دژە درۆنی جەنگی، پێداویستییەكی سەرەكەی هەرێمی ‏كوردستانە

19 April 2026
دژە درۆنی جەنگی، پێداویستییەكی سەرەكەی هەرێمی ‏كوردستانە

كورتەیەك لە بەرنامەكە

درۆن یان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، لە چەكێكی دەگمەنەوە بووەتە یەكێك لە ‏مەترسیدارترین ‌و باوترین ئامرازەكانی جەنگ لە جیهان ‌و بەتایبەتی لە ‏رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەرێمی كوردستان كە لە چەند ماوەكانی رابردوودا ‏رووبەڕووی چەندین هێرشی درۆنی بووەتەوە، ئێستا لەبەردەم پرسیارێكی ‏گەورەدایە، چۆن دەتوانرێت ئاسمانی هەرێمی كوردستان لەم مەترسییە ‏بپارێزرێت؟ میوانانی ئەم بەرنامەیە كە پێكهاتبوون لە شارەزایانی سەربازی، ‏ئەندازیاریی فڕۆكەوانی ‌و ئاسایشی ئەلیكترۆنی، هەمووان كۆك بوون لەسەر ‏ئەوەی كە درۆن بووەتە "گرێیەكی جیهانی" ‌و تەنانەت وڵاتە زلهێزەكانیش ‏بەدەستیەوە گیریانواردووە.‏

ئارێز ئەنوەر بەگ، شارەزای سەربازی، ئاماژە بەوە دەكات كە سیستمە ‏پێشكەوتووەكانی بەرگریی جیهان هێشتا چارەسەری بنەڕەتییان بۆ درۆن ‏نەدۆزیوەتەوە. هاوكات، پسپۆڕانی ئەكادیمی وەك د.عاید عگاب ‌و د.رۆژگار ‏قەرەنی، گەشبینن بەوەی كە زانكۆكانی كوردستان دەتوانن لە رێگەی ‏تێكشكاندنی سیگناڵ ‌و تێكدانی جی پی ئێسەوە، سیستمێكی خۆپارێزیی ‏نێوخۆیی دروست بكەن. لە لایەكی دیكەوە، ساڵح رەحمان، توێژەری ‏ئاسایشی ئەلیكترۆنی، جەخت دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان بەبێ ‏خواستی خۆی كەوتووەتە نێو "بەردەشی جەنگ" ‌و پێویستە هەنگاوی ‏بەپەلە بۆ بەرگریی ئەلیكترۆنی بنرێت. لە بەرنامەكەدا هاونیشتمانیانیش ‏بەشدار بوون ‌و چیرۆكی ترسناكی كەوتنەخوارەوەی درۆنەكانیان لەسەر ‏ماڵەكانیان گێڕایەوە، كە بووەتە هۆی تێكچوونی باری دەروونیی ‏منداڵەكانیان ‌و زیانی گەورەی ماددی‎ ‎‏ بۆیان



درۆن؛ ئەو گرێیەی جیهانی سەرقاڵ كردووە

‏"درۆن بووەتە گرێیەك لە جیهاندا ‌و وڵاتانی زلهێزیش بەدەستیەوە ‏گیریانواردووە". ئارێز ئەنوەر بەگ، شارەزای بواری سەربازی، بەم شێوەیە ‏باس لە پەرەسەندنی تەكنەلۆژیای درۆن دەكات. بە بڕوای ئەو، كێشە ‏سەرەكییەكە لەوەدایە كە سیستمە پێشكەوتووەكانی بەرگریی ئاسمانی كە ‏ملیۆنان دۆلاریان تێدا خەرج كراوە، هێشتا ناتوانن بە تەواوی بەرپەرچی ‏درۆنە بچووك ‌و هەرزانەكان بدەنەوە‎.‎

ئارێز ئەنوەر روونیكردەوە كە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی كوردستان ‏پێویستییەكی هەنووكەییە، بەڵام كێشە بنەڕەتییەكە لەوەدایە كە عێراق وەك ‏دەوڵەت، تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە ئاسمانی خۆی بپارێزێت. ئەو گوتی: ‏‏"تاوەكو ئێستا رادارێكمان نییە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشەكان، بۆیە ‏دەبێت سەرەتا دوژمنەكەت بناسی ئینجا سیستمی بەرگری دابنێیت". ئەم ‏شارەزایە پێیوایە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە درۆن هەیە، بەڵام نەك ‏بۆ هێرشكردن، بەڵكو بۆ مەبەستی بەرگری ‌و چاودێری. ئارێز ئەنوەر ‏رەخنەی لەوەش گرت كە لە رابردوودا لەبری پەرەپێدانی سیستمی بەرگری، ‏زیاتر گرنگی بە لایەنی "جوانكاری" دراوە، لە كاتێكدا ئێستا پاراستنی ‏خەڵك پێویستی بە بڕیارێكی سیاسیی بوێرانە هەیە بۆ دابینكردنی بودجەی ‏پێویست بۆ كڕینی رادار ‌و سیستمی دژەدرۆن‎.‎



