بازاڕی ئۆتۆمبێل لەبەردەم هەڕەشەی داڕماندا

07 December 2025
بازاڕی ئۆتۆمبێل لەبەردەم هەڕەشەی داڕماندا

ئایا ئۆتۆمبێلی چینی كۆتایی بە سەردەمی براندە جیهانییەكان دەهێنێت؟

دۆخی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان، هاتنە ‏ناوەوەی لێشاوی ئۆتۆمبێلی چینی و كاریگەرییان لەسەر نرخ و كوالێتی، ‏لەگەڵ ئەو فێڵانەی لە كڕیاران دەكرێت، تەوەرە سەرەكییەكانی ئەم ‏بەرنامەیە بوون. وەڵامی زۆرینەی میوانەكان بۆ دۆخی بازاڕ "خراپ" و "پڕ ‏مەترسی" بوو. بەشێك لە بازرگانان هۆشداری دەدەن كە بازاڕەكە پڕ بووە ‏لە ئۆتۆمبێلی بێ كوالێتی و كڕیار لە كڕینی هەر ئۆتۆمبێلێكدا زیان دەكات. ‏لە بەرامبەردا، نوێنەرانی براندە چینییەكان بەرگری لە بەرهەمەكانیان ‏دەكەن و بە "داهاتووی بازاڕ" پێناسەی دەكەن.‏

پارێزەرێكی راوێژكار كە میوانی بەرنامەكە بوو، تیشكی خستە سەر نەبوونی ‏هۆشیاری یاسایی لای هاونیشمانیان و ئاشكرای كرد كە هەزاران ئۆتۆمبێلی ‏دزراوی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە. بەڕێوەبەری كۆمپانیای ‏تۆیۆتاش نیگەرانی خۆی لەبارەی سەلامەتی پاتری و كوالێتی ئۆتۆمبێلە ‏چینییەكان نیشان دا.‏

شۆڕشی ئۆتۆمبێلی چینی و كۆنترۆڵكردنی بازاڕ

‏"زۆرینەی ئۆتۆمبێلە هاوردەكراوەكان چینین و نزیكەی ٦٠٪ی فرۆشی ‏بازاڕیان داگیركردووە". ئەمە قسەی بەشێك لە فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل بوو لە ‏بەرنامەكەدا. بە بڕوای ئەوان، هاتنی بێ بەرنامەی ئۆتۆمبێل و هەرزانی نرخی ‏ئۆتۆمبێلی چینی وایكردووە كڕیار روو لەو جۆرانە بكات. فرۆشیارێكی ‏ئۆتۆمبێلی چینی لە بەرنامەكەدا ئاماژەی بەوە دا كە "ئێستا كوالێتی ‏ئۆتۆمبێلی چینی زۆر باشە و رۆژانە نزیكەی 10 ئۆتۆمبێل دەفرۆشین، ‏چونكە شەش ساڵ گرەنتی دەدەین بە كڕیار".‏
سەرۆكی ئەنجوومەنی پێشەنگاكانیش پشتڕاستی كردەوە كە "نیوە زیاتری ‏ئۆتۆمبێل لە عێراق بووە بە چینی". بەڵام ئەم زۆربوونە بێ كێشە نەبووە، ‏بەشێك لە بازرگانان پێیان وایە ئۆتۆمبێلی چینی بازاڕی ئۆتۆمبێلەكانی ‏دیكەی نەهێشتووە و داوا دەكەن هاوردەكردن رابگیرێت، چونكە بازاڕەكە ‏‏"بە لێشاو" ئۆتۆمبێلی تێدەكرێت.‏

كوالێتی و گونجان لەگەڵ ژینگەی كوردستان

مشتومڕێكی توند لەسەر كوالێتی ئۆتۆمبێلەكان دروست بوو. بەڕێوەبەری ‏گشتیی تۆیۆتا لە عێراق، ئامانج ئەمجەد، بە راشكاوی رایگەیاند: "ئۆتۆمبێلی ‏چینی بۆ كوردستان دروست نەكراوە". ئەو هۆشداریشی دا لەوەی كە پاتری ‏ئۆتۆمبێلە هایبریدە چینییەكان مەترسیدارە و زۆرجار كەرەستەی یەدەگی ‏ئەسڵیان دەست ناكەوێت، تەنانەت ئاماژەی بەوە كرد كە "تۆیۆتای چینی ‏كەرەستەی تۆیۆتای رەسەنی بۆ نابێت".‏

