لە زمانی دایکەوە بۆ زیکری دەروێشان و چێشتی کوردی

22 February 2026
لە زمانی دایکەوە بۆ زیکری دەروێشان و چێشتی کوردی

ئەم بەرنامەیەی پاشیڤ تەرخانکرابوو بۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایک. پێشکەشکاران، سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح، لەنێو کەژاوەی رووداوەوە پیرۆزباییان لە بینەران کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی زمانی کوردی کردەوە. شێخ محەممەد، ئاماژەی بە خزمەتی زانایانی کورد کرد، وەک مامۆستا هەژار موکریانی، کە قورئانی پیرۆزی بە کوردییەکی پاراو وەرگێڕاوە بۆ ئەوەی هیچ کەسێک رێگە بە خۆی نەدات بیسووتێنێت.

میوانی سەرەکیی ئەڵقەکە، خەرمان خان، خاوەنی ئارایشتگایەکی تایبەت بە خانمانی باڵاپۆش بوو. ئەو باسی لە ئەزموونی 13 ساڵەی خۆی کرد و رایگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی دامەزراندنی ئارایشتگاکەی، پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بووە کە بۆ خانمانی باڵاپۆش هەبوو، هەروەها پشتیوانیکردنی کچانی کورد و پێگەیاندنیان لە بواری جوانکاریدا. خەرمان خان، جەختی لەوە کردەوە کە "لێهاتوویی" بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنە لە هەر کارێکدا، نەک تەنیا چاولێکەری.

گفتوگۆکان گەرمتر بوون کاتێک شێخ محەممەد پرسیاری لەبارەی ئەوە کرد کە ئایا ئارایشتگاکەی خەرمان خان، کە تەنیا خزمەتگوزاری پێشکەش بە خانمانی باڵاپۆش دەکات، جۆرێک لە "جیاکاری" نییە بەرامبەر خانمانی دیکە. خەرمان خان، لە وەڵامدا روونیکردەوە کە ئەمە جیاکاری نییە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە پێشتر خانمانی باڵاپۆش لە ئارایشتگاکانی تردا گرنگیی پێویستیان پێ نەدەدرا. ئەو نموونەیەکی هێنایەوە کە رۆژێکیان بووکێکی بێ باڵاپۆشی بە دڵشکاوی بەڕێنەکردووە و کاری بۆ کردووە، چونکە "لایەنی دەروونیی میوانەکانم لە هەموو شتێک گرنگترە."

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، مامۆستا فەرمەند و گرووپی روانگە بە ئامادەبوونی شێخ نیاز و سەید زانا، چەندین پارچە میوزیک و زیکری عیرفانییان پێشکەش کرد، کە کەشێکی رۆحانیی بە بەرنامەکە بەخشی. سەید زانا، باسی لە فەلسەفەی "حاڵ" لە تەریقەتدا کرد و روونیکردەوە کە وشەکە لە "حاڕ"ی عەرەبییەوە هاتووە، بە واتای ئەو گەرمییە رۆحییەی کە وا لە دەروێش دەکات بگاتە لوتکەی زیکر. لەلایەکی دیکەوە، سەمیرا کارزان، بە دەنگە خۆشەکەی موناجاتێکی ئایینیی پێشکەش کرد کە ستایشی میوانەکانی بەدەستهێنا.

لە چێشتخانەی پاشیڤدا، شێف سەوسەن خەریکی ئامادەکردنی خوانێکی رەسەنی کوردی بوو کە پێکهاتبوو لە برنجی کوردی، کەڵەشێر، قەیسی و قەرەخەرمان. لە کۆتایی بەرنامەکەشدا، وەکو هەموو شەوێک، خەڵاتی پاشیڤ راگەیەندرا و لیرەیەکی زێڕ لە رێگەی سیستەمی ژیریی دەستکردەوە پێشکەش بە یەکێک لەو بینەرانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتی "پاشیڤی رووداو"ـیان لە سۆشیال میدیا نووسیبوو.

شۆیەکی دوو كاژێرییە، بەدرێژایی مانگی رەمەزان پێشكێشدەكرێت. ئەو كەسانەی تاوەكو پاشیڤ ناخەون یان بۆ پاشیڤ هەڵدەستنەوە بەدرێژایی ئەو دوو كاژێرە زانیاری و بڕگەی هەمەجۆریان پێشكێش دەكرێت. بڕگەكانی بەجۆرێكن كە رەچاوی خێرایی لەسەر شاشە و هەمەڕەنگی و پڕ زانیاریبوون و چێژوەرگرتن تێیانداكراوە .

ئامانج لە پاشیڤ دروستكردنی شۆیەکی رەمەزانی پڕ زانیاری و ئینتەرتەیمێنتە بۆ ئەوانەی شەوانی رەمەزان ناخەون، بۆ ئەوەی ئاگاداری مژارە جۆرا و جۆرەكان بن كە بەتایبەتی لەو مانگەدا دەبنە جێگەی گفتوگۆ و سەرنج.