وەزیری خوێندنی باڵا: ئەگەر ریفۆرم نەكەین، ئاڕاستی خوێندن بەرەو هەڵدێرە
وەزیری خوێندنی باڵا: ئەگەر ریفۆرم نەكەین، ئاڕاستی خوێندن بەرەو هەڵدێرە
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەم بەرنامەیەی لەگەڵ رەنج، كە لەسەر ئاستی زانستی زانكۆكان سازكرابوو، باسی لەوەكرد، گۆڕانكاری لە سیستەمی خوێندنی زانكۆكان، پێداویستییەكەی سەردەمەكەیەوە گوتیشی "ئەگەر ریفۆرم نەكەین، بەدڵنیاییەوە ئاڕاستی خوێندنمان بەرەو هەڵدێرە".
بەپێی پێوەرەكانی دامەزراوەی وێبۆمێتریكس، كە دامەزراوەیەكی ئیسپانییە ئاستی زانستی بەشێك لە زانكۆ حكومییەكان، وەك زانكۆكانی سلێمانی و سەڵاحەدین و دهۆك و هەولێری پزیشكی و چەرموو بەراوورد بە ساڵی 2021، چەند پلەیەک دابەزیووە، لەم بەرنامەیەدا گفتوگۆ لەبارەی هۆكارەكانی ئەو دابەزینەكرا. پ.د. نەبیل عادل، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین وەكو میوانێكی سەرەكی بەرنامەكە ئەوەی نەشاردەوە لە هەرێمی كوردستاندا زانكۆ هەیە بە فێڵكردن رانكینی بەرزدەكاتەوە، بەڵام ئامادەنەبوو ناوی زانكۆكە ئاشكرا بكات.
50%ی هەڵسەنگاندنەكانی وێب مێتریكس لەسەر وێب سایتی زانكۆكانە
د.داود ئەترووشی، سەرۆكی زانكۆی دهۆك، وەك میوانێكی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو، كاركردنی دامەزراوەی وێب مێتریكس كە دامەزراوەیەكی ئیسپانییە بۆ زانكۆكانی كوردستان، بۆ سێ ئاست دابەشدەبێت، هەڵسەنگاندنەكە 50%ی لەسەر وێب سایتی زانكۆكانە، 40% لەسەر لێكۆڵینەوەكانە، 10% ی لەسەر ناوی لێكۆڵەرەكەیە گوتیشی "لەو دەمەزراوەیەدا 31هەزار زانكۆ هەیە زانكۆكانی كوردستان پلەیان لەنێوان 4بۆ5 هەزاردایە بەوەش دۆخی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان زۆر خراپ نییە".
سەرۆكی زانكۆی دهۆك ئەوە ناشارێتەوە كە زانكۆكانی كوردستان نەیانتوانیوە رۆڵی خۆیان بگێڕن و قوتابی بۆ بازاڕی كار ئامادەبكەن، باشترین بەڵگەش ئەوەیە بەشێكی زۆری دەرچوانی زانكۆ بەهۆی بروانامەكانیان ناتوانن كاریان دەستبكەوێت
د. داوود ئەترووشی كاتێك دێتە سەر باسی ئەركی زانكۆكان، پۆلێنی دەكات بۆ دوو كاری سەرەكی، یەكەمیان پێگەیاندنی خوێندكارە بە كارامەیی و رادەستكردنیەتی بە كۆمەڵگا "لە كوردستان بەشێوەیەكی گشتی ئەوە نەكراوە". دوو چارەسەركردنی كێشە هەمەجۆرەكانی كۆمەڵگایە لە رێگای توێژینەوە جیاجیاكان "لە كوردستان بە باشی ئەوەش نەكراوە، چونكە زانكۆكان دەبێت خۆیان بە خاوەنی كێشەكان بزانن و بەبێ ئەوەی داوایان لێبكرێت بەدوای چارەسەركردنی كێشەكاندا بچن".
