ئایندەی گۆڕان لەنێوان گردەكە ‌و كوردساتدا

27 April 2025
ئایندەی گۆڕان لەنێوان گردەكە ‌و كوردساتدا
ئایندەی گۆڕان لەنێوان گردەكە ‌و كوردساتدا
گردەكە یان كوردسات دەبنە خاوەنی گۆڕان؟


پێشەكییەك لەبەرنامەكە ‏
كێشە نێوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بووتە هۆی ئەوەی  ئەو بزووتنەوەیە ‏ببێتە دوو بەرە (بەرەی گردەكە ‌و بەرەی كوردسات) سەرەكیترین  گرفتیش ‏ئێستا بەستنی كۆنفرانس ‌و یەكلایی بوونەوەی خاوەنێدارێتی بزووتنەوەكەیە
دوای چەند هەوڵێك بۆ بەستنی كۆنفرانس  بڕیار بوو هەردوو گۆڕانەكە لە ‏‏26-4-2025 كۆنفرانس ببستن، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی ‏یاسایی ئەندامان، كۆنفرانسەكە نەكرا دەبووە لانی كەم 1064 كەس ئامادە ‏بوونایە، بەڵام نزیكەی 450 كەس ئامادەبوون نوێنەرانی گۆڕانی گردەكە ‏تەنها 12 كەس بوون ئێستا گۆڕانی گردەكە دەڵێن كۆنفرانسەكە شكستی ‏هێنا
گۆڕانی كوردسات دەڵێن كۆنفرانسەكە هەڵگیراوە بۆ كاتێكی دیكە



بەپێی زانیارییەكانی ئەوەی لەم بەرنامەیەدا خرایەروو هەردوو باڵەكەی گۆڕان ‏جیاوازی فیكری و ئایدیۆلۆژییان نییە، كێشەكان زیاتر پەیوەستن بە ‏رێكخستن، رێبەرایەتی و یاسایی بوونی كۆنفرانسەكان ‌و خاوەندارێتی ئەو ‏سەروەتەیە كە لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بۆ بزووتنەوەكە ‏یەجێهڵدراوە.‏
لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا بزووتنەوەی گۆڕان ‏‏490,572 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2024 ی پەرلەمانی ‏كوردستاندا گۆڕان تەنها 11,636 دەنگی بەدەستهێنا، ئەمەش دابەزینێكی ‏بەرچاوی دەنگەكانی ئەو بزووتنەوەیە پیشان دەدا بەجۆرێك دابەزینەكە بە ‏رێژەی 97.6%. لەم بەرنامەیەدا هەردوو لایەنی كێشەكە (گۆڕانی گردەكە ‌و ‏گۆڕانی كوردسات) قسەی خۆیان دەكەن، هاوكات دوو كەسی بەئەزموونیش ‏كە پێشتر لە گۆڕاندا كاریان كردوە بۆچوونی خۆیان لە بارەی ئێستا‌و ‏داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان دەخەنەڕوو.‏

كاتی بەخاكسپاردنی تەرمەكەیەوە تۆڵە كردنەوە دەستی پێكرد

لە دەستپێكی قسەكانی كارزان گەردی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی ‏بزووتنەوەی گۆڕان باڵی گردەكە ئاماژەی بەوەدا بە هەستێكی بریندارەوە ‏باس لە دۆخی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات و رەخنەی توند ئاراستەی ‏بەرپرسانی ئێستای بزووتنەوەكە كرد كە نەیانتوانیوە بە رێگایەكی ئاشتیانە ‏چارەسەری كێشەكانیان بكەن ئەوە بۆچوونیشی وابوو بە "سپۆنسەری ‏ناوخۆیی و دەرەكی". كێشەكانی بزوتنەوەكەیان لە تەشەنەكردندایە.‏
كارزان جەخت لەوە دەكاتەوە كە گۆڕان بەشێكە لە پرۆژەیەكی بەرفراوانتری ‏نەوشیروان مستەفا ی دامەزرێنەری بزووتنەوەكە، ئەو ئەندامەی جڤاتی ‏نیشتمانی داخ بۆ ئەوەش دەخوازێ‌ بەشێك لە هاوڕێكانی نەوشیروان مستەفا ‏هەوڵی ناشیرینكردنی كەسایەتی ئەو دەدەن ‌و گوتی "بەداخەوە ‏تۆڵەكردنەوە لە نەوشیروان مستەفا لە كاتی بەخاكسپاردنی تەرمەكەیەوە ‏دەستی پێكردووە".‏
ئەندامەكەی جڤات نیشتمانی گۆڕان لە گردەكە رەخنەی توند لە دانا ئەحمەد ‏مەجید دەگرێت و دەڵێت "بە هیچ جۆرێك رێكخەری گۆڕان نییە‌و ‏بریكارنامەكەی سەرلەبەر ناشەرعی بووە".‏

