لەگەڵ رەنج - لە بەغدا و هەولێر جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مووچەی قوربانیانی دەستی رژێمی بەعس هەیە

07 May 2023
لەگەڵ رەنج - لە بەغدا و هەولێر جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مووچەی قوربانیانی دەستی رژێمی بەعس هەیە
‏سێ‌ ساڵە رووفاتی 172ئەنفالكراو لە پزیشكی ‏دادوەریی ‏بەغدایە ‏

شوان كەلاری كە 42كەسی بنەماڵەكەی ئەنفالكراوە ‌و ‏ئێستا لەسەر یەكێكە لە پارتە كوردییەكانی باشووری ‏كوردستان بووتە پەرلەمانتاری عێراق لە بەشێكی ئەم ‏بەرنامەیەدا ئەوەی روونكردەوە كە كەمتەرخەمی زۆر ‏بەرامبەر كەس‌وكاری ئەنفالكراوان ‌و قوربانیانی دەستی ‏رژێمی بەعس دەكرێت نەك بە تەنها لەلایەن حكومەتی ‏ئێستا عێراقەوە، بەڵكو هەندێجار كەمترخەمییەكە لەلایەن ‏حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوەیە ئەو دەڵێت "زیاتر لە ‏سێ‌ ساڵە رووفاتی 172ئەنفالكراو لە پزیشكی ‏دادوەریی ‏‏بەغدایە تاوەكوئێستا‏ نەهێنراوەتەوە كوردستان، كە ئەوە ‏بەشێك لە كەمترخەمییەكە لە خۆمانەوەیە وەك هەرێمی ‏كوردستان". ‏

بەبێبەرامبەر یەكەی نیشتەجێبوون بۆ وارسی شەهیدان ‏دروست دەكرێت   ‏
ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری  گشتیی خزمەتگوزارییەكانی ‏‏كەسوكاری ‏‏شەهیدان ‌و زیندانییانی سیاسی، لە دەستپێكی قسەكانی لەم بەرنامەیەدا ‏ئەوەی خستەڕوو پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی وارسی شەهیدان ‌و ‏قوربانییاندا ‏دەكرێت بەجۆرێك كە دادپەروەری تێدا بێت، هەوڵدان بۆ ئەوەی ‏مووچەی وارسی شەهیدان ‌و زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر حكومەتی عێراق ‏بەبۆچوونی ئەحمەد مام رەسوڵ هەوڵێكی نوێ‌ نییە لە كابینەی هەشتەوە ‏ئەو هەوڵە هەبووە بەغدا "چەندینجار سەردانی بەغدامان كردووە بۆ مافی ‏‏زیندانییە سیاسییەكان، چونكە بەپێی دەستوور، حكومەتی عێراق ‏پابەندكراوە بە ‏قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی بەعس". ‏
دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بەبێ‌ بەرامبەر بۆ كەس‌وكاری ‏قوربانیان ‏‌و شەهیدان بەتایبەت بۆ ئەوانەی سوودمەند نەبوون ئەو مژدەیە بوو كە ‏ئەحمەد مام رەسوڵ لەم بەرنامەیەدا رایگەیاند ‌و گوتیشی "ئەو یەكانە بەبێ‌ ‏جیاوازی لە سلێمانی‌و هەولێر ‌و دهۆك دروست دەكرێن". هەندێ‌ لە زیندانیان ‏‌و وارسی شەهیدان ‌و قوربانیانی دەستی بەعس لەگەڵ ئەوەی زەوییان ‏پێدراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە بیكەنە یەكەی نیشتەجێ‌ بوون ‏هۆكارەكەشی وەك ئەو بەڕێوەبەرە گشتیەی وەزارەتی كار‌وباری شەهیدان ‏گوتی "هەندێ‌ لە جوتیاران رازی نابن ئەو زەویانەی ساڵانێكە كاریان ‏لەسەركردوە رادەستی بكەن وەك دەڵێن عەنتەری دەكەن بۆیە دەبێت ‏وەزارەتی شارەوانی ئەم گرفتە چارەسەر بكات".‏
لە كۆتایی قسەكانی ئەحمەد مام رەسوڵ، داوای لە نێچیرڤان بارزانی ‏سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە بۆ ‏پشتگیری كەس‌وكاری شەهیدان ‌و ‏زیندانیانی سیاسی پرۆژەیەكی هەبێت ‌و داواكارییەكانیان بگەیەنێتە ‏حكومەتی عێراق.‏