چیرۆكی ئەو ماڵانەی بوونە ئامانجی درۆن

لەبەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا، هاونیشتمانیانی گەڕەكە زیانلێكەوتووەكان ‏بەشدار بوون ‌و باسیان لەو نەهامەتییانە كرد كە درۆنەكان بەسەریان ‏هێناون. هاونیشتمانییەك كە بەهۆی كەوتنەخوارەوەی درۆنێك ماڵەكەی ‏زیانی پێگەیشتبوو، گوتی "درۆن بەر ماڵی دراوسێكەمان كەوت ‌و هەموو ‏ماڵەكەمان بووە ئاگر، منداڵەكانمان ئێستا ئەوەندە دەترسن كە ناتوانن ‏بخوێنن".‏

ترسی هاونیشتمانیان گەیشتووەتە ئاستێك، كە تەنانەت دەنگی ‏ماتۆڕسكیلیش دەیانلەرزێنێت. یەكێكی دیكە لە بەشداربووان كە پیاوێكی ‏بەتەمەن بوو بە زمانێكی سادەی شیرین دەدوا ‌و دەگووت "دەنگی درۆنەكە ‏رێك وەكو دەنگی ماتۆڕ وابوو پێش ئەوەی بكەوێتە خوارەوە، ئێستا كە لە ‏كۆڵان دەنگی ماتۆڕسكیل دەبیستین، وا دەزانین درۆنە ‌و دەترسین". بەپێی ‏گوتەی ئەو هاونیشتمانییانە، تەنیا لە یەك گەڕەكدا نزیكەی 250 ماڵ ‏بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە زیانیان بەركەوتووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ ‏لایەنێك قەرەبووی نەكردوونەتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە هاونیشتمانییان ‏پێیان وایە كە هەرێمی كوردستان هێشتا ژێرخانی پێویستی نییە بۆ ‏دروستكردنی سیستمی بەرگری ‌و ئێستا ئەم سیستمە بووەتە كاڵایەكی ‏بازرگانیی گرانبەها كە دەستكەوتنی ئاسان نییە.‏



تەكنەلۆژیا؛ رێگەیەك بۆ خۆپاراستن

د.عاید عگاب، سەرۆكی بەشی ئەندازیاریی فڕۆكەوانی لە زانكۆی ‏سەڵاحەدین، وەك پسپۆڕێكی ئەكادیمی جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی ‏كوردستان دەتوانێت خۆی سیستمێكی خۆپارێزی دروست بكات. ئەو گوتی ‏‏"سیستمی خۆپاراستن لە درۆن بووەتە پێویستی، ئێمە دەتوانین لە رێگەی ‏تێكردانی سیگناڵ ‌و شێواندنی جی پی ئێس‎ (GPS) ‎درۆنەكان لە كار ‏بخەین".‏

بە بڕوای د.عاید، رێگەی ئاسان ‌و كاریگەر بۆ هەرێمی كوردستان، تێكدانی ‏پەیوەندی نێوان درۆنەكە ‌و كۆنترۆڵكەرەكەیەتی. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد ‏كە لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی سەڵاحەدین چوار بەشی زانستی هەن كە ‏راستەوخۆ پەیوەندییان بە تەكنەلۆژیای درۆنەوە هەیە ‌و دەتوانن هاوكار بن ‏لەم بوارەدا. بەڵام پێش هەموو شتێك، ئەو پێیوایە كە هەرێم پێویستی بە ‏راداری تایبەت بە درۆن هەیە، چونكە درۆنەكان بەهۆی نزمیی فڕینیانەوە ‏لەلایەن راداری ئاساییەوە نابینرێن.‏

لە لایەكی دیكەوە، د.رۆژگار قەرەنی، كە خاوەنی ماستەرە لە بواری درۆن، ‏گەشبینیی خۆی بە توانای مرۆیی زانكۆكانی كوردستان نیشاندا. ئەو وەك ‏نموونە باسی لە ئۆكراینا كرد ‌و گوتی "ئۆكراینا بەهۆی پێویستییەوە ‏سیستمی دژە درۆنی دروستكرد، كە تەنیا لەسەر دەستی دوو ئەندازیار ‏گەشەی كرد". د.رۆژگار ئاماژەی بەوەش كرد كە درۆن تەنیا بۆ جەنگ نییە، ‏بەڵكو كاریگەرییەكانی لە بواری شارستانیدا سێ بەرامبەری لایەنە ‏سەربازییەكەیەتی، بەڵام بۆ دۆخی ئێستای كوردستان، سیستمێكی دەنگی ‏وەك ئەوەی ئۆكراینا كە لە رێگەی دەنگەوە درۆنەكان دەناسێتەوە، دەبێتە ‏چارەسەرێكی باش.‏



