لەگەڵ رەنج - رەتکردنەوەی هاتنی یوسف زێدان بۆ کوردستان

06 April 2025
لەگەڵ رەنج - رەتکردنەوەی هاتنی یوسف زێدان بۆ کوردستان

لەگەڵ رەنج - رەتکردنەوەی هاتنی یوسف زێدان بۆ کوردستان
لە بەرنامەی  ئەمجارەی لەگەڵ رەنج دا لە تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک خرایە سەر بابەتێکی هەستیار کە ماوەیەکە بووەتە جێی گفتوگۆی زۆر لە ناو کۆمەڵگای رۆشنبیری کوردستاندا، بەرنامەکە تایبەت بوو بە رەتکردنەوەی هاتنی نووسەری بەناوبانگی میسری یوسف زێدان بۆ پێشانگایەکی کتێب لە هەولێر لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە.
هۆکاری رەتکردنەوەی سەردانەکەی یوسف زێدان بۆ حەوت ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کاتێک کە ئەو نووسەرە میسرییە لە هەڤپەیڤیننێکدا "قسەی نەشیاوی بە سەڵاحەدینی ئەیووبی" گوت. ئەم لێدوانە پاش بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و گەیشتە ئاستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەری لە رێگای داواکاری گشتییەوە.
لە بەرنامەکەدا چەندین رووناکبیر، نووسەر، مێژووناس و مامۆستای زانکۆ بەشدارییان کرد و هەریەکەیان بۆچوونی جیاوازیان خستەڕوو. ئەگەرچی هەموویان لەسەر پێویستی پاراستنی رێزی سەڵاحەدینی ئەیووبی کۆکبوون، بەڵام هەڵوێستیان بەرامبەر بە رێگریکردن لە هاتنی نووسەرەکە بۆ کوردستان جیاواز بوو.
بۆچوونی میوانەکان
ئەبوبەکر کاروانی: سەڵاحەدین سیمبولێکە بۆ مرۆڤایەتی
ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و سیاسەتڤان، بەتووندی بەرگری لە سەڵاحەدینی ئەیووبی کرد و رایگەیاند کە قسەکانی یوسف زێدان "دەچێتە چوارچێوەی سووکایەتی و بێڕێزی" و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە. کاروانی کە شانازی بەوە دەکات نەوەی سەڵاحەدینی ئەیووبییە، جەختی کردەوە کە "کاریگەری سەڵاحەدینی ئەیووبی کاریگەرترە لە مێژووی 600 ساڵی دەوڵەتی عوسمانی".
لە روانگەی کاروانییەوە، "سەڵاحەدینی ئەیووبی نەک بۆ کورد بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی سیمبوولێکە". هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەشێک لە سوپاکەی سەڵاحەدین ئەیووبی کوردانی ئێزیدی بوون کە ئەوە گرنگی خۆی هەیە".
سەبارەت بەو بۆچوونەی کە دەڵێت 'ئیسلامییەکان هۆکاربوون بۆ ئەوەی سکاڵا لە دژی یوسف زێدان بجوڵێنرێ'، کاروانی رەتیکردەوە و گوتی "بەو جۆرە نییە، چونکە لایەنە ئیسلامییەکان توانای کۆنترۆڵکردنی تەوژمی ئاینییان نەماوە".
ئیبراهیم مەلازادە: رێگری لە زێدان سەرەتایەکی مەترسیدارە
ئیبراهیم مەلازادە، بەڕێوەبەری ناوەندی جینۆساید و جێندەر لە زانکۆی سۆران، بۆچوونێکی تەواو جیاوازی هەبوو. ئەو رایگەیاند کە رێگریکردن لە هاتنی یوسف زێدان "سەرەتایەکی مەترسیدارە" و پێویست نەبوو رووبدات.
مەلازادە بەرگری لە یوسف زێدان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە "لە چەندین ڤیدیۆدا یوسف زێدان وەکو کوردێک بەرگری لە ئازادیی کورد کردوە، تەنانەت دەڵێت ئەم خاکە خاکی کوردە بەر لەوەی عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا دابمەزرێن". بە بڕوای ئەو، "یوسف زێدان بەشێوەیەک بەرگری دەکات کە زۆربەمان نەتوانین ئەو بەرگرییە لە کورد بکەین، دەتوانین بڵێین وەکو کوردێک بەرگری لە کورد کردوە".
