محەممەد ئیسماعیل چیرۆکی سەرکەوتنی لە پاشیڤ دەگێڕێتەوە
بەرنامەی پاشیڤی تۆڕی میدیایی رووداو ئەم ساڵ لە رەمەزانی 2025دا لەلایەن پێشکێشکار بەتوانای رووداو بێستوون عوسمانەوە پێشکێشدەکرێت.
بەرنامەکە بریتییە لە گفتوگۆی قووڵ لەگەڵ کەسانی سەرکەوتوو، خواردن و میوزیکی کوردی و پێشبڕکێ و بردنەوەی خەڵات. بێستوون عوسمان لە سەرەتادا رەمەزانی وەکو "فێستیڤاڵێک" و "کەرنەڤاڵێک" وەسف کرد و گوتی هەموو 30 رۆژەکەی تامی جەژنی هەیە.
یەکەم ئەڵقەی بەرنامەکە میوانداری محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری رێپێدراوی زنجیرە مارکێتەکانی TeamMartی کرد و چەندین لایەنی ژیانی کار و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە کوردستان خستەڕوو. محەممەد لە گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانیدا ئاشکرای کرد چۆن لە بنەماڵەیەکی هەژاری گەڕەکی بەلاشاوەی کەرکووک گەورە بووە و لە تەمەنی 9 ساڵییەوە دەستی بە کار کردووە. بە گوتەی خۆی: "پێش مەلا بانگدان نانم دەبردە قۆریا، تەمەنم هەشت، نۆ ساڵ بوو، دەچووم نانەکەی خۆم دەفرۆشت."
لەباسی دەستپێکی کاری پیشەییدا، محەممەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد کە لەساڵی 1992ەوە دەستی بە کاری دەرمان کردووە بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی لەو بوارەدا هەبێت. ئەمڕۆ کۆمپانیای هاوکاری محەممەد نزیکەی %21ی بازاڕی دەرمانی عێراقی کۆنترۆڵ کردووە و تیم مارت 150 مارکێتی لە هەولێر، سلێمانی و موسڵ هەیە. کۆمپانیاکانی ئەو نزیکەی 4000 کارمەندیان هەیە و پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2028 ژمارەی مارکێتەکانی بگەیێنێتە 1000 مارکێت.
سەبارەت بە کارکردنی ژنان، محەممەد ئیسماعیل دەڵێت: "جیاوازی نێوان ژن و پیاو نییە لە ئیشکردندا". چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی محەممەد ئیسماعیل پەیوەندی بە فێربوونی زمانی ئینگلیزییەوە هەیە، کاتێک لە ماوەی 25 رۆژدا و 50 کاژێری چڕدا، توانی ئاستێکی باشی زمان بەدەستبهێنێت. لە کۆتایی بەرنامەکەدا، ئیسماعیل بەڵێنی دا خەرجی خوێندنی دوو خوێندکار لە دەرەوەی وڵات بگرێتە ئەستۆ بە مەرجێک دوای تەواوکردنی خوێندن بگەڕێنەوە کوردستان.
لە بەرنامەکەدا چەندین گۆرانی و سروودی ئایینی لەلایەنی گرووپی میوزیکژەنانەوە پێشکێشکران. ئەو سروود و گۆرانییانەی پێشکێشکران بریتیبوون لە "یا غەوس"، "یا رەسولەڵڵا" و "حاڵ پەرێشان". هونەرمەند و سروودبێژی ئایینی حاجی کاوە و تیمی میوزیکی بەرنامەکە کەشێکی خۆشی رۆحییان دروستکرد.
کەیوانی چێشتلێنەر مەنجەڵێکی گەورەی دۆڵمەی لە بەرنامەکەدا ئامادە کرد و دوای تەواوبوون، بێستوون عوسمان و محەممەد ئیسماعیل پێکەوە چوون بۆ دابەشکردنی خواردن بەسەر خەڵکی ئەو گەڕەکەی شاری هەولێر کە محەممەد ئیسماعیل تەمەنی منداڵی تێدا بەسەربربوو.