پڕۆژە یاسایەكی نوێ‌ بۆ زیادكردنی خانەنشینی پۆلیس ‌و ئاسایش ئامادە ‏‏دەكرێت

15 January 2023
پڕۆژە یاسایەكی نوێ‌ بۆ زیادكردنی خانەنشینی پۆلیس ‌و ئاسایش ئامادە ‏‏دەكرێت
 
 

"خەزێنەی سلێمانی رێگرە لەنەناردنی پڕۆژە یاساكە بۆ پەرلەمان"

وەزارەتی ناوخۆ، پڕۆژە یاسایەكی نوێ بۆ زیادكردنی پارەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش ئامادە دەكات، بەپێی پڕۆژە یاساكە كەمترین مووچەی خانەنشینی دەبێتە 400هەزار دینار، لەكاتێكدا ئێستا كەمترین مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ تەنها 220هەزار دینارە، هەرچەندە ماوەیەكی زۆرە پڕۆژە یاساكە ئامادەكراوە، بەڵام بۆ پەسەند كردن نەنێدراوەتە پەرلەمان، لەم بەرنامەیەدا راوێژكارێكی یاسایی وەزارەتی ناوخۆ هۆكاری نەناردنی ئەو پڕۆژە یاسایە بۆ پەرلەمان ئاشكرا دەكات و دەڵێت ‏‏"خەزێنەی سلێمانی رێگرە لە نەناردنی پڕۆژە یاساكە بۆ پەرلەمان".

پەرلەمانتارێكی یەكێتی یش كە لە بەرنامەكەدا بەشداربوو بەتوندی ئەوەی رەتكردەوە كە حیزبەكەی لێگر بێت لەوەی پڕۆژەكە بچێتە پەرلەمان، هەر لە بەرنامەكەدا ئەندامێكی مەكتەبی ساسی یەكێتی بەشداری دەكات دەڵێت ‏‏"ئەگەر یەكێتی رێگری لەوە پڕۆژەیە بكات دەستلەكاردەكێشمەوە".

 

بە38ساڵ خزمەت لە هێزەكانی ناوخۆ، ئێستا حەماڵی دەكات

ماندووبونێكی زۆر بە سیمایەوە دیاربوو، كاتێك كەوتە قسە باسی لەوە كرد بە 38ساڵ خزمەتەوە لە ناو هێزەكانی ناوخۆ مووچەی خانەنشینەیەكی ‏‏350هەزار دینارە ئەوەش بەشی ژیان و گوزەرانی ناكات ناچار پەنابردۆتە بەر كاری حەماڵی لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی، عومەر ئەحمەد لەگەڵ بەشێك هاوپیشەكانی پێشووی هاتبووە بەرنامەی لەگەڵ رەنج داواكاریشیان ئەوە بوو چاكسازی لە یاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش بكرێت ئەو دەڵێت "كەسێكی وەك من  15ساڵ لە ئاگركوژێنەوە و  ‏‏23ساڵیش لە بەشی پوچەڵكردنەوەی تەقەمەنی كارم كردوە چەندین جاریش برینداربووم، ئێستاش كە خانەنشین بووم ئەگەر حەماڵی نەكەم مووچەی خانەنشینییەكەم تەنها بەشی كرێی كارەباو ئاوو كرێی مۆلیدە دەكات".

خانەنشینێكی دیكە كە هاتبووە بەرنامەكە باسی لەوە كرد كاتێك لە ئەركدا بووە مووچەكەی یەك ملیۆن 174هەزار دینار بووە بەڵام دوای خانەنشین بوونی بە 31ساڵ خزمەتەوە مووچەكەی بووەتە 316 هەزار دینار.

خانەنشینێكی دیكە ئاماژەی بەوەدا كاتێك خزمەتی پێشمەرگایەتی بردووەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكی، بڕێكی زۆر پارەیان بۆ مووچەی خانەنشینی لێوەرگرتووە و گوتیشی "ئەوان پارەی خزمەتی پێشمەرگەیەتی لەمن وەردەگرن، لەكاتێكدا كە پێشمەرگە بووین خەڵكی بەخێر نانو ماستێكی دەدەینێ، ئێستاش مووچەی خانەنشینییەكەمان بەو جۆرە كەمە".