مەلازادە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە لەدوای ئەم رووداوە، رەنگە چیتر یوسف زێدان بەو جۆرە داکۆکی لە کورد نەکات. هەروەها لەو باوەڕەدایە کە "دژایەتی یوسف زێدان دەستی دەرەکی لەپشت بێت" و گوتی "شیعەکان بە گشتیی رقیان لە سەڵاحەدین ئەیووبییە".
زیرەک کەمال: کورد قەرزداری یوسف زێدانە
زیرەک کەمال، نووسەر، لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە کورد "قەرزداری" یوسف زێدانە، چونکە "بەرگریی لە کۆبانێ و عەفرین کردووە" و لەسەر ئاستی جیهان گوێ لە بۆچوونەکانی بەباشی دەگیرێت.
زیرەک کەمال بەتووندی دژی رێگریکردن لە هاتنی زێدان بوو بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی "دەبوو ئەو بەڕێزە بێتە هەرێمی کوردستان، هەتاوەکو بیسەلمێنین ئێمە گەلێکین مەدەنین. ئەگەرچی سەڵاحەدینی ئەیوبی بە رەمزێکی گەورە دادەنێین و رێزی دەگرین، بەڵام لە ئازادیی بیروڕا لە قسە ناترسین، ئەگەر زمانەکەشی زبر بێت".
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کورد خۆی پێش یوسف زێدان "غەدری لە سەڵاحەدین کردووە"، چونکە وەکو پێویست سوودی لە مێژووەکەی وەرنەگرتووە. زیرەک کەمال رەخنەی گرت لەوەی کە کاتێک هەندێک کەس سووکایەتی بە هەرێمی کوردستان و خاکەکەی دەکەن، کەس سکاڵایان لەسەر تۆمار ناکات و گوتی "لەم ماوەی رابردوو کەسێک گوتی هەولێر وەک تلئەڤیڤ وایە دەبێت بگرین، کەچی کەس سکاڵا لەسەر نەکرد".
د. قادر محەممەد: زێدان ئاواتی ئەوە بوو کێشەی لەسەر دروست بێت
د. قادر محەممەد، پڕۆفیسۆری مێژووی کورد لە زانکۆی سەحەدین، لەو بڕوایەدایە کە یوسف زێدان خۆی ئاواتی ئەوە بووە کە ئەم کێشەیەی لەسەر دروست بێت. ئەو گوتی "یوسف زێدان مێژوونووس نییە و کەسێکیش نییە قووڵ بنوسێ، تەنانەت نووسینەکانی لەبارەی کوردەوە قووڵ نین و رووکەشن، بۆیە مەبەستیەتی بەم جۆرە قسانەی لەسەر بکرێت دەنگدانەوەی هەبێت".
لەگەڵ ئەوەشدا، د. قادر ئاماژەی بەوە کرد کە رۆمانەکانی یوسف زێدان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون و ئەوە کارێکی باشە. بەڵام پێی وایە "ئەگەر ئەو نووسەرە بە دڵ و گیان دۆستی کوردە، نابێت لەوە بڕەنجێ کە لەسەر قسەیەکی رەخنەی لێگیراوە".
د. قادر جەختیکردەوە کە لە هەرێمی کوردستان ئازادی رادەربڕین هەیە، بەڵام ناشکرێت مافی کەسێک یان کۆمەڵێک پێشلبکرێت بەناوی ئازادییەوە. ئەو گوتی "یوسف زێدان لە روانگەی هزرییەوە رەخنەی لە سەڵاحەدین ئەیووبی نەگرتووە تاوەکو پێمان وابێت کە ئازادی پێشلکراوە".
سەرەڕای ئەمانە، د. قادر محەممەد لەگەڵ رێگریکردن لە هاتنی یوسف زێدان نییە و گوتی "رێگریی لە یوسف زێدان کارێکی باش نەبوو، چونکە لە سەردەمی خۆشیدا رەخنە لە سەڵاحەدین ئەیووبی گیراوە و لەلای ئاسایی بووە". بە بۆچوونی ئەو، یوسف زێدان هیچی نوێی نەگوتووە و بۆچوونەکانی کۆنن.
د. هەردی مەهدی: نووسەری کورد هەیە بە سەڵاحەدین ی گوتووە تیرۆریست
د. هەردی مەهدی، توێژەری بواری مێژوو و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، بەتوندی دژی رێگریکردن لە هاتنی یوسف زێدان بوو و گوتی "بەدەست من بێت، دەچم بەدوای یوسف زێدان و لە ماڵی خۆشم میوانداریی دەکەم". لەگەڵ ئەوەشدا، د. هەردی روونیکردەوە کە "یوسف زێدان هیچ ئارگۆمێنتێکی بۆ قسەکانی نییە و تەنیا قسەیەکی ئاسایی کردوە".