‏"قیادەیەكی فاشیلمان هەبوو"‏
كارزان گەردی، رێكخەری پێشووی بزوتنەوەكە عومەر سەید عەلی تۆمەتبار ‏دەكات بەوەی "بازی بەسەر دەستووری گۆڕاندا هەڵداوە هەر ئەویش ‏بەرپرسە لە كەموكوڕییەكانی بزووتنەوەكە". ئەو دەشڵێت "لە جیهاندا هیچ ‏حیزبێك بە وەكالەت بەڕێوەنابرێت". كارزان جەخت لەوە دەكاتەوە لە ‏بزووتنەوەی گۆڕاندا تەنها جڤاتی نیشتمانی مەرجەعە (بڕیاردەری ‏سەرەكییە).‏
ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ "مەكۆی ‏كوردسات" كە دەیانەوێت لە دەرەوەی دەستوور سیاسەت بكەن.‏
كارزان گەردی لەو بڕوایەشدایە هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی لە هەڵبژاردنێكی ‏رابردوودا  یەكێك بوو لە شكستە ‏‏گەورەكانیان لە كۆتایی قسەكانیشی بە ‏دەنگێكی بەرز گوتی "دوای كاك نەوشیروان قیادەیەكی فاشیلمان هەبوو".‏

‏1100 كەس لە دەستەی دامەزرێنەران وازیان هێناوە
شاخەوان رەئووف بەگ، ئەندامی لیژنەی باڵای كۆنفرانسی نیشتمانی ‏بزووتنەوەی گۆڕان باڵی كوردسات وەك یەكێك لە میوانەكانی بەرنامەكە ‏ئاشكرای دەكات كە 1100 كەس لە دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڕان وازیان ‏هێناوە، بەڵام ناویان بۆ كۆنفرانس هاتۆتەوە، ناوبراو بە توندی رەتی ‏دەكاتەوە كە هیچ هاوڕێیەكیان بە زمانی زبر لەبارەی نەوشیروان مستەفا ‏‏(دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان) قسەی كردبێت. سەبارەت بە كۆنفرانسی ‏گۆڕان ئەوەی روونكردەوە كە بڕیار بوو 26- 04-2025 هەموو لایەنەكانە ‏گۆڕان لە كۆنفرانسی بەشداربن، بەڵام ئەوە بەدەی نەهاتووە هۆكارەكانیش ‏زۆر بوون یەكێك لەوانە "بەشێك لە ئەندامانی كۆنفرانس كارتی نیشتمانییان ‏نەبووە". ئەو بەرپرسەی گۆڕان – كوردسات جەخت لەوەش دەكاتەوە ‏پابەندن بە هەموو بڕیارەكانی كۆمیسیۆن، رەخنەی ئەوەش لە ‏
كۆنفرانسی 4 ئایار بزوتنەوەی گۆڕانی گردەكە دەگرێت دەڵێت "ئەو ‏كۆنفرانسە بە فەرمی پەسند نەكراوە".‏
شاخەوان رەئووف ئەوەش رووندەكاتەوە بۆ كۆنفرانسەكەی خۆیان پێشتر ‏ئەوەیان زانیوە كە نیساب (رێژەی پێویست) بۆ بەستنی كۆنفرانس تەواو ‏نابێت، بەڵام لەسەر داوای كۆمسیۆن بەدەم بەستنی كۆنفرانسەكەوە چوون.‏
لە بارەی كاتی بەستنی كۆنفرانسیش، ئاماژە بەوە دەكات چاوەڕێی ‏كۆمیسیۆنن بۆ دەستنیشانكردنی رۆژەكەی.‏
شاخەوان گەلەیی ئەوەش دەكات كە  "دەرگای گردەی زەرگەتە بەڕووی ‏هەڵسووڕاوانی گۆڕان داخراوە".‏

لە رووداو ەوە زانیم گۆڕان پڕۆژەیەكی لەو جۆرەی هەیە
ئەحمەد عەزیز، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە، ئەوە روون دەكاتەوە كە لە ساڵی 2018ەوە ‏لە بزووتنەوەی گۆڕان نەماوە، بەڵام ناوی خراوەتە لیستی كۆنفرانس.‏
هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە بڕیاربوو بزووتنەوەی گۆڕان نوێگەری بكات، ‏بەڵام بە بۆچوونی ئەو نەك ئەوە رووینەداوە، بەڵكو بزووتنەوەكە ‏پاشەكشەیەكی زۆریشی كردوە، ئەحمەد عەزیز رەخنەی ئەوەش دەگرێت كە ‏بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای دامەزراوەیی بەڕێوەنەچووە بۆ
ئەوەش باس لە نموونەیەك دەكات كە بەسەر خۆیدا هاتووە ‌و دەیگێڕێتەوە ‏لە كاتێكدا بەرپرسی ژووری ناوچە دابڕاوەكانی بزووتنەوەكە بووە، بەبێ‌ ‏ئاگاداری ئەو گۆڕان پڕۆژەیەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی ‏ئەو كاتە كردوە ئەو گووتی "لە رێگەی كەناڵی رووداوەوە زانیم گۆڕان ‏پرۆژەی هەیە لەبارەی ناوچە دابڕاوەكان".‏

‏"بزووتنەوەكە و هاوڕێكانی كردە قوربانی كوڕەكانی"‏
ئەحمەد عەزیز ئەوەش ئاشكرا دەكات، كاتی خۆی  70% ئەندامانی جڤاتی ‏نیشتمانی دژی ئەوە بوون كە گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، بەڵام هەر ‏بەشدارییان كرد بە" قسەی ئێمە نەكرا" ‏
ئەحمەد عەزیز ئەوەش دەخاتەڕوو  لە رووداوەكانی لە 16ی ئۆكتۆبەری ‏‏2017دا داوایان كردوە گۆڕان بەیاننامەیەكی ناڕەزایی دەربڕێت، بەڵام ‏ئەوەشیان بەقسە نەكردوە "پێیان گوتم خۆتان وەك ژوورەكە بەیاننامەیەك ‏دەربكەن".‏
‏ ئەو  بەرپرسەی پێشووی گۆڕان بە راشكاوی رایدەگەیەنێت كە "رێبازی ‏نەوشیروان مستەفا ئێستا بەردەوام نییە، كاك نەوشیروان بزووتنەوەكە و ‏هاوڕێكانی كردە قوربانی كوڕەكانی".‏

زۆر حیزب هاتوونەتە سەر سفر و دواتر دەستیانپێكردووەتەوە
‏ د. ئاكۆ حەمەكەریم، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە زانستە سیاسییەكان ‏میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە بوو، ئەو جەختی كردەوە لەوەی تاوەكو ‏ئێستا پەیوەندی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەیە و بەرپرسیارێتی ئەوەش ‏هەڵدەگرێت. د. ئاكۆ حەمەكەریم چەند خاڵێكی گرنگی سەبارەت بە دۆخی ‏بزووتنەوەی گۆڕان و ئایندەی ئەو بزووتنەوەیە خستووەتەروو لەو بڕوایەشدا ‏بوو گۆڕان دەتوانێ‌ دووبارە خۆی رێكبخاتەوە ‌و گوتی "زۆر حیزب هاتوونەتە ‏سەر سفر و دواتر دەستیانپێكردووەتەوە". ‏
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی جەختی كردەوە لەوەی وەك نوێنەری فەرمی ‏گۆڕان بەشداری بەرنامەكەی نەكردووە. ناوبراو رەخنەیەكی گرنگی ‏خستووەتە روو كە "گۆڕان لە سەردەمی كاك نەوشیروانەوە لە گوتاری خۆی ‏دووركەوتەوە". د.ئاكۆ ئەوەشی خستەڕوو  "كاتی خۆی گۆڕان بەڵێنی زۆری ‏بە هاونیشتمانییان دا بۆیە خەڵكی چاوەڕوانی زۆریان لێهەبوو".‏
ئەو كە سەردەمانێك لەنێو ئەو بزووتنەوەیەدا رۆڵی هەبووە، دانی بەوەدا نا ‏كە "پێمانوابوو لەنێو دەسەڵاتەوە دەتوانین گۆڕانكاریی بكەین"، ئەوەش ‏ئاماژەیە بۆ ستراتیجی بەشداریكردن لە حكومەت.‏
هۆشداری ئەوەشیدا "ئەگەر هەردوو لایەنی كێشەكە (گۆڕانی كوردسات ‌و ‏گۆڕانی گردەكە) رێككەوتن نەكەن ئەوا بزووتنەوەی گۆڕان نامێنێت".‏
لە تێكڕای لێدوانەكانی د. ئاكۆ حەمەكەریم دەردەكەوێت كە ناوبراو هەرچەند ‏رەخنەی لە ئەدای گۆڕان هەیە، بەڵام بڕوای بە ئیمكانیەتی گەڕانەوەی ‏بزووتنەوەكە هەیە، بە مەرجێك رێككەوتنی ناوخۆیی دروست بكرێت

ئەم بەرنامەیە شەوی 27-04-2025 پێشكێش كرا ‌و میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە

‏- د. ئاكۆ حەمەكەریم، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە زانستە سیاسییەكان ‏
‏- ئەحمەد عەزیز، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ‏
‏-  كارزان گەردی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان - گردەكە ‏
‏- شاخەوان رەئووف بەگ، ئەندامی لیژنەی باڵای  كۆنفرانسی  نیشتمانی ‏بزوتنەوەی گۆڕان - كوردسات ‏

‏