کەمەرەی نوێی هەولێر

کەمەرەی نوێی هەولێر

ئێرە نەجەف و کەربەلا یان تکریت و بەغدا نییە، کۆمەڵگای کانی قرژاڵەیە لە 26 کیلۆمەتری رۆژاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

 

تەمەنی 53 ساڵە و خاوەنی 13 منداڵە، بچوکترینیان تەمەنی 8 مانگە و گەورەترینیان 25 ساڵە. راتب خەڵکی ناحیەی تەل عەبتەی سەر بە پارێزگای نەینەوایە، خێزانێکی 15 کەسی لە دوو ژووری بچووکدا دەژین و مانگانە 120 هەزار کرێ خانوو دەدەن. لە زێدی خۆی خەریکی ئاژەڵداری بووە ، نزیکەی 2 ساڵە بەهۆی وشکەساڵی، ژیانی خۆی و خێزانەکەی زەحمەت بووە ، بۆیە 7 مانگ لەمەوبەر هەموو شتێکی فرۆشت و رووی کردە کانی قرژاڵە.

راتب نەچووەتە قوتابخانە و خوێندەواری نییە ، لەوەتەی هاتوونەتە کانی قرژاڵە، منداڵەکانی نەناردووەتە قوتابخانە و بەنیازیش نییە بیاننێرێت. ئەوان یان لە کۆڵان یاری دەکەن یان لە عەلوەی هەولێر کار دەکەن.

 

بەپێی ئاماری ئاسایش و گوتەی سەرۆک عەشیرەتێکی عەرەبی دانیشتووی کانی قرژاڵە ، 1500 خێزان لەم کۆمەڵگایە دەژین کە 750 خێزانیان عەرەبن، واتە نیوەی دانیشتووانەکەی. ئەمە لە کاتێکدا هەتا ساڵی 2012 کەمتر لە  30 ماڵی عەرەب لەم شوێنە بوون.

 

سەردانی گەڕەک و ماڵەکانم کردن، خۆیان دەڵێن بێکاری، نائارامی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بەم دواییەش وشکەساڵی، هۆکاری کۆچی ئەوانە بۆ کوردستان، بەتایبەتی لە مووسڵ و دەوروبەرییەوە. بەم پێیە بێت، هەرێمی کوردستان لەبەردەم شەپۆلێکی بەردەوامی کۆچدایە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە.

بە گوێرەی ئاماری نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، هاتنی عەرەبەکان بۆ ئەم کۆمەڵگایە لە چاو رابردوو زیادی کردووە و نرخی کرێی خانووش بۆ 250 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

 

دەچینە کۆمەڵگای کاوە کە 10 کیلۆمەترێک لە باشووری پایتەختی هەرێمی کوردستان دوورە و سەر بە ناحیەی قوشتەپەیە، بەڵام دیمەنی نێو کۆمەڵگاکە و ئامارەکانی، شتێکی دیکەمان پێدەڵێن.

 

هەتا ساڵی 2013 ، لە کۆمەڵگای کاوە 350 ماڵی کورد و 12 ماڵی عەرەب هەبوون، بەڵام لە دوای ساڵی 2014 وەو بەهۆی هاتنی بەردەوامی خێزانە عەرەبەکان، ئێستا  926 خێزانی عەرەب لەم کۆمەڵگایە نیشتەجێن، بەڵام ژمارەی خێزانە کوردەکان تەنیا 533  خێزانە، بە ژمارەش 3 هەزار و 454 کورد بەرامبەر 5461 عەرەبن، واتە عەرەبەکان زۆرینەی ئەم کۆمەڵگایە پێکدێنن.

زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان لەم کۆمەڵگایە، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی خزمەتگوزاری .

 

 

کۆمەڵگای بەحرکەیە لە باکووری هەولێر، ئێرەش لە هاتنی بە لێشاوی عەرەب بێبەش نەبووە و لە هەر 10 دانیشتوی ئەم کۆمەڵگایە 4کەسیان عەرەبن و تەنانەت گەڕەک و قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان هەیە.

 

ماوەی مانگێکە لەگەڵ ژن و 2 منداڵەکەی لە بەغداوە هاتوونەتە بەحرکە، خۆی و هاوژینەکەی لە وەزارەتی پەروەردە گوازراونەوتەوە پەروەردەی هەولێر . کێشەی مەزهەبیی نێوان سوننە و شیعە، بەتایبەتی لەدوای فراوانبوونی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، هۆکارێکی دیکەی کۆچە لە ناوچە سوننییەکانەوە.

 

هاوشێوەی قوشتەپە و کانی قرژاڵە، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی عەرەب، مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لە بەحرکەش راگیراوە، بەهۆی ئەمەوە خواست لەسەر بەکرێگرتن و کڕینی خانوو لەم کۆمەڵگایە زیادی کردووە.

 

لە بەحرکەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری هەولێر دەچین ، دیمەنێک کە ئەم رۆژانە زۆر کەس لە دەوروبەری هەولێر دەیبینن، ژن و منداڵ خەریکی ئاژەڵدارین. هەندێک لەم خێزانانە بە حوشترەکانیانەوە هاتوون.

دەچینە گردەچاڵ لە نزیکی بەحرکە. ئەم خێزانە خەڵکی بەعاجی سەر بە پارێزگای نەینەوان، سەقەر خاوەنی دوو ژن و 8 منداڵە و پێشتریش 7 منداڵی هەر بە بچووکی مردوون، ئێستا کوڕە گەورەکەیشی پێنج منداڵی هەیە، لەم خانووەدا دادەنیشن کە فەرمانگەی کۆنی کارەبایە. ساڵی 2005 لەگەڵ هەموو خزم و کەسوکاری کە نزیکەی 60 کەس بوون، زێدی خۆیان بەجێهێشتووە.

بەشی زۆری ئەم خێزانانە، منداڵەکانیان هەر لە کوردستان لەدایکبوون و گەورەبوون، بۆیە ئەگەر ئارامی بۆ ناوچەکانیشیان بگەڕێتەوە، هێشتا ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەبەر زۆر هۆکاری دیکە، ئەگەرێکی لاوازە.

 

سەقەر خۆی نەخۆشە و توانای کارکردنی نییە ، کوڕەکەی لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی بلۆک کار دەکات و ژن و کچەکانیشی رۆژانە لەنێو گردەچاڵ قوتوو خڕ دەکەنەوە. لە نێویاندا تەنیا مەحموود کوردی دەزانێت، لەگەڵ کچەکان شوێنی قوتووەکانم پیشان دەدەن کە رۆژانە کۆیدەکەنەوە و  لە مووسڵ کیلۆی بە 750 دینار دەفرۆشن.

 

بۆ چەند کاژێرێک لەگەڵ ئەم منداڵانە بووم کە تەمەنیان لە نێوان 2 بۆ 9 ساڵە ،  نقومی یاری بوون و لە بیری کۆکردنەوە قوتوو بۆ سبەی دوور کەوتنەوە،  ژیانێک کە خۆیان هەڵیاننەبژاردووە.

لەم ساڵانەی رابردوودا، ژمارەی دانیشتووان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بەشێوەیەكی زۆر خێرا گەشەی کردووە ، گەرچی ئەم گەشەكردنە هیچ بڕیارێكی حكومی یان سیاسی لەپشتەوە نییە، بەڵام بەشێكی سەرەكی ئەو گەشەكردنە پەیوەندی بەئاستی بیركردنەوەی خێزانەكانی عێراقەوە هەیە كە زۆریی ژمارەی منداڵیان بەستووەتەوە بە باوەڕی ئایینی یان نۆرمی کۆمەڵایەتییەوە.

نەبوونی هیچ پلانێک بۆ کۆنترۆڵی دانیشتووان کێشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆری بەدواوە دەبێت، بۆ هەرێمی کوردستانیش سەرەتاکانی مەترسییەک بەدیار دەخات کە مەترسیی تێکچوونی دیمۆگرافیایە.

بەرزبوونەوەی ئاستی نەخوێندەواری، بێکاری، زیادبوونی کاری سەر شەقام و سواڵکردن و  کرێکاری بۆ منداڵ و گەنجانی عەرەب و کەمیی هەلی کار بۆ گەنجانی کورد لە دیارترین ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە دەبن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی دەبنەوە. 

بەپێی بەدواداچوونەکانمان، بەشێکی زۆری ئەم خێزانە عەرەبانە ئامادە نین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دەیانەوێ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە. ئەوان بە ئاسانی و بەبێ پێدانی هیچ بڕە پارەیەک، ئیقامەی یەک ساڵ وەردەگرن و دواتر دەتوانن درێژی بکەنەوە. مانگانەش دەچنەوە ناوچەکانی خۆیان و بەشە خۆراک و نەوتی خۆیان دێننەوە.

 

لە کاتێکدا کە ساڵانێکە مشتومڕێکی زۆر لەسەر چارەنووسی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەیە و بە عەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان هێشتا بەردەوامە، لێرە لە دەوروبەری هەولێر، کۆچێکی بە شێنەیی خەریکە سیمای دەوروبەری شارەکە دەگۆڕێت. تەنانەت ئەگەر جیاوازیی نەتەوەیی بەلاوە بنێین، هێشتا کێشەیەکی جدیتر خۆی حەشارداوە، ئەویش پەیدابوونی گەڕەک و ناوچەی زەبەلاحی هەژارنشینە لە دەوروبەری سەنتەری شار، ئەمەش لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرۆکی هەولێر دەگرێت.