د. هەردی ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکانێکی دیکە لە کوردستاندا هەن خراپتر قسەیان لەسەر سەڵاحەدینی ئەیووبی کردوە و گوتی "نووسەری کورد هەیە بە سەڵاحەدینی ئەیووبی گوتووە تیرۆریست".
بە بڕوای د. هەردی، دەبێت کورد شانازییەکی گەورە بە سەڵاحەدینی ئەیووبییەوە بکات چونکە "سەڵاحەدینی ئەیووبی تەلارسازیی کوردی تاوەکو ئەفریقا بردووە، لە هەموو ئەو شوێنانەی بۆی چووە شوێنەوارێکی کوردی بەجێهێشتووە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە شەقامی میسری شوێنکەوتەی بۆچوونەکانی یوسف زێدان نییە و گوتی "بۆچوونی میسرییەکان لەبارەی سەڵاحەدینی ئەیووبییەوە زۆر جیاوازە، لەلای ئەوان کەسێکی خۆشەویست و رێزلێگیراوە، تەنانەت خەڵکی میسر کوردیان وەکو نەوەی سەڵاحەدین ئەیووبی زۆر خۆشدەوێت".
ئەو پێی وایە کە کورد زۆر دواکەوتووە لە تێگەیشتنی سەڵاحەدین ئەیووبی و گوتی "هەوڵی زیاترمان دەوێت بۆ تێگەیشتن لەو کەسایەتیە، کورد ئێستا و بۆ داهاتووش پێویستی بە سەڵاحەدین ئەیووبییە".
سۆران حەمەڕەش: سەڵاحەدین ئەیووبی بە کورمانجی قسەی کردووە
سۆران حەمەڕەش، مێژووناس و بەرگریکار لە سەڵاحەدینی ئەیووبی، جەختی کردەوە کە سەڵاحەدین ئەیووبی سەرکردەیەکی جیهانییە و یوسف زێدانیش بە زمانێکی ئەکادیمی باسی ئەو سەرکردە کوردەی نەکردووە. ئەو گوتی "بیرمان نەچێت سەڵاحەدین ئەیووبی کوردایەتی کردووە، بەڵام کوردایەتی ئەو سەردەمە لەگەڵ ئەم سەردەمە زۆر جیاواز بووە".
سەبارەت بە شوێنی لەدایکبوون و زمانی قسەکردنی سەڵاحەدینی ئەیووبی، سۆران حەمەڕەش باسی لەوە کرد کە ئەو لە تکریت لەدایکبووە و زمانی قسەکردنیشی کورمانجی بووە. سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە هەندێک کەس بە سەڵاحەدین دەیدەن بەوەی دەستی لە کوشتاری فاتمییەکاندا هەبووە، سۆران حەمەڕەش بەتەواوەتی ئەوەی رەتکردەوە و گوتی "لەوبارەیەوە زۆر گەڕاوم، هیچ بەڵگەیەک نییە سەڵاحەدینی ئەیووبی کوشتاری فاتمییەکانی کردبێت، ئەو بوختانە و بۆی دەکرێت".
سۆران حەمەڕەش خوازیاری ئەوە بوو کە یوسف زێدان بێتە هەرێمی کوردستان و دیبەیتی لەگەڵ بکرێت. ئەو گوتی "دیبەیت کردن و بۆچوونی جیاواز دەوڵەمەندمان دەکات نەوەکو هەژار، بۆیە لەگەڵ هاتنی ئەو نووسەرم و رێگری کردن لێی کارێکی باش نییە".
لە کۆتاییدا، سۆران پێشنیازی کرد کە لە کوردستان گەورەترین پەیکەر بۆ سەڵاحەدین ئەیووبی دروست بکرێت و گوتی "دڵفراوانی و لێبووردەیی سەڵاحەدین ئەیووبی کرد بە داستان لە ئەورووپا".

بەرنامەکە وەک ئاوێنەیەک بوو بۆ گفتوگۆی کراوە لە نێوان رووناکبیران و مێژووناسانی کورد کە سەرەڕای هەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر هاتنی یوسف زێدان بۆ کوردستان، هەموویان لەسەر رێزگرتن لە میراتی مێژوویی کورد و پێویستی پێدانی بایەخی زیاتر بە کەسایەتی سەڵاحەدینی ئەیووبی وەک هێمایەکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی هاوڕا بوون.