پاشیڤی رووداو دەستیپێکرد و سێ ئۆتۆمبێل و دیاریی گرانبەها بۆ ئێوە ئامادەن
پاشیڤی رووداو لە رەمەزانی ساڵی 2026 بە پێشکێشکاریی سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح دەستیپێکرد. سەرەتای بەرنامەکە لەنێو پاسێکەوە دەستپێدەکات کە بە "کەژاوەی پاشیڤ" دەناسرێت و، دواتر دەچێتە ستۆدیۆی گەورە و تایبەتی پاشیڤی رووداو کە چەندین بڕگەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت. سەمیرا کارزان، کە وەکو هونەرمەند و گۆرانیبێژ ناسراوە، بۆ یەکەمجارە وەکو پێشکێشکار لەسەر شاشەی دەردەکەوێت.
یەکەم میوانی بەرنامەکە، ئەکتەری کۆمیدی حاجی جادرە. لە نزیک قەڵای هەولێر گفتوگۆکان دەستپێدەکەن. حاجی جادر، بە شێوازە کۆمیدییەکەی خۆی یادگارییەکانی لە بازاڕی هەولێر دەگێڕێتەوە، لەوانە کاتێک مەعجوونی ددانی فرۆشتووە و بەهەڵە داوای یارمەتی لە پیاوێکی شارەوانی کردووە. دواتر لەنێو پاسەکە و ستۆدیۆ، باسی کارە هونەرییەکانی و ئەو دەستەواژانە دەکات کە پێی ناسراوەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمیدیا لە تراژیدیا قورسترە، چونکە پێکەنین هێنانە سەر لێوی خەڵک کارێکی ئاسان نییە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، محەممەد شێخ فاتیح، چیرۆکێکی پڕ حیکمەت لەبارەی پیرەمێردێک و نەوەکەیەوە دەگێڕێتەوە. پیرەمێردەکە بۆ ئەوەی سوودی قورئان خوێندن بۆ کوڕەزاکەی روونبکاتەوە، داوای لێدەکات سەبەتەیەکی خەڵووز بە ئاو پڕبکات. هەرچەندە سەبەتەکە ئاو هەڵناگرێت، بەڵام لە ئەنجامدا پاک دەبێتەوە. بەو مانایەی کە قورئان خوێندنیش بەهەمان شێوە رۆح و دەروونی مرۆڤ پاک دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر لە هەموو واتاکانیشی تێنەگەیت. دواتر سەمیرا کارزان، موناجاتێکی ئایینی بەناوی "یا رەسووڵەڵڵا" پێشکێش دەکات.
بەرنامەکە چەندین میوانی دیکەشی تێدابوون. شێف سەوسەن، لە چێشتخانەی "پاشیڤ"دا خواردنی مەقلووبە و چەند خواردنێکی دیکەی کوردی ئامادە دەکات. دواتر، حاجی زەکەریا خاوەنی کەباب یاسین دەبێتە میوان و باسی مێژووی کەباب یاسین و جیاوازیی سفرەی رەمەزانی جاران و ئێستا دەکات. ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دروستکردنی کەباب هونەرێکی تایبەتە و گۆشتی باش کوالێتیی کەباب دیاریدەکات.
لە کۆتاییدا، خەڵاتی پاشیڤ رادەگەیێندرێت کە بریتییە لە نیو لیرەی زێڕ و لە رێگەی پرۆگرامێکی تایبەتی ژیریی دەستکردەوە براوەکە دیاریدەکرێت. پێشکەشکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە بە درێژایی مانگی رەمەزان، هەموو شەوێک خەڵاتی بەنرخ پێشکەش بە بینەران دەکرێت، لەوانە ئایفۆن، ئەپڵ وۆچ و سێ ئۆتۆمبێلی جۆری کیا، کە لە رێگەی نووسینی زۆرترین کۆمێنتەوە لەسەر پلاتفۆرمەکانی رووداو دەتوانن بەدەستی بهێنن.