بەرهەمی کوردی بە ستانداردی جیهانی

03 March 2025
بەرهەمی کوردی بە ستانداردی جیهانی

بەرنامەی سێیەمی پاشیڤ میوانداری مەدیەن سەباحی کرد، کە سەرمایەدار و خاوەنی کۆمپانیای رامی فارمە کە لە بواری ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی شیرەمەنی دا کاردەکات. لە بەرنامەکەدا کۆمەڵێک گەنجی خوێندکار لە زانکۆکانی شاری هەولێر وەکو زانکۆی تیشک، سەڵاحەدین، سۆران و جیهان بەشدارییان کرد. 

لە سەرەتای بەرنامەکەدا، پێشکێشکار بێستوون عوسمان باسی چالاکی شەوی پێشووی بەرنامەکە دەکات کە چۆن دوای تەواوبوونی بەرنامە چوونەتە ماڵی هونەرمەند عارەب عوسمان لە گەڕەکی تەیراوە و پاشیڤیان لەگەڵ کردووە. هەروەها رایدەگەیەنێت کە ئەمشەویش دوای بەرنامەکە دەچنە گەڕەکی باداوە. 

لە بەرنامەکەدا مەدیەن سەباح، چیرۆکی پڕۆژەی رامی فارم دەگێڕێتەوە، باس لەوە دەکات کە چۆن لە تەمەنی 14 ساڵییەوە بە چوار مانگا دەستی پێکردووە کە باوکی بۆی کڕیون، ئەمڕۆ خاوەنی کۆمپانیای رامی فارمە کە 1500 مانگای هەیە و 50 جۆر بەرهەمی شیرەمەنی بەرهەمدەهێنێت. ئەو دەڵێت: "لە ساڵی 2000-2001 باوکم چوار مانگای بۆ کڕیم، هەر ئیشمان کرد و زیادمان کردن." مەدیەن لە ساڵی 1986 لە ئاوارەیی لەدایکبووە و دوای ساڵی 1992 گەڕاونەتەوە گوندەکەیان. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی لە گوند تەواو کردووە و دواتر لە زانکۆی نەورۆز لە دهۆک بەکالۆریۆسی لە یاسا وەرگرتووە.

لە ساڵی 2009 پڕۆژەکەی گەورەتر کردووە و 200 مێگوان یاخود گوێرەکەی هێناوە، بەڵام نەیتوانیوە شیرەکەیان بفرۆشێت چونکە هیچ کارگەیەکی شیر نەبووە. لە ساڵی 2019 بڕیاری داوە پڕۆژەیەکی تەواوکراو دابمەزرێنێت کە هەم مانگا بەخێو بکات و هەم کارگەی شیرەمەنیش لەخۆ بگرێت. لەساڵی 2021 بە چەند بەرهەمێکی کەم وەکو ماست دەستی پێکردووە و، ئەمڕۆ گەیشتوونەتە 50 جۆر بەرهەمی شیرەمەنی جیاواز، وەکو شیر، ماست، پەنیری جۆراوجۆر، لۆر، و رۆنی ئاژەڵی. ئێستا رۆژانە 22 تۆن بەرهەمی شیریان هەیە و پلانیان هەیە بگەنە 50 تۆن شیر. مانگاکانیان هەمووی هۆڵشتاینی فریزین کە باشترین جۆری مانگان بۆ بەرهەمهێنانی شیر و، لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپاوە هێناویانن وەکو ئەڵمانیا، هەنگاریا و هۆڵەندا.

مەدیەن سەباح جیاوازیی بەرهەمەکانی رامی فارم لەگەڵ بەرهەمە هاوشێوەکانی بازاڕ روون دەکاتەوە. ئەو دەڵێت بەرهەمەکانی ئەوان 100% سرووشتین و هیچ ماددەی پارێزەر یاخود شیری تۆزیان تێدا نییە. جەخت لەوە دەکاتەوە کە شیری مانگا خۆی چەوری تێدایە و پێویست ناکات هیچ رۆن یان چەورییەکی دیکەی تێبکرێت، بەڵام زۆر کۆمپانیای دیکە شیری تۆز بەکاردەهێنن و رۆنی رووەکی تێدەکەن کە زیانبەخشە بۆ تەندروستی. ئەو بازرگانە گەنجە باسی گرنگی پشتگیریکردنی بەرهەمی خۆماڵی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پڕۆژەیە خزمەتی ئابووری کوردستان دەکات، چونکە هەم جووتیاران کەڵکیان لێوەردەگرن، هەم 200 هەلی کاری بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە. هەروەها باس لەوە دەکات کە رامی فارم یەکەم پڕۆژە بووە کە بە شێوەیەکی سەردەمیانە مانگای بەخێو کردووە.

بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەتە بە بە پێشبڕکێی پاشیڤ کە بینەران بەشداری تێدا دەکەن و دەبێت وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بدەنەوە. براوەی ئەم شەو "باخان ئەمین عەلی" لە گەڕەکی رزگاری لە سلێمانی بوو کە لە ماوەی 35 چرکەدا وەڵامی هەموو پرسیارەکانی داوەتەوە. هەروەها "دانەر قاسم عەبدولحەق"، براوەی شەوی پێشوو، هاتووە بۆ ستۆدیۆ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی. 

لە بەرنامەکەدا حاجی کاوە چەند گۆرانییەکی ئایینی پێشکەش دەکات، یەکێکیان بە شێوەزاری بادینی کە ئاماژە بە گرنگی فێربوونی زاراوەکانی دیکەی کوردی دەکات. هەروەها مەتا کەیوان، چێشتلێنەری پاشیڤ، خواردنی قەلییە ئامادە دەکات کە یەکێکە لە خواردنە بەتام و ناسراوەکان بەتایبەتی لە ناوچەی ئاکرێ.

یەکێک لە بەشداربووانی بەرنامەکە داوا لە مەدیەن سەباح دەکات کە خزمەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە بکات و بەرهەمەکانی رامی فارم لە نەخۆشخانەکانی هیوا و نانەکەلی دابین بکات. ئەویش بەڵێن دەدات لە سبەینێوە سەردانیان بکات و پرۆژەیەک بۆ هاوکاریکردنیان دەست پێبکات.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا بێستوون عوسمان جەخت لەسەر گرنگی پشتگیریکردنی بەرهەمی خۆماڵی دەکاتەوە و دەڵێت: "گرنگە کە لە کوردستاندا بەرهەمی خۆماڵی زیاتر ببێت، ئەوەی کە ئەرکی سەرشانی سەرمایەدارانە ئەوەیە کە کارگە دروست بکەن، کێڵگە دروست بکەن... ئەوەش کە ئەرکی سەرشانی ئێمەی هاونیشتمانییە ئەوەیە کە بچین کاتێک بەرهەمێکی خۆماڵی هەبوو، ئەوە بکڕین لەجیاتی بەرهەمە بیانییەکە".