یارییە ئەلیكترۆنییەكان؛ لە ‏نێوان فەرامۆشی ‌و مەترسیدا

04 January 2026
یارییە ئەلیكترۆنییەكان؛ لە ‏نێوان فەرامۆشی ‌و مەترسیدا

ئایا یارییە ئەلیكترۆنییەكان لە هەرێمی كوردستان تەنیا هۆكارێكی ‏كاتبەسەربردنن، یان پیشەسازییەكی گەورەی ئابووریی فەرامۆشكراون؟ ‏ئەمە ئەو پرسیارە جەوهەرییە بوو كە لەم بەرنامەیەدا ئاراستەی میوانەكان‌و ‏شارەزایانی بوارەكە كرا. وەڵامەكان ئاماژە بۆ راستییەكی تاڵ دەكەن؛ ‏هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا تەنیا وەك بەكارهێنەرێكی كات بەسەر بەر  ‏ماوەتەوە‌و ساڵانە ملیۆنان دۆلار لەم رێگەیەوە دەچێتە دەرەوەی وڵات، بێ ‏ئەوەی هیچ رێكخستنێكی یاسایی یان پلانێكی نیشتمانی بۆ پاراستنی ‏نەوەی نوێ‌ و سوودوەرگرتن لەم داهاتە گەورەیە هەبێت. پسپۆڕانی ‏دەروونناسی‌و شارەزایانی بوارەكە هۆشداری دەدەن كە بەكارهێنانی بێ ‏سانسۆری یارییەكان ‌و نەبوونی چاودێری، مەترسی گەورەی لەسەر رەوشتی ‏كۆمەڵگە‌و داهاتووی منداڵان دروست كردووە‎.‎

بازاڕێكی گەرم ‌و بێ چاودێری

دڵشاد عەبدول، كە فرۆشیارێكی دیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكانە، باس لەوە ‏دەكات كە وەرزی پشووەكان وەك "زەمەنی زێڕین" بۆ بازاڕەكەیان هەژمار ‏دەكرێت. ئەو دەڵێت "لە كاتی پشووەكاندا بازاڕی یارییە ئەلیكترۆنییەكان ‏زۆر گەرمە‌و نرخی یارییەكانیش لە نێوان 20 بۆ 40 دۆلاردایە". بەڵام ‏ئەوەی جێگەی سەرنجە، وەك دڵشاد ئاماژەی بۆ دەكات، ئەوان تەنیا یاری ‏بەو منداڵانە دەفرۆشن كە لەگەڵ دایك ‌و باوكیان دێن، بەڵام ئەمە بەس نییە ‏بۆ رێگری لە مەترسییەكان‎.‎

سۆران جەمال، كە ئەویش فرۆشیارە، پەنجە دەخاتە سەر لایەنێكی تری ‏كێشەكە‌و دەڵێت "دایك‌ و باوكان رێنماییەكان جێبەجێ ناكەن". ئەو باوەڕی ‏وایە كە بەشێك لە یارییەكان خراپن ‌و هیچ چاودێرییەكی حكومییان لەسەر ‏نییە. سۆران دەڵێت "ئاساییە منداڵ 10 تاوەكو 20 كاژێر یاری بكات"، كە ‏ئەمە خۆی لە خۆیدا جێگەی مشتومڕێكی گەورەی دەروونییە. لە بەرانبەردا، ‏كەیوان كەیفی ئاماژە بەوە دەكات كە یارییەكان بە هەموو منداڵێك ‏دەفرۆشرێن ‌و نرخی هەندێكیان زۆر گرانە، ئەمەش بارگرانییەكی دارایی بۆ ‏خێزانەكان دروست دەكات‎.‎

مەترسییەكان لە ژووری ماڵەكاندا

ئایە یوسف، وەك هاونیشتمانییەك، باس لەوە دەكات كە زۆربەی یارییەكان ‏روویان لە كوڕانە ‌و دایك ‌و باوكان لە ئاست ئەو مەترسییانەدا بێئاگان كە لە ‏نێو یارییەكاندا هەن. میر یوسف، كە خۆی بەكارهێنەرێكی سەرسەختی ‏یارییەكانە تەمەنێكی كەمی هەیە هێشتا نەگەیشتۆتە 18ساڵ، دەڵێت ‏‏"ئەگەر كارم نەبێت هەشت كاژێر یاری دەكەم، حەزم لەو یارییانەیە كە ‏شەڕیان تێدایە، بەڵام هەست دەكەم كاریگەری خراپی لەسەر چاوم ‏هەبووە‎".‎

كارۆڵ ئامانج، كە فرۆشیارێكی ئەم بوارەیە، چیرۆكی زۆر مەترسیدارتر ‏دەگێڕێتەوە. ئەو دەڵێت "منداڵ هەبووە دزی لە ماڵەوە كردووە تاوەكو پارە ‏بدات بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان، تەنانەت خەڵك هەیە رۆژانە دوو هەزار دۆلار ‏لەم پێناوەدا خەرج دەكات". بە گوتەی كارۆڵ، ئەم یارییانە گەیشتوونەتە ‏ئاستێك كە بوونەتە هۆكار بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان ‌و جیابوونەوەی ‏هاوسەرەكان‎.‎

توندوتیژی ‌و بێ سانسۆری

نزار محەممەد، فرۆشیاری یارییەكان، دان بەوەدا دەنێت كە "یارییە ‏ئەلیكترۆنییەكان زۆرترین توندوتیژییان تێدایە ‌و گرتەی نەشیاو لە نێو ‏هەندێكیاندا هەن". ئەمە لە كاتێكدایە كە تەنیا بەدرەدین، پسپۆڕی ‏دەروونناسی، ئاماژە بەوە دەكات كە منداڵان بەبێ هیچ سانسۆرێك دەستیان ‏بەم یارییانە دەگات. ئەو دەڵێت "بەشێكی یارییەكان قسەی نەشیاوی ‏زۆریان تێدایە‌و بەكارهێنانی زۆری ئەم یارییانە مەترسیدارە، بۆیە پێویستە ‏رێكبخرێنەوە‎".‎

ئاكار فەرەیدوون، شارەزای ئەم بوارە، جەخت لە گرنگی چاودێری دایك‌و ‏باوك دەكاتەوە‌و دەڵێت "هەموو یارییەكان تەمەنی بەكارهێنەرانیان بۆ دیاری ‏كراوە، بەڵام بەشێك لە یارییەكان بۆ منداڵان نابن ‌و بابەتی نەشیاوییان زۆر ‏تێدایە". ئەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە هەرێمی كوردستان ‏پێداویستییەكانی بەرهەمهێنانی یاریی نییە ‌و ئەوەی بەرهەمیش هێنراوە ‏تەنیا یاری بچووك بوون.‏

ملیۆنان دۆلار لە كوردستان دەچێتە دەرەوە

كاوان بەهمەن، كە لە سەنتەرێكی یارییەكان كاردەكات، باس لە زیانە ‏ئابوورییەكانی ئەم بوارە دەكات ‌و دەڵێت "بەهۆی یارییە ‏ئەلیكترۆنییەكانەوە ملیۆنان دۆلار دەبرێتە دەرەوەی وڵات". ئەو ئاماژە بۆ ‏ئەوە دەكات كە گەنج هەیە 10 كاژێر یاری دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ‏دژی قەدەخەكردنی یارییەكانە، چونكە زیانی ئابووری دەبێت، بەڵكو دەڵێت ‏‏"دەبێت هانی گەنجانی كورد بدرێت خۆیان یاری دروست بكەن".‏
ژیار كوردش، فرۆشیارێكی تر، پێی وایە هەموو تەمەن‌و رەگەزەكان یاری ‏دەكەن، بەڵام زۆرینەیان كوڕانن. ئەو دەڵێت "چەند گەنجێكی كورد هەوڵی ‏دروستكردنی یاری دەدەن، بەڵام ناتوانن ركابەری یارییە بیانییەكان بكەن". ‏ژیار داوا لە وەبەرهێنەران دەكات روو لەم بوارە بكەن، چونكە دەستی كار لە ‏كوردستان هەرزانترە‌و دەكرێت داهاتێكی زۆر بۆ وڵات بگەڕێنێتەوە.‏

