵک هەژارە؟"
ئەیاد بەبێ وشە، شەش دەفتەری ئەستووری خستە بەر دەستم. لاپەڕەکانی پڕ بوون لە ناو و ژمارە، سەدان خێزان کە بۆ خۆراکی رۆژانە قەرزدارن. دەفتەرەکانی قەرز لە مارکێتی ئەیاد چیرۆکی راستەقینەی خێزانەکانی ناوچەکە دەگێڕنەوە. قەرز، بارێکی قورسە بۆ خێزانەکان، رۆژ لەدوای رۆژ قورستر دەبێت.
داننان بە غەدر
بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری لە پارێزگای دهۆک بە رێژەی نزیکەی دوو بەرامبەر لە چاو ساڵی 2018 وەکو دەستەی ئاماری عێراق و هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە، پرسیارێکی گەورەی دروستکردووە. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چووینە ئەنجوومەنی پارێزگا.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنە، پێشمەرگەیەکی کۆن کە چاوێکی لە پێناوی نیشتماندا لەدەستداوە، باشتر لە هەر کەسێک دەزانێت هەژاری چۆن هەستی پێدەکرێت. بە راشکاوی دەڵێت: "غەدرێکی گەورە لە پارێزگای دهۆک کراوە." ئەم غەدرە چییە کە سەرۆکی ئەنجوومەن باسی دەکات؟
فەهیم عەبدوڵڵا دەڵێت "لایەنی کەم دەبوو بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دهۆک خەڵک بو ئەم پارێزگایە دابمەزرانایا. مووچەی باڵاش زۆربەی هەرە زۆری لە هەولێر و سلێمانی هەن، ئەوەی لە دهۆکە زۆربەی هەرە زۆری فەرمانبەری مامناوەند و پلەی وەزیفی کەمترە".
قوربانییە بچووکەکانی هەژاری
هەژاری لە پارێزگای دهۆک هەندێک لە خێزانەکانی ناچارکردووە منداڵەکانی خۆیان بکەنە قوربانی، کاتێک کرێ و تێچووی رۆژانەی خوێندن دەبنە بار بۆ سەر خێزان، لە قوتابخانە دووریان دەخەنەوە، چارەنووسی ئەو منداڵانە لەنێو هەژاریدا بزردەبێت.
دیمەن دایکی شەش منداڵە، بۆ ئێمە چێرۆکی دەرهێنانی کچ و کوڕێکی لە قوتابخانە لەبەر نەداری لەنێو خانووێکی ماندوو کە بو ژیان سەختە، باس دەکات. دیمەن دەڵێت: داهاتی ئێمە مووچەی پیاوەکەمە کە 450 هەزار دینارە و ، 8 کەسین لە ماڵەوە. داهاتی تاکێکی ئەم خێزانە 56 هەزارە بو مانگێک. کەچی بو هێلی هەژاری 137 هەزار دینار دانراوە.
تەنیا لە ماڵی دیمەن نەوەستاین، چووینە قوتابخانەی رەوان، دەمانەوێت بزانین هەژاری قوتابیانی لە خوێندن دابڕاندووە؟ وەڵامەکە زۆر خێرابوو کە بەڵێ بوو. ئایا قوتابی پۆلی چوارەمە، بەو تەمەنە بە براکەی گوتبوو، واز لە خوێندن مەهێنە، بەڵام رەنگە هێشتا هەست بەوە نەکات کە هەژاری لە داواکەی قورسترە. لەگەڵمان دێت تاوەکو چێرۆکی براکەی بزانین کە لەدوای نیوەی ساڵ خوێندنی بەجێهێشتووە.
دوو رووی یەک پارێزگا
لە دهۆک تەنیا هەژاری نییە، وەک دەستەی ئاماری عێراق و هەرێمی کوردستان باسی دەکەن %85ی خەڵکی پارێزگای دهۆک وەک مامناوەند و خوشگۆزەران دەژین. شەقام و شوێنی خوش و باڵەخانەی بەرز، پێماندەڵێن دهۆک هەمووی هەژاری نییە نا. کارکراوەو بەردەوامە، لە بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستانم بیست بەمنیان گوت، بەردەوام دەبین. چونکە هەژاری مەترسییەکی جددییە و نرخەکەی قورسە، ئەگەر رێی لێنەگیرێت، کاریگەری لەسەر ئێستا و داهاتوو دروستدەکات، کاتێک منداڵ لە خوێندن دادەبڕن، هەژاری و نەخوێندەواری پێکەوە، نەوە بو نەوە لەگەڵ خۆیاندا دەیگوازننەوە.
پارێزگای سلێمانی
ئەوە دۆخی هەژاری بوو لە دهۆک. داتاکان باسی پارێزگای سلێمانی دەکەن، کە لەوێ هەژاری دوو قات بەرزبووەتەوە. ئیدی دەبێ رێگای ئەو پارێزگایە بگرینەبەر کە چی وایکردووە، خۆشگوزەرانترین پارێزگا لە هەرێمی کوردستان هەژاری تێیدا بەرزببێتەوە.
هەر کە چووینە نێو شاری سلێمانی، باڵەخانەی بەرزم بینی، گوتیان هەژاری لێرە وەک ئەم باڵەخانانە بەرزبووەتەوە، خەڵک لە دەست نەبوونی پەرێشان بوون.
هەر کە لەم پیاوەم پرسی گوتم، راستە دەڵێن لێرە هەژار زۆر بوون، منی رەوانەی چەندین گەڕەکی سلێمانی کرد، گوتی پڕن پڕ.
لە گەڕەکەکانی سلێمانی گەڕاین، لەبەردەرگا و کۆڵانەکانی ئەو شارە خەڵکی زۆرم بینی، لەسەر هەژاری پرسیارییان لێدەکەم، دەڵێن هەژاری ئەم جارە زیادبوونەکەی تەنگی پێ هەڵچنیوین.
ئێرە گەڕەکی وڵووبەیە. ماڵی سەنگەرم بینی، بە ئێمەی گوت لە من هەژارتر نابینن. سەرباری ئەوەی ماڵێکی هەژارن، مەردیش بوون، دڵیان گەورە بوو، خێرخوازێک گۆشتی بۆ هێنابوون، گوتیان دەبێ میوان بن.
هەندێ لەولاتر عوسمان لەگەڵ کوڕەکەی وەستابوو، پرسیاری ئێمە بۆ ئەو ناخۆش بوو، بەڵام کە داهاتەکەی لێکدەدەینەوە و دابەشی سەر تاکەکانی خێزانەکەی دەکەین، عوسمان تووشی شۆک دەبێت.
هەندێک دوورتر رۆیشتین، دەچینە پارێزگای هەڵەبجە. لەوێ دەنگی هەژاری بەرزبووەتەوە، گیرفانی خەڵک، خەڵک خۆی تەسلیمی هەژاری کردووە. زۆری نەخایاند هەڵەبجەییەکان لەوە زیاتر باسیان کرد کە پێشبینیمان بۆ دەکرد.
حەمید سەعید: لە هەڵەبجە لە هەر 10 ماڵ 6 ماڵ لە ژیانی ئەسفەلو لسافلیندا دەژین.
رەنجە محەممەد، گۆشتفرۆشە و دەڵێت، خەڵک وای لێهاتووە، مانگی جارێک گۆشت دەکڕن ئەویش بە قەرز.
حەمید محەممەد دەڵێ: توخوا عەیب نییە لە کوردستان بی، ئەو هەموو خێر و بێراتە وم هێزی مرۆیی بەڵام هەژاری رووی لە هەڵکشان بێت؟
کارتۆنە بەتاڵەکان بۆ منداڵێکی 12 ساڵی کە پشتی بۆی چەماندووەتەوە، وەکو چیایەک بۆی قورسە کە هەڵیدەگرێت، هەموو هەوڵی ئەوەیە بەرنەبنەوە. هەر لە تەنیشتی ئەو منداڵە، پیاوێکی بەتەمەن دانیشتووە، بێدەنگ دەیەوێ کلێنیکسەکانی بەردەمی بفرۆشێت، هاوار ناکات، تکا ناکات، تەنیا سەیر دەکات. تەنانەت لە داواکردنی یارمەتیش ماندوو بووە.
لە نزیک مزگەوتی گەورەی سلێمانی بووین. پیاوە بەتەمەنەکان، لە هەژاریدا قژیان سپی کردووە، بەو تەمەنەی ماوە عەرەبانەکانیان رادەکێشن، ئازاری هەژاری بە سەروسیمایانەوە دیارە. هەندێکیان بەرگە دەگرن، هەندێکیان باری هەژاری ئەوانی چەماندووە بۆ پارووی ژیان، بەرامبەر دڵڕەقی ژیان، بێهێز بوون. هەر چرچێک لەسەر دەستە رەقەکانیان چیرۆکی ململانێ و ژیانێکی سەخت دەگێڕێتەوە. هەناسەی کورت، قاچی ماندوو، بەڵام ناچارە بەردەوام بێت. ئەمە تەنیا پیاوێک نییە، وێنەی هەژارەکانە هەر رۆژ قورستر دەبێت، چەندین جار هەوڵدەدات پاڵ بە هەژارییەوە بنێت بۆ ئەوەی لێی رزگار بێت، بەڵام وەک بەردێکی گەورەی سەر رێگای ناجووڵێت، هەر رۆژ بەرزتر دەبێت.