لە بەسرەوە بۆ ریاز

لە بەسرەوە بۆ ریاز
گەنجێکی خەڵکی بەسرە بە ناوی کەرار شەریف، لە کاتی بەشداریکردنیدا لە بەرنامەی یەکەم دەنگ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە 2025، خەونی خۆی ئاشکرا کرد کە بینینی ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی ریازی سعوودی، ئیبراهیم بایش بوو. دوای پەخشکردنی بەرنامەکە، ئیبراهیم بایش ڤیدیۆکە دەبینێت و پەیوەندی بە رووداوەوە دەکات و داوا دەکات کە رێگەیەک بۆ بینینی ئەو گەنجە رێکبخەن. لێرەوە، تۆڕی میدیایی رووداو بڕیاریدا خەونەکەی کەرار بکاتە راستی و کار بۆ بەدیهێنانی بکات.

رووداو، گەشتێکی لە بەسرەوە بۆ هەولێر و دواتر بۆ ریازی پایتەختی سعودیە بۆ کەرار رێکخست، بەبێ ئەوەی کەرار ئاگاداری وردەکاریی گەشتەکە و ئەو سوپرایزە گەورەیە بێت کە چاوەڕێی دەکات. تەنیا پێی گوترابوو کە بۆ بینینی یارییەکی یانەی ریاز دەچنە سعوودیە. ئەم نهێنییە، پەرۆشیی گەشتەکەی زیاتر کردبوو و وایکردبوو کە چرکەساتی بینینی ئیبراهیم بایش بۆ کەرار ببێتە شۆکێکی چاوەڕواننەکراو.

لە ریاز، تیمی رووداو بە بیانووی گۆڕینی هۆتێل، کەراریان بردە ماڵی ئیبراهیم بایش. لەوێ، کەرار رووبەڕووی ئەو ئەستێرەیە بووەوە کە هەمیشە خەونی پێوە دەبینی. یەکەم قسەی کەرار دوای بینینی بایش بریتی بوو لە "وەڵا شۆکێکی بەهێز بوو، بڕوام نەدەکرد." ئەم چرکەساتە، سەرەتای بەدیهاتنی خەونێکی گەورەتر بوو بۆ ئەو گەنجە بەهرەمەندەی بەسرە.

بەم کارە، تۆڕی میدیایی رووداو رۆڵی خۆی لە بەدیهێنانی خەونی گەنجێکدا نیشان دا و پردێکی لە نێوان گەنجێکی ئاسایی و ئەستێرە دڵخوازەکەیدا دروستکرد. رووداو، جگە لە رێکخستنی دیداری نێوان کەرار و ئیبراهیم بایش، دەرفەتی ئەوەشی بۆ کەرار رەخساند کە لە نزیکەوە ئامادەی راهێنانەکانی یانەی ریاز بێت و لەگەڵ ئەستێرە دڵخوازەکەیدا کێبڕکێی لێدانی تۆپ لە ستوون بکات، بەمەش یادگارییەکی لەبیرنەکراوی لە ژیانیدا بۆ تۆمارکرا.