سەركەوتن لە نێوان فەرامۆشیدا

زانا خالید، كە زیاتر لە 30 ساڵە یاری دەكات، نموونەیەكی سەركەوتووە‌و ‏دەڵێت "یارییە ئەلیكترۆنییەكان بوونەتە سەرچاوەی داهات بۆم". هەروەها ‏ئاری خەلیل توانیویەتی لە رێگەی ئەم یارییانەوە براندی تایبەتی خۆی ‏دابمەزرێنێت‌و پێشنیار دەكات یارییە فۆلكلۆرییەكانی كورد بكرێنە ‏ئەلیكترۆنی‎.‎

ژیر كڕاكن، یەكێكی ترە لەو گەنجانەی پێی وایە یارییەكان هۆكاری ‏توندوتیژی نین، بەڵكو دەرفەتن. ئەو دەڵێت "چەندین جار بەكارهێنەرانی ‏كورد بانگهێشتی دەرەوە كراون ‌و وڵاتان هاوكاری داراییان دەكەن، دەكرێت ‏لێرەش یاری دروست بكرێت ‌و بفرۆشرێت". میر عومەر، شارەزای بوارەكە، ‏رەخنە لەوە دەگرێت كە لە كوردستان تەنیا بەكارهێنەرین ‌و هیچ ‏پشتیوانییەك نییە، تەنانەت دەڵێت "بەشێك لە یارییەكان قوماریان تێدایە‌و ‏منداڵان دەبنە قوربانی".‏

پێویستی بە رێكخستن‌ و ستراتیژە

پێشەوا بەرزنجی، وەك بەكارهێنەرێك، دەڵێت "شێوازی بەكارهێنانی ‏یارییەكان پەیوەستە بە خودی بەكارهێنەرەكانەوە، دەبێت هەمووان ‏بەشێكی ژیانیان بۆ یاری تەرخان بكەن، بەڵام بە شێوەیەكی تەندروست". ‏سپیدی گەیمەریش داوا دەكات یارییەكان لە كوردستان بەرهەم بهێنرێن، ‏چونكە لایەنی باشیان زۆرە.‏
كورتەی قسەی هەموو بەشداربووان ئەوەیە كە كورد لەم بوارەدا تەنیا پارە ‏خەرج دەكات، لە كاتێكدا وڵاتان پارەی لێ پەیدا دەكەن. بۆیە هەمووان ‏لەسەر چەند رایەك كۆ دەنگ بوون كە ئەوانیش بریتییە لە
‏"حكومەتی هەرێمی كوردستان سنوورێك بۆ بەكارهێنان‌ و جۆری یارییەكان ‏دابنێت، وەبەرهێنەران پشتگیری گەنجانی داهێنەر بكەن بۆ دروستكردنی ‏یاری كوردی هاوكات پێویستیشە دەزگایەكی تایبەت بۆ رێكخستنی ئەم ‏پیشەسازییە ملیۆن دۆلارییە هەبێت، جگەلەوە دەبێت دایك ‌و باوكان لە ‏مەترسییەكانی ئاڵوودەبوون و ناوەڕۆكی یارییەكان هۆشیار بكرێنەوە".‏

ئەم بەرنامەیە بە بەشداری چەندین میوان پێشكێش كراو كە بریتی بوون لە

‏- پێشەوا بەرزنجی، بەكارهێنەری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- ئاری خەلیل، بازرگانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- ژیر كڕاكن، بەكارهێنەری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- زانا خالید، شارەزای یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- تەنیا بەدرەدین، پسپۆڕی دەروونزانی

لە پێشەكی بەرنامەكەشدا راپۆرتێك نیشاندرا ئەوانەی بەشدارییان تێدا ‏كرد بریتی بوون لە

‏- دڵشاد عەبدول، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
- سۆران جەمال، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- میر یوسف‌ و ئایە یوسف، هاونیشتمانی
‏- كارۆڵ ئامانج، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- سیروان عەبدوڵڵا، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- كاوان بەهمەن، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- ژیار كوردش، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- كەیوان كەیفی، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- كەمال خورشید، هاونیشتمانی
‏- نزار محەممەد، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- هەڤاڵ خالید، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- هەستیار ئەتاری، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- بەختیار محەممەد، فرۆشیاری یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- رەنجۆ مەحموود، یوتیوبەر
‏- ئاكار فەرەیدوون، شارەزای یارییە ئەلیكترۆنییەكان
‏- میر عومەر، شارەزای یارییە ئەلیكترۆنییەكان