گفتوگۆ لەگەڵ دکتۆر نەوزاد باجگر
پاشیڤی حەوتی رەمەزان، میوانداری دکتۆر نەوزاد باجگری کرد، کە کەسایەتییەکی ناسراوە لە بواری ئابووری و خوێندنی باڵای کوردستان و، دامەزرێنەر و سەرۆکی دەستەی بۆردی زانکۆی جیهانە و، خاوەنی چەندین کۆمپانیایە لە هەشت کەرتی جیاوازی ئابووری کوردستاندا.
لەسەرەتای بەرنامەکە، دکتۆر نەوزاد باسی لە ژیانی پیشەیی خۆی کرد، کە چۆن لە پزیشکەوە بووە بە بزنسمان و فێرکار. جگە لەوە باسی خواردن و رژێمی تەندروستی خۆی لە پاش تەمەنی 60 ساڵی کرد. هەروەها، دکتۆر نەوزاد ئاماژەی بەوە کرد کە لە کەرتەکانی پەروەردە، بانک، بیمە، خواردن، ئۆتۆمبێل و بیناسازیدا کار دەکات و گرووپی جیهان نزیکەی 50 تاوەکو 60 هەزار هەلی کاری لە کوردستاندا رەخساندووە.
شیعر و هونەریش بەشێک بوون لە ناوەرۆکی بەرنامەکە، دکتۆر نەوزاد شیعرێکی خۆی بە کوردی خوێندەوە و باسی لە توانای شیعر نووسینی بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و تورکمانی هەولێریش کرد. حاجی کاوەش چەند سروودێکی ئایینی پێشکەش کرد.
یەکێک لە تەوەرە گرنگەکان لە بەرنامەکەدا بابەتی گرنگی زمانی کوردی و دیجیتاڵایزکردنی زمانەکە بوو. دکتۆر نەوزاد جەختی لەسەر گرنگی ئەوە کردەوە کە زمانی کوردی بخرێتە ناو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان تاوەکو بمێنێتەوە و گەشە بکات. دکتۆر نەوزاد باسی لە سەنتەری زمانەوانی لە زانکۆی جیهان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ مانەوەی زمانێک لە سەردەمی ئێستادا پێویستە دیجیتاڵایز بکرێت.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، دکتۆر نەوزاد رایگەیاند کە زانکۆی جیهان و گرووپی جیهان پێنج زەمالەی خوێندن بۆ پێنج کەسی سەرکەوتووی کوردستان دابین دەکەن تاوەکو لە دەرەوەی وڵات ماستەر بخوێنن و بگەڕێنەوە بۆ خزمەتی وڵات. هەروەها داوای کرد کە هەموو ئەو کورسییانەی کە لەلایەن کەسایەتییەکانی دیکەوە راگەیەندراون کۆ بکرێنەوە و لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنیان پێکبهێنرێت.
لە بەشی پێشبڕکێی پاشیڤ، خەڵاتی ئەمشەو بۆ هاونیشتمانی "فواد ئەحمەد سادق" بوو کە توانیبووی لە 25 چرکەدا وەڵامی 10 پرسیار بداتەوە. شەوی رابردووش خەڵاتی تەلەڤزیۆنێک بۆ "ئەوین ئەبوبەکر ساڵح" لە گەڕەکی خەباتی سلێمانی دەرچوو، کە براکەی لەجیاتی هاتبوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە. بەرنامەکە بە جەوشەنێکی ئایینی لەلایەن حاجی کاوەوە و پارچە میوزیکی ساز کۆتایی هات.
بهشی بكه لە