‏ پێویستە كورد بۆردێكی یاسایی بەهێزی هەمیشەیی لە ‏بەغدا هەبێت
‏شوان كەلاری، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق كە لە ستودیۆی ‏سلێمانییەوە بەشداری بەرنامەكی كرد ئەوەی خستەڕوو بەغدا بەردەوام فێڵ ‏لە قوربانیانی دەستی بەعس لە كوردستان دەكات، جیاوازی دەكات لەنێوان ‏قوربانییانی ‏كورد و قوربانییانی ‏عەرەب، بۆیە پێشنیاز دەكات كورد لە بەغدا ‏بۆردێكی یاسایی بەهێزی هەمیشەیی هەبێت ‌و گوتیشی "لە هەرێمی ‏كوردستان ‏بە سێ‌ كەسی ئەنفالكراو یەك مووچەی 450هەزار دیناری ‏دەدرێت، ‏بەڵام لە ‏بەغدا بۆ وارسی یەك شەهید یاخوود یەك زیندانی سیاسی ‏یەك ملیۆن 200هەزار دینار دەدرێت".‏
شتێكی دیكە كە بۆ شوان بووەتە جێگای شەرم، مانەوەی رووفاتی ژمارەیەك ‏لە ئەنفاكراوە لە پزیشكی دادوەری بەغدا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ‌ ساڵ ‏هەروەك گوتی "سێ‌ ساڵ و نیوە رووفاتی 172ئەنفالكراو لە پزیشكی ‏‏دادوەریی بەغدا ماوەتەوە نەهێنراوەتەوە نازانین كێ‌ بەرپرسە بۆ ‏ناهێنرێنەوە؟"‏

نالۆژیكییە رێگری لە یادی 14ی چوار بكرێت
بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەو پەرلەمانتارە كوردە لە ئایندەدا یاسای ‏دامەزراوەی شەهیدانی عێراق لە پەرلەمان هەموار دەكرێتەوە ئەوكاتەش ‏لایەنە كوردستانییەكان دەتوانن كارێك بكەن بە سوودی قوربانیان لە ‏هەرێمی كوردستان هەموارەكە بكرێت.‏
شوان كەلاری بە نالۆژیكیی دەزانێ‌ كە لە 14ی چواردا كەسوكاری ‏ئەنفالكراوان رێگریی لە ‏یادكردنەوەی ئەو رۆژە بكەن بۆ هۆكارەكەشی گوتی ‏‏"كەس‌وكاری قوربانیان 365رۆژیان لەبەردەمەدایە بۆ خۆپیشاندان ناڕەزایی ‏دەربڕین، ناكرێت لەو رۆژەدا رێگری بكەن، بە پێچەوانەوە دەبێت ئەو رۆژە ‏بكەینە رۆژی هیوا بەخشینەوە بۆ كەس‌وكاری ئەنفالكراوەكان".‏
‏ئەو جەختی لەوە كردەوە كە راستە كەم‌وكوڕی هەیە ‌و كاری زۆر ماوە بۆ ‏كەس‌وكاری ئەنفالكراوەكان بكرێت، "بەڵام كاری باشیش كراوە بەنموونە لە ‏سەردەمی سەرۆكایەتی حكومەتی كاك نێچیرڤان بارزانی دا  نزیكەی پێنج ‏هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەس‌وكاری ئەنفالكراوەكان دروست كرا".‏



‏ئومێد خۆشناو چی بە زیندانە سیاسییەكان گوتووە؟ ‏شەرم دەكەم
بەهادین عەزیز، جێگری سەرۆكی  كۆمكاری زیندانییە ‏سیاسییەكانی ‏‏كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو كاركردن بۆ ‏یەكلایی كردنەوەی كەیسی زیندانیانی سیاسی زۆر بەخاوی بەرێوەدەچێت ‏ئەو دەڵێت "زیاتر لە 25هەزار كەیسی زیندانی سیاسی هەیە بە چوار ساڵ ‏كاركردن پێج هەزار كەس لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان ‏پشتڕاستكراوەتەوە كە ‏زیندانی سیاسی بوون، ئەی باشە ئەو 20 هەزار ‏كەیسەی دیكە چۆن ‌و كەی یەكلای دەكرێنەوە؟ بەڕاستی كارێكی خراپە ‏دەبێت پەلە لەو كارە بكرێت".‏
ئەو رەخنەی دیكەشی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان هەبوو ئەویش ‏پەیوەندی بە راگرتنی  مینحەی زیندانیانی سیاسییەوە هەیە‌و گوتی "یەكەم ‏كاری ئەم وەزارەت ئەوە بوو مینحەی ‏زیندانیانی سیاسی راگرت، كە نەدەبوو ‏ئەوە بكات".جێگری سەرۆكی  كۆمكاری زیندانییە ‏سیاسییەكانی ‏كوردستان ‏‏ئەوەشی خستەڕوو كە جارێك بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی خۆپیشاندان سەردانی ‏ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێریان كردوە ‌و گوتی "بەراستی كاك ئومێد ‏پێی گووتین شەرم دەكەم ئێوە بچنە سەر شەقام بۆ داواكارییەكانتان".‏

‏لەسەر وەرەقە هیچ گرفتێكمان نییە ‌و هەمووان بۆمان ‏دەگرین
عەلی محەممەد، سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكانی ‏‏كوردستان، وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد كاتی خۆی كە سەرۆك بارزانی، ‏سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە واژۆی لەسەر كۆمەڵێك ئیمتیازی زۆر باشی ‏زیندانە سیاسییەكان كردوە ‌و گوتی "تەنها ئەو ئیمتیازانەی سەرۆك بارزانی ‏بۆی واژۆ كردوین بماندەنێ‌ هیچ گرفتێكمان نامێنێ‌". سەرۆكی كۆمكاری ‏زیندانییە سیاسییەكانی ‏‏كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە بە نوسراو ‏لەسەر وەرەقە هیچ گرفتێكیان نییە، هەروەك خۆی گووتی "دەچینە هەر ‏لایەك دەڵێن لەسەر حەقن ‌و مافتان خووراوە ‌و وای لێهاتووە هەمووان بۆمان ‏دەگرین، بەڵام كە دێتە سەر جێبەجێ‌ كردن هیچمان بۆ ناكرێت، بەراستی ‏زیندانی سیاسیمان هەیە لە بێ‌ پارەیدا خەریكی كۆكردنەوەی قوتووی سەر ‏شەقامەكانە".‏
‏ ‏
بۆ ماوەی بیست‌وچوار كاژێر شیری دایكە مردوەكەی ‏خواردوە
‏ سابیر خۆشناو، سەرۆكی رێكخراوی كیمیاباران ‌و ‏ئەنفالكراوەكان كە 54ساڵ ‏پێشمەرگە بووە جەختی لەوە كردەوە كە قوربانیانی دەستی رژێمی بەعس ‏لە هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی مافخوراون "لە بێچارەسەریدا 45 ‏برینداری چەكی كیمیایی سنووری بالیسان خەریكە بە تەواوەتی بیناییان ‏لەدەست دەدەن". لۆگۆی رێكخراوەكەی سابیر خۆشناو، وێنەی كچێكە ‏لەبارە سەربووردەی ئەو وێنەیە گوتی "ئەو كچە شەش مانگ بووە لەگەڵ ‏دایكی لەشاخ بووە، دایكی بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكەوە گیانی لەدەستداوە ‏ئەویش بریندار بووە، بەڵام گیانی لەدەستنەداوە ‌و بۆ ماوەی بیست‌وچوار ‏كاژێر شیری دایكە مردوەكەی خواردوە بەو جۆرە ماوەتەوە تاوەكو شوانێك ‏دۆزیوێتیەوە سەباری هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەریدا هاتووە ‏تاوەكوئێستا مووچەیەكی چوار سەد هەزاری دیناریان پێ رەوانەبینیوە ‏ئێستا بۆیە نەهاتووە بۆ ئەم بەرنامەیە، چونكە تازە لە چارەسەری ‏نەخۆشییەكی لە توركیا گەڕاوەتەوە كوردستان، خەڵكیش هەیە تۆمەتباری ‏بەشداریكردنی ئەنفالە و ئێستا ‏مووچەی هەیە".‏

لە 25 هەزار زیندانی سیاسی تەنیا 5 هەزار یان مووچەیان ‏هەیە
‏ سوسەن محەممەد، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان لە ‏پەرلەمانی ‏‏‏‏كوردستان‏ وەك میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە باسی لەوە كرد قوربانییانی ‏دەستی بەعس لە كوردستاندا گرفتیان زۆرە و بە ئاسانی كێشەكانیان ‏چارەسەر ‏‏ناكرێن گوتیشی"بەداخەوە بەغدا قەرەبووی كوەیت و قوربانییانی ‏عەرەبی ‏‏كردووەتەوە و كوردی ‏پەراوێزخستووە، بۆیە پێویستە شاندەكانی ‏هەرێمی كوردستان داوای ‏‏قەرەبووی قوربانییان لە ‏بەغدا بكەن".  ئەو ‏رەخنەی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدانی هەرێمی كوردستانیش گرت ‏بەوەی لە 25 هەزار زیندانی سیاسی تەنیا 5 هەزار یان ئێستا مووچەیان ‏‏هەیە  گوتیشی "هەندێ‌ شت هەیە  كەس‌وكاری شەهیدان ‌و زیندانیانی ‏سیاسی ‌و قوربانییەكانی دەستی بەعس زانیارییان لەبارەیەوە كەمە بەنمونە ‏ئێستا بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەس‌وكاری ئەو ‏قوربانیانە لە نەخۆشخانە حكومییەكان دەبێت بەبێ‌ بەرامبەر چارەسەریان ‏بۆ بكرێت ‌و لە نەخۆشخانە تایبەتەكانیش دەبێت نیوە پارەی چارەسەر ‌و ‏نەشتەرگەرییەكانیان بدەن، بەڵام زۆرینەی كەس‌وكاری قوربانییەكان ‏ئاگایان لەم خزمەتگوزارییە نییە".‏‎ ‎‏ سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان لە ‏پەرلەمانی كوردستان رەخنەی ئەوەشی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان ‏گرت بەوەی كەمترخەمبوون لە گەڕانەوە رووفاتی ئەنفالكراوەكان گوتی "ئەو ‏‏172 رووفاتەی كە دەگوترێ‌ لە پزیشكی دادوەری بەغدایە ‌و ماوەی زیاتر لە ‏سێ‌ ساڵە ماوەتەوە، بودجەش بۆ هێنانەوەیان تەرخان كراوە، بەڵام ‏بەداخەوە كەمترخەمی دەكرێت لە گەڕانەوەیان".‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 07-05-2023  پێشكەش كراو میوانەكانیش ‏پێكهاتبوون لە
‏* ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری  گشتیی خزمەتگوزارییەكانی ‏‏‏كەسوكاری شەهیدان ‌و زیندانییانی سیاسی
‏*سوسەن محەممەد، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان لە ‏پەرلەمانی ‏‏‏كوردستان‏
‏*شوان كەلاری، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق ‏
‏*عەلی محەممەد، سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكانی ‏كوردستان ‏
‏*بەهادین عەزیز، جێگری سەرۆكی  كۆمكاری زیندانییە ‏سیاسییەكانی ‏‏كوردستان ‏
‏*سابیر خۆشناو، سەرۆكی رێكخراوی كیمیاباران ‌و ئەنفالكراوەكان