جەنگی ئەلیكترۆنی ‌و دوژمنی نادیار

ساڵح رەحمان، توێژەر لە بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنی، رەهەندێكی دیكەی ‏مەترسییەكانی خستەڕوو. ئەو پێیوایە ئێستا جەنگێكی ئەلیكترۆنی لە ‏ئارادایە كە تێیدا "دوژمن نادیارە". ساڵح رەحمان گوتی "بەبێ خواستی ‏خۆمان كەوتووینەتە بەرداشی جەنگەوە ‌و پێویستە هەنگاوی بەپەلە بنرێت ‏بۆ بەرگریی درۆنی".‏

ئەو توێژەرە ئاشكرای كرد كە لە عێراقدا 15 زانكۆ هەوڵی پەرەپێدانی ‏سیستمی درۆن دەدەن ‌و 28 كۆمپانیاش لە عێراق ‌و هەرێمی كوردستان لە ‏بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنی كاردەكەن. ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە ‏دروستكردنی درۆن یان سیستمی بەرگری شتێكی ئاستەم نییە، بەڵكو ‏پێویستی بە یاسا ‌و دامەزراوەی تایبەت هەیە. ساڵح رەحمان باسی لەوەش ‏كرد كە سیستمە بەرگرییەكانی هاوپەیمانان یان كۆنسوڵخانەكان تەنیا بۆ ‏پاراستنی خۆیانە، بۆیە هەرێمی كوردستان نابێت چاوەڕێی ئەوان بێت بۆ ‏پاراستنی هاونیشتمانیانی خۆی. ئەو جەختی كردەوە كە ئێستا ژیریی ‏دەستكرد رۆڵێكی گەورەی هەیە لەم جەنگەدا ‌و دەبێت كوردستانیش سوود ‏لەو تەكنەلۆژیایە وەربگرێت.‏



بڕیاری سیاسی ‌و بەرپرسیارێتیی هاوپەیمانان

لە كۆتایی گفتوگۆكاندا، میوانەكان گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە پاراستنی ‏ئاسمانی كوردستان تەنیا كێشەیەكی تەكنیكی نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ‏بڕیاری سیاسی ‌و دەستووری عێراقیشەوە هەیە. ئارێز ئەنوەر ئاماژەی بەوە ‏كرد كە لە دەستووری عێراقدا باسی سەربەخۆیی بەرگریی هەرێمی كوردستان ‏نەكراوە، ئەمەش دەستوەرداگرتنی هەرێمی لە كڕینی چەكی پێشكەوتوو ‏قورستر كردووە. هەروەها گوتی "هاوپەیمانان سوپا ‌و سیستمی بەرگری بۆ ‏ئێمە دروست ناكەن، دەبێت خۆمان هەوڵ بدەین".‏

میوانانی بەرنامەكە پێشنیازیان كرد كە ئەگەر هەرێمی كوردستان كارگەی ‏گەورەی سەربازیشی نەبێت، دەتوانێت وەرشەی بچووك بۆ دروستكردنی ‏ئامێری تێكدانی سیگناڵ‎ (Jammer) ‎بكاتەوە. هەروەها جەخت لەوە ‏كرایەوە كە پێویستە هۆشیاریی خۆپارێزی لەنێو خەڵكدا بڵاوبكرێتەوە ‏تاوەكو لە كاتی هێرشەكاندا بزانن چۆن مامەڵە دەكەن. پاراستنی ‏فڕۆكەخانەیەك یان شارێك پێویستی بە بودجەیەكی بەرفراوان هەیە، بەڵام ‏وەك شارەزایان گوتیان، تێچووی پاراستنی خەڵك زۆر كەمترە لەو زیانە ‏ماددی ‌و مەعنەوییانەی كە هێرشە درۆنییەكان لەسەر كۆمەڵگە جێی دەهێڵن‎.‎



ئەم بەرنامەیە شەوی 19-04-2026 پێشكێكش كرا ‌و میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە

‏- ئارێز ئەنوەر بەگ، شارەزای بواری سەربازی

‏- د.عاید عگاب، سەرۆكی بەشی ئەندازیاریی فڕۆكەوانی لە زانكۆی ‏سەڵاحەدین

‏- د.رۆژگار قەرەنی، ماستەر لە بواری درۆن

‏- ساڵح رەحمان، توێژەر لە بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنی