لە چلوورە فرۆشییەوە بۆ بازرگانێکی گەورە

09 March 2025
لە چلوورە فرۆشییەوە بۆ بازرگانێکی گەورە

لە بەرنامەی پاشیڤی رۆژی نۆی رەمەزانی 2025، پێشکێشکاری بەرنامە بێستوون عوسمان، رایگەیاند تاوەکو ئێستا 18 کورسی خوێندن بۆ گەنجانی کوردستان لەلایەن میوانەکانی پاشیڤەوە دابینکراون.

بەشی سەرەکی بەرنامەکە بریتی بوو لە میوانداری کردنی خورشید مزووری، خاوەن و بەڕێوەبەری رێپێدراوی تانج گرووپ. خورشید مزووری چیرۆکی ژیانی خۆی گێڕایەوە و گوتی لە قوشتەپەوە بە چلوورە فرۆشتن دەستی پێکردووە و، ئێستاش بووەتە خاوەنی هەشت کۆمپانیا. تانج گرووپ لە هەشت بەشی جیاوازدا کاردەکات: وەبەرهێنان، نەوت و گاز، بازرگانی دەرمان، کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ماسی، گاوداری، خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، دەرهێنانی ڤیزا و ئیقامە و، کارگەی خواردنی ئامادە. بە گوتەی خورشید مزووری، کۆمپانیاکانی نزیکەی 400 هەلی کاریان رەخساندووە.

خورشید مزووری باسی رابردووی خۆی کرد کاتێک کە لە پۆلی سێی ناوەندی بەهۆی شەڕی براکوژی، لە خوێندن دابڕا، دواتر سەرلەنوێ خوێندنی بە شێوەی دەرەکی دەستپێکردەوە و، توانیویەتی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر بەدەستبهێنێت. ئێستا خورشید مزووری خوێندکاری دکتۆرایە لە یاسای گشتی لە ئوردن. 

لە بەرنامەکەدا، مەتێ خان، شێڤی پاشیڤ، خواردنی قەرەخەرمان و قۆزیی بەرخی ئامادە کرد. هاوژینی مەتێ، کاک غەفوور، هاتە ستۆدیۆ و چەپکەگوڵی هێنا و پێشکێشی مەتێی کرد. 

لە بەشێکی میوزیک و موناجات، حاجی کاوە چەند پارچە میوزیک و موناجاتی جوانی پێشکەش کرد. هەروەها مستەفا عەزیز، خوێندکاری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین، موناجاتێکی پێشکەش کرد.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، براوەی پێشبڕکێی رووداو راگەیەندرا کە خاتوو ژیلا محەممەد غەریب لە هەڵەبجە بوو، هەروەها خاتوو پەیمان خەبات کەریم پوور، براوەی پێشبڕکێی شەوی پێشوو، خەڵاتەکەی وەرگرت کە تەلەڤزیۆنێکی شاشە 55ی هایسێنس بوو.

لە کۆتایی بەرنامەکە خورشید مزووری بەڵێنی دا سێ کورسی خوێندن بۆ گەنجانی کوردستان دابین بکات، بە مەرجێک کە دوای تەواوکردنی خوێندنیان بگەڕێنەوە و خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن. 

بەرنامەکە بە پێشکێشکردنی پارچە میوزیکێکی کوردی کۆتایی هات.