هاوكات، بەشێك لە فرۆشیاران جەختیان لەوە كردەوە كە ئۆتۆمبێلی ‏ئەمەریكی لە رووی كوالێتییەوە باشترە و هیچ ئۆتۆمبێلێك بە تەواوی بۆ ‏كەشوهەوای هەرێمی كوردستان دروست نەكراوە. پارێزەرێكیش داوای لە ‏داواكاری گشتی كرد لەسەر بابەتی كۆپیكردنی براندە رەسەنەكان لەلایەن ‏كۆمپانیا چینییەكانەوە هەڵوێستی هەبێت. بەڵام فرۆشیارانی چینی رەتی ‏دەكەنەوە ئۆتۆمبێلەكانیان مەترسیدار بن و دەڵێن "بەپێی بازاڕی ئێستا ‏بێت، داهاتوو بۆ ئۆتۆمبێلی چینی دەبێت".‏

فێڵكردن، دەستكاریكردن و ئۆتۆمبێلی دزراو

لایەنێكی تاریكی بازاڕەكە لەلایەن ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژكارەوە ‏ئاشكرا كرا. بە گووتەی ناوبراو "نزیكەی ٢٠ هەزار ئۆتۆمبێلی دزراوی وڵاتان ‏لە هەرێمی كوردستان هەن و بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكان لەلایەن ئینتەرپۆڵەوە ‏داواكراون". ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش كرد كە مامەڵەی ئۆتۆمبێل لە ‏هەرێم زۆر ئاڵۆزە و زۆرێك لە هاونیشتمانیان هۆشیاریی یاساییان نییە، بۆیە ‏تووشی كێشە دەبن.‏

فرۆشیارانیش دان بەوەدا دەنێن كە فێڵ لە كڕیار دەكرێت. یەكێك لە ‏فرۆشیاران گووتی: "بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكان دەستكاری كیلۆمەتری ‏رۆیشتنیان دەكرێت و زۆر كات چاوساخەكان فێڵ لە كڕیار دەكەن". ‏سەرەڕای ئەوەی حكومەت دەستكاریكردنی كیلۆمەتری قەدەغە كردووە، ‏بەڵام هێشتا وەك دیاردە ماوەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە كرا كە بەشێك لە ‏ئۆتۆمبێلە نوێیەكان لە بنەڕەتدا "بەربكەوتەی لافاون" و بە ناوی نوێوە ‏دەفرۆشرێن.‏

نرخەكان و زیانی كڕیاران

‏"هەر ئۆتۆمبێلێك بكڕیت لە فرۆشتنەوە زیان دەكەیت". ئەمە قسەی كڕیارێك ‏بوو كە لە دۆخی بازاڕ بێهیوا بووە. خاوەنی پێشەنگایەك ئاماژەی بەوە كرد ‏كە ئۆتۆمبێلەكانیان "یەك پیاسەی پێ بكرێت نرخی كەم دەكات". بازاڕەكە ‏گەیشتووەتە ئاستێك كە هەندێك فرۆشیار ئامادەن بە قازانجی زۆر كەم (50 ‏هەزار دینار) ئۆتۆمبێل بفرۆشن، یان ئۆتۆمبێلی زۆر هەرزان بە 300 بۆ ‏‏400  هەزار دینار (وەك پێشەكی یان جۆری كۆن) مامەڵەی پێوە دەكرێت.‏

لەگەڵ ئەوەشدا، بازاڕی ئۆتۆمبێلی گرانبەها (وەك رۆڵس رایس) كڕیاری ‏تایبەتی خۆی هەیە ‌و نرخی جۆرێكی دەگاتە 700هەزار دۆلار كە بەزمانی ‏خەڵكی بازاڕ پیی دەگوترێ‌ 70دەفتەر دۆلار، بەڵام بە گوتەی خاوەن ‏پێشەنگاكان، خەڵكی شارەكانی دیكەی عێراق زیاتر لە خەڵكی هەرێمی ‏كوردستان ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەكڕن. بە گشتی فرۆشیاران هاوڕان كە ‏‏"بازاڕی كڕین و فرۆشتن نەماوە و دۆخەكە خراپە".‏

میوانە سەرەكییەكانی بەرنامەكە پێكهاتبوون لە:‏

‏- ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژكار
‏- ئامانج ئەمجەد، بەڕێوەبەری گشتیی لە كۆمپانیای تویوتا لە عێراق
‏- ئارام فەرهاد، شارەزا لە بواری ئۆتۆمبێلی گرانبەها
‏- بەرزان سلێمان، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل لە رێگای ئۆنلاین
‏- فارس محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی پێشەنگا‌و كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل
‏- هێمن عەلی، فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی چینی
‏- هەرێم عەتار، بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل