نزاکردن و خوێندنەوەی قورئان لە پاشیڤی رووداو

24 February 2026
نزاکردن و خوێندنەوەی قورئان لە پاشیڤی رووداو

لە بەرنامەی پاشیڤی ئەمجارەدا، هەردوو پێشکێشکار سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح، میوانداریی هونەرمەندێک و مامۆستایەکی ئایینییان کرد و باسیان لە چەند بابەتێکی جیاواز کرد.

بەرنامەکە لە گەڕەکی تەیراوە لە هەولێر دەستی پێکرد، کە شوێنی لەدایکبوونی هونەرمەند مامۆستا محەممەد بوو. پێشکەشکاران لەگەڵ هونەرمەند و دوو منداڵەکەی، زەمەن و رۆدان، لەنێو کۆڵانەکاندا پیاسەیان کرد و باسیان لە یادگارییەکانی منداڵی کرد. مامۆستا محەممەد، باسی ژیانی خۆی و گۆڕانکارییەکانی شاری هەولێری کرد، وەکو باڵەخانە رەشە 5 نهۆمییەکەی سەر شەقامی شەست مەتری.

دواتر و لەنێو پاسی کەژاوەی پاشیڤی رووداو، ئەو هونەرمەندە گوتی کە دایکی خەڵکی دیاربەکرە و باوکیشی لە عەشیرەتی گەردییە، بۆیە زمانی کرمانجیی سەروو باش دەزانێت. پاشان حەیرانێکی بەسەر کچانی شارەکانی کوردستاندا گوت، کە ئامادەبووانی سەرسام کرد.

لە ستۆدیۆ، سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