چیرۆکی سەرمایەدارێکی خەڵکی شەقڵاوە
پاشیڤی 15ی رەمەزان، میوانداری دکتۆر خۆشەوی محەممەد، خاوەنی کۆمپانیای خاڵی کرد. بێستوون عوسمان لە سەرەتای بەرنامەکەدا ئاماژەی بە ژمارەی بەشداربووانی پێشبڕکێی پاشیڤی رووداو کرد لەو شەوەدا کە زیاتر لە 10 هەزار کەس بوو.
دکتۆر خۆشەوی محەممەد، خاوەن و بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای خاڵ، باسی لە کۆمپانیاکەی خۆی کرد کە لە ساڵی 1994ەوە کاری بازرگانی دەکات. ئەو خاوەنکارە جەختی لەسەر گرنگی کەرتی تایبەت کردەوە لە گەشەپێدانی ئابووری کوردستان و عێراق و، پێیوابوو ئەگەر رێگە بۆ کەرتی تایبەت بکرێتەوە، دەتوانێت ئابووری وەربچەرخێنێت و بەرەو پێشی ببات.
دکتۆر خۆشەوی باسی ژیانی منداڵیی خۆی کرد لە شەقڵاوە. ئەو لەساڵی 1968 لەدایکبووە و، لە خێزانێکی مامناوەند و کاسبکاردا گەورە بووە. باوکی و باپیری پێشتر کاری داربڕینیان دەکرد و دارەکانیان قاش دەکرد بۆ کاریتە بۆ خانووەکانی موسڵ. دواتر باوکی بووە بە شۆفێری تاکسی لە شەستەکان و حەفتاکان تاوەکو ساڵی 1980.
دکتۆر خۆشەوی باسی جوانییەکانی شەقڵاوەی کرد و یادەوەری خۆشی ژیان لەوێ، وەکو دیمەنی چیای سەفین و دەنگی ئاو. هەروەها باسی لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی موسوڵمان، کریستیان و جوو کرد لە شەقڵاوە، و چۆن ئەوان بە برایەتی و تەبایی ژیاون.
شێفی تایبەتی پاشیڤ، مەتێ خاتوون، تەشریبی بۆ میوانەکان ئامادە کرد کە پێکهاتبوو لە گۆشت، لیمۆی بەسرە، تەماتە و کۆمەڵێک پێکهاتەی دیکە. دوو خوێندکاری پزیشکی، نوور و هاوڕێیەکی، باسی سوودەکانی ئەم خواردنەیان کرد و ئاماژەیان بەوە دا کە گۆشتی سوور پڕە لە ئاسن و پرۆتینی باش.
گرووپی میوزیکی پاشیڤ کۆمەڵێک میوزیک و موناجاتی خۆش و پڕئاوازیان لەماوەی بەرنامەکەدا پێشکێشکرد.