پێوەرەكانی دامەزراوەی وێب مێتریكس گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە
پ.د.نەبیل عادل، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین وەك میوانێكی بەرنامەكە لەو بڕوایە دایە پلەی بەشێك لە زانكۆكان بۆیە دابەزیووە، دامەزراوەی وێب مێتریكس پێوەركانی هەڵسەنگاندنی گۆڕیوە و گوتیشی "پێوەرەكانی وێب مێتریكس بۆ هەموو عێراق گۆڕدرا جگەلەوە زانكۆكانی عێراق جۆرە فێڵێكییان كردو بەتایبەت لە وێب سایتەكانیاندا، هەر بۆیە وێب مێتریكس كار بە گووگڵ سكۆڵەری عێراق ناكات".
د. نەبیل عادل ئەوەش ناشارێتەوە كە لە هەرێمی كوردستاندا زانكۆ هەیە بە فێڵ رانكینی بەرزكردووەتەوە "بەڵام من ناوی كەس ناهێنم، تەنانەت ئێمە ئیمێڵمان بۆ دامەزراوەكە كردوە، ئەوان خۆشیان دەڵێن فێڵكردن هەیە". بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین ئاماژەبەوەش دەكات، "زانكۆ هەیە لە كوردستان گرێبەستی لەگەڵ مامۆستایەكی دەرەكی كردووە لەكاتێكدا لە زانكۆكە نییە ئەوەش جۆرێكە لە فێڵكردن".
جگە لەنمرە، هیچ پێوەرێكمان نییە بۆ وەرگرتنی خوێندكار لە زانكۆ
د.توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی كارگێری و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی روونكردەوە تاوەكو ئێستا لە كوردستان جگە لەنمرە، هیچ پێوەرێكی دیكە نییە بۆ وەرگرتنی خوێندكار لە زانكۆ، ئەوەش بەكارێكی هەڵە پێناسە دەكات، روونیشی دەكاتەوە پێگەیاندنی خوێندكاران بە كارامەیی، كاری ئەوانە، بەڵام دۆزینەوەی كار نا. گوتیشی "بەستنەوەی زانكۆ بەبازاڕی كار تەنیا بە وەزارەتی خوێندنی باڵا ناكرێت، بەڵكو كاری زۆر لایەنی دیكەشە لەگەڵ ئەوەشدا بەنیازین كۆنفرانسێكی زانستی ببەستین بۆ پێداچوونەوەی بەشە زانستییەكان".
بەرپرسەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە شانازییەكی زۆرەوە باس لەوەش دەكات وەكو وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەرووی داهاتەوە، پێنجەمین وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانن دەشڵێت "داهاتی ساڵانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان ئێستا 65 ملیار دینارە، لەكاتێكدا پێشتر 48ملیار دینار بووە". كەمكردنەوەی كرێی خوێنیش بەتایبەت لە زانكۆ حكومییەكان بە رێژەی 45% خاڵێكی دیكەبوو كە د.توانا بە خۆشحاڵییەوە باسی دەكردو گوتیشی "ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە ئەو كارە نەك داهاتی كەم نەكرد، بەڵكو زیادیشی كرد، چونكە داواكاری لەسەر خوێندنی حكومی بە پارە زیادكرد".
توێژینەوەكان لەسەر رەفەی زانكۆكان كەوتوون
د. گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی روونكردەوە لە كوردستان كار بە توێژینەوە زانستییەكان ناكرێت و گوتیشی "بەداخەوە توێژینەوەكان ناچنە ناو سیستەمە جیهانییەكان، بەڵكو لەسەر رەفەی زانكۆكان كەوتوون، لەوەش سەیرتر توێژینەوە زانستییە باشەكان لە وێب سایتی زانكۆكاندا دانانرێت، كە ئەوەش كارێكی باش نییە".
چوار ساڵە ئاستی زانستی زانكۆكان زیاتر دادەبەزێت
د.ئیبراهیم عەلی، مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان، میوانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو باسی لەوەكرد چوار ساڵە ئاستی زانستی زانكۆكان زیاتر دادەبەزێت، هۆكارەكەشی بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی بۆڵۆنیا گەڕاندەوە، ئەو گوتی "بەبێ لێكۆڵینەوەی پێش وەخت ئەو سیستەمەیان لە كوردستان كاراكرد لە كاتێكدا كەرەستەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی سیستمی بۆڵۆنیا لە هەرێمی كوردستاندا نییە".
