پاشیڤی رووداو؛ کاتێک ئەکتەرێکی کۆمیدی دەبێتە پێشکەشکار

23 February 2026
پاشیڤی رووداو؛ کاتێک ئەکتەرێکی کۆمیدی دەبێتە پێشکەشکار

بەرنامەی پاشیڤی رووداو، بە پێشکەشکاریی سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح، ئەمجارە بە شێوازێکی جیاواز دەستی پێکرد. لە سەرەتادا ئەکتەری کۆمیدی محەممەد نەجات، لەناو پاسی پاشیڤدا بە گاڵتەوە خۆی کردبووە پێشکێشکار، کە دیمەنێکی خۆشی دروست کردبوو تاوەکو پێشکەشکارە سەرەکییەکان گەیشتن.

لەناو پاسەکەدا، پێشکەشکارەکان و محەممەد نەجات، گفتوگۆیەکیان کرد. نەجات، باسی کاری هونەری و گرنگیی خوێندنی ئەکادیمیی بۆ نواندن کرد. هەروەها گوتی شانازی بە دوو کەسایەتیی خۆیەوە دەکات کە بریتین لە حەمە نەجات و عەریف نەجات. دواتر لە بڕگەی "کەشکۆڵ"دا، محەممەد شێخ فاتیح، شقارتەدانێکی کۆنی پیشان دا، کە بووە هۆی ئەوەی هەندێک یادەوەری بوروژێنێت و مەتەڵێک دروست بێت. پاشان تیمی بەرنامەکە چوونە ستۆدیۆی سەرەکی.

لە ستۆدیۆ، محەممەد شێخ فاتیح چەند پرسیارێکی لە میوانەکە کرد. سەمیرا کارزانیش پرسیارێکی لەبارەی هونەرمەندی کۆچکردوو حەسەن زیرەک و شاری بۆکانەوە کرد. لە وەڵامدا، محەممەد نەجات بەستەیەکی مامۆستا حەسەن زیرەکی گوت و باسی لە کاریگەرییەکانی لەسەر هونەری کوردی کرد. دواتر باسی ئەوە کرا کە بۆچی ئەمساڵ لە مانگی رەمەزاندا درامای کۆمیدیی کوردی کەم بووە. نەجات، گوتی هۆکارەکەی زۆربوونی دراما دۆبلاژکراوەکانە و جەختیشی کردەوە کە کاری کۆمیدیا لە کاری تراژیدیا قورسترە.

لەبەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا سەمیرا کارزان، سوورەتی فاتیحەی بە مەقامی رەست خوێندەوە. پاشان محەممەد شێخ فاتیح، هەمان سوورەتی بە وەرگێڕانە کوردییەکەی مامۆستا هەژار موکریانی خوێندەوە. لە بڕگەی چیرۆکدا، محەممەد شێخ فاتیح، چیرۆکی "پیاوی دوو ژن"ی گێڕایەوە. چیرۆکەکە باسی پیاوێک دەکات کە هەوڵی داوە لەنێوان دوو ژنەکەیدا دادپەروەر بێت، بەڵام دوای مردنیان یەکێکیان لە خەویدا گلەیی لێدەکات. پەندی چیرۆکەکەش لەگەڵ ئەم قسە کوردییە دەگونجا: "پیاوی دوو ژنە، جەرگی کون کونە".

بەرنامەکە بە گۆرانییەکی عیرفانی بە دەنگی سەمیرا کارزان و لە شیعری وەفایی درێژەی هەبوو، کە گرووپی میوزیکی پاشیڤ ئامادەیان کردبوو. لە کۆتاییدا، ناوی براوەی خەڵاتی ئەو شەوە راگەیێندرا و بەرنامەکە کۆتایی هات.

شۆیەکی دوو كاژێرییە، بەدرێژایی مانگی رەمەزان پێشكێشدەكرێت. ئەو كەسانەی تاوەكو پاشیڤ ناخەون یان بۆ پاشیڤ هەڵدەستنەوە بەدرێژایی ئەو دوو كاژێرە زانیاری و بڕگەی هەمەجۆریان پێشكێش دەكرێت. بڕگەكانی بەجۆرێكن كە رەچاوی خێرایی لەسەر شاشە و هەمەڕەنگی و پڕ زانیاریبوون و چێژوەرگرتن تێیانداكراوە .

ئامانج لە پاشیڤ دروستكردنی شۆیەکی رەمەزانی پڕ زانیاری و ئینتەرتەیمێنتە بۆ ئەوانەی شەوانی رەمەزان ناخەون، بۆ ئەوەی ئاگاداری مژارە جۆرا و جۆرەكان بن كە بەتایبەتی لەو مانگەدا دەبنە جێگەی گفتوگۆ و سەرنج.