مژدەیەك بۆ هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش

د.سامی جەلال، كە وەك راوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ لەبەرنامەكەدا بەشداربوو مژدەی ئەوەی بە هێزەكانی ناوخۆو ئاسایش دا كە پڕۆژە یاسایەكی زۆر باشیان بۆ خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش ئامادە كردوە بەجۆرێكیش دایانڕیشتووە كەمترین مووچەی خانەنشینی ئەو هێزانە لە 400هەزار دینار كەمتر نابێت و هەر وەك رونیكردەوە بەپێی ئەو بڕۆژە یاسایەی دایانڕشتووە هەر كەسێك 15ساڵ خزمەت و 45ساڵ تەمەنی بێت، دەتوانێ خۆی خانەنشین بكات، ئەگەر 15ساڵ خزمەتی هەبوو ئەوا بە 60% مووچە و دەرماڵەكانی  بڕوانامە و مەترسی خانەنشین دەبێت، بەو جۆرە تاوەكو دەگاتە ئەوەی ئەگەر 25ساڵ خزمەتی هەبێت بە 80% مووچەكەی و دەرماڵەكانی بڕوانامەو مەترسی خانەنشین دەكرێت و دەشڵێت "بەو جۆرە مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ ئاسایش لە 400هەزار دینار كەمتر نابێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە بكرێتە یاسا بە دڵنیاییەوە 50% بۆ 70% ئەوانەی پلەیان لە موقەدەم و عەمید بەرەووسەرە خۆیان خانەنشین دەكەن".

هۆكاری كێشەكە خەزێنەی سلێمانییە

راوێژكارە یاساییەكەی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش كرد هۆكاری نەناردنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی بۆ پەرلەمان، خەزێنەی سلێمانییە گوتی "ئەوان دەڵێن پارەی پێویستمان بۆ ئەو گۆڕانكارییە نییە، لە كاتێكدا لە خەزێنەی هەولێرو دهۆك ئەو گرفتەمان نییە".

هەر بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ تاوەكوئێستا 31هەزار كەس لە هێزەكانی ناوخۆ خانەنشین بوون.

پارە پەرەپێدانی هاتووچۆ لە سلێمانی دیار نییە

بەشێك لەو كەسانەی هێزەكانی ناوخۆ كە هاتبوونە بەرنامەكە جگەلە كەمی مووچەی خانەنشینی باسیان لەوەش كرد كە لە سلێمانی كێشەی جلوبەرگ ‏‌و كۆمەڵێك پێداویستی دیكەیان هەیە كە لە شارەكانی دیكە ئەو كێشانە نییە، بۆ ئەوەش راوێژكارە یاساییەكەی وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی هەبوو، بەپێی قسەكانی ئەو هەر بەڕێوەبەرایەتییەكی هاتووچۆ بڕێك پارەی لە پەرەپێدانی هاتووچۆ بۆ دەگەڕێتەوە كە سلێمانی و دهۆك 17% و هەولێریش 25% داهاتی پەرەپێدانی هاتووچۆیان بۆ دەگەڕێتەوە ئەو دەڵێت ‏‏"لە هەولێرو دهۆك هیچ گرفتێكمان نییە پارەكە خەرج دەكرێتەوە بۆ جلو بەرگ و پێداویستییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ، بەڵام لە سلێمانی كێشەمان هەیە 28 ملیار دیناری پارە پەرەپێدانی هاتووچۆ دیار نەماوە، تەنها وەك ژمارە بوونی هەیە، كە پرسیار لە بانك دەكەین دەڵێن پارەكە بۆ مووچە خەرج كراوەتەوە".

یەكێتی دووجار پڕۆژی بۆ زیادكردنی مووچەی خانەنشینی هەبووە

باڵانبۆ محەممەد، پەرلەمانتاری یەكێتی و جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەی رەت دەكاتەوە كە یەكێتی رێگربێت لەنەناردنی پڕۆژە یاساكە بە پەرلەمان گوتی "ئێمە لە 2017 جارێك پڕۆژە یاسایەكەمان ئامادەكرد لە 10-03-2020دا دووبارە پڕۆژە یاسایەكی دیكەمان ئامادەكردوە هەر بۆ زیادكردنی مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆو ئاسایش، بەڵام هەر دووجارەكە پڕۆژەكەی ئێمە رەتكراوەتەوە، باشە ئەگەر ئێمە دژی ئەو پڕۆژە یاسایەین بۆچی دووجار پڕۆژەمان دەبێت؟ كەواتە یەكێتی نەك هەر رێگر نییە،بەڵكو داكۆكیكاری ئەو پرسەشە".

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو پارەی پەرەپێدانی هاتووچۆ كە لە سلێمانی دراوەتە مووچە پەیوەندی بەوە هەیە كە لە هەولێرەوە پارە بۆ مووچە نایەت ئەو دەشڵێت "پارتی لەگەڵ سێ وڵات دەرازەی سنووری هەیە لەگەڵ ئێران و توركیاو سووریا، بەڵام یەكێتی كە ئیدارەی سنووری سلێمانی دەكات تەنها لەگەڵ ئێران دەروازەی سنووری هەیە، لەكاتێكی وەهادا  چۆن دەبێت داهاتی  سلێمانی بە داهاتی هەولێرو دهۆك بەراوورد بكرێت".

"كەمترخەمی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوەیە"

شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی ‏‏كوردستان وەك میوانێكی دیكە بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو ناكۆكی نێوان تیمی حیزبەكان لە نێو حكومەت وەهای كردوە ناردنی پڕۆژە یاساكە بۆ پەرلەمان دوابكەوێت ئەو دەڵێت "دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران لەمبارەیەوە روونكردنەوەی پێویستە بدات".

سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەش كرد ئاوات شێخ جەنابی وەزیری دارایی لەو پرسەدا زۆر هاوكارە و گوتیشی ‏‏"وەزیری دارایی دەڵێت ئەگەر پڕۆژەكەم لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ بیچت هیچ گرفتێكم نییە".

شاخەوان رەئوف بەگ جەختلەوە دەكاتەوە دۆخی دارایی زۆربەی خانەنشینانی هێزەكانی ناوخۆ زۆر خراپە گوتی "خانەنشین هەیە تەلەفوونی بۆ كردووم بەم زستانە یەك لیتر نەوت لە ماڵیدا نییە"

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی: ئەگەر یەكێتی پشتگیری نەكرد دەستلەكاردەكێشمەوە

بورهان سەعید سۆفی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە بەتەلەفوون بەشداری بەرنامەكی كرد ئەوەی رەتكردەوە كە یەكێتی لەدژی ئەوە بێت یاسایەكی نوێ بۆ خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش دەربچێت نمونەی بەوەش هێنایەوە كە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان دوو جار پڕۆژە یاسای لەوبارەیەوە هەبووە گوتیشی "با حكومەت پڕۆژەكە بنێرێتە پەرلەمان ئەگەر پەرلەمانتارانی یەكێتی لەدژی بوون دەنگیان پێنەدا ئەو كاتە من وەك خۆم دەستلەكاردەكێشمەوە، بەڵام ناكرێت لە ئێستاوە یەكێتی تۆمەتبار بكرێت".

ئەگەر یاساكە دەرچوو خانەنشینانی پێشوو دەگرێتەوە؟

عەمید سالار عەلی، كە وەك ئەندامی دادگای هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لەبەرنامەكەدا بەشداربوو وەك ئەو باسی كرد مەترسی لەوانەی خانەنشین بوو ئەوەیە ئەگەر یاسای نوێ دەربچێت ئەوان سوودمەند نەبن بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە د.سامی جەلال ئەوەی خستەڕوو ئەگەر یاساكە پەسەندكرا ئەوەی لە دوای 2011وە خانەنشین بووە لە یاسا نوێیەكە سوودمەند دەبێت. حاڵەتێكی دیكە بۆ عەمید سالار جێگای پرسیارە ئەوەیە ئەگەر كەسێك پێش خانەنشین بوونی بەهۆی پیشەكەیەوە شەهید بێت چارەنووسی خانەنشینییەكی چی دەبێت؟ راوێژكارە یاساییەكی وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی ئەوەشی دایەوە گوتی "ئەوكاتە مووچەكەی وەك شەهید لێدێت ئیمتیازی شەهیدان دەدرێتە خێزانەكەی".

"بەغدا یاسای باشی بۆ خانەنشینی هەیە بۆ سوود لەوە وەرناگیرێت؟"

لیوا حمەسەعید محەممەد، كە وەك راوێژكاری پێشووی سەربازی لە وەزارەتی ناوخۆ ‏‏لەبەرنامەكەدا بەشداربوو ستایشی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كرد كە پشتیوانی تەواوی پڕۆژە یاسا نوییەكە دەكات گوتی ‏‏"ئەوكاتەی لە وەزارەتی ناوخۆش دەوامم دەكرد تەواوی وەزارەت كاری بۆ ئەوە دەكرد كە مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش چاكبكرێت، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو هەوڵانە تاوەكو ئێستا ئەنجامێكی باشی نەبووە".

لیوا خانەنشین كراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا پێویستە سوود لە یاسای خانەنشینی حكومەتی عێراق وەربگرێت ئەو دەڵێت "لە بەغدا یاسایەكی باش بۆ خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش  هەیە، پرسیار ئەوەیە بۆچی سوود لەوە نابینرێت؟".

ئەم بەرنامەیە شەوی 15-01-2023 بەشێوەیەكی راستەخۆ پێشكەش كراو میوانەكانیش پێكهاتبوون لە:

 

* شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی ‏‏كوردستان 

* لیوا حمەسەعید محەممەد، راوێژكاری پێشووی سەربازی لە وەزارەتی ‏‏ناوخۆ ‏‏

* باڵانبۆ محەممەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمانی ‏‏كوردستان ‏‏

* عەمید سالار عەلی، ئەندامی دادگای هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ. ‏‏

* د.سامی جەلال، راێژكاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ  

* عەقید ئیدریس مامەند پیرباڵ، بەڕێوەبەری كارگێڕی  لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی كوردستان