ئەو مامۆستایەی زانكۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا تێڕوانینی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ رانكینی زانكۆكان هەڵەیە و "هەر ئەوەش وایكردووە ئاستی زانكۆكان بەئاراستەی دابەزینی زیاتر بچن".
زانكۆی سلێمانی ئۆفیسێك بۆ رانكین دەكاتەوە
دكتۆر محەممەد ئیبراهیم، بەرپرسی ئۆفیسی رانكینی زانكۆی سلێمانی، كە لە ستۆدیۆی رووداو لە سلێمانییەوە بەشداری بەرنامەكەی كرد باسی لەوە كرد، لە زانكۆی سلێمانی ئۆفیسێكی تایبەتیان بۆ رانكین دروستكردووە "ئەوەش مانای گرنگی پێدانە بەو پرسە". ئەو مامۆستای زانكۆی سلێمانی باسی لەوەش كرد بەپێی پێوەرەكان لەسەر ئاستی كوردستان زانكۆكەیان پلەی یەكەمی هەیە، بەڵام لەسەر ئاستی دنیا وەك خۆی دەڵێت "پلەكەیان لە ئاست تموحیاندا نییە".
"ئەگەر ریفۆرم نەكەین، ئاڕاستی خوێندن بەرەو هەڵدێرە"
لە كۆتایی بەرنامەكەدا د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا بە تەلەفوون پەیوەندی بە بەرنامەكەوە كرد لە دەستپێكی قسەكانی جەختی لەسەر پێویستی ریفۆرم كردەوە گوتیشی "ئەگەر ریفۆرم نەكەین، بەڵنیاییەوە ئاڕاستی خوێندن بەرەو هەڵدێرە". ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ كۆپیكردنی سیستەمی خوێندنی هیچ وڵاتێك نییە، بەڵكو هەروەك گوتی "دەبێت بەپێی ژینگەی وڵاتی خۆمان گۆڕانكارییەكان بكەین". بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەر وەك د.ئارام ئاماژەپێدا ساڵانە نزیكەی 30هەزار خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەردەچن "دەبێت پلانمان بۆ ئەوانە هەبێت بۆ كوێیان دەنێرین، ئێمە نیازمان هەیە ئەو ریفۆرمە بكەین، بەڵام بەتەنها بە ئێمە ناكرێت دەبێت ناوەندەكانی دیكەش هاوكارمان بن".
ریزبەندی زانكۆكان ، بەپێی دامەزراوەی وێبۆمێتریكس. ئەو زانكۆیانەی ئاستیان دابەزیوە
زانكۆی سلێمانی:
2021: 3462
2022: 4158 ----- 969 پلە دابەزیووە
زانكۆی سەلاحەدین:
2021: 3584
2022: 4471 ----- 887 پلە دابەزیوە
زانكۆی دهۆك:
2021: 4175
2022: 4930 ----- 755 پلە دابەزیوە
زانكۆی هەولێری پزیشكی
2021: 4738
2022: 5014 ----- 276پلە دابەزیوە
زانكۆی چەرموو:
2021: 17754
2022: 21279 ----- 3525 پلە دابەزیوە
ئەوە زانكۆیانەی ئاستیان بەرز بووەتەوە
زانكۆی سۆران:
2021: 6839
2022: 4441
زانكۆی كۆیە:
2021: 8711
2022: 5461
زانكۆی زاخۆ:
2021: 9668
2022: 4762
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی:
2021: 10445
2022: 5060
زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر:
2021: 13796
2022: 5943
زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك:
2021: 14292
2022: 5943
زانكۆی هەڵەبجە:
2021: 22642
2022: 21445
زانكۆی راپەڕین:
2021: 13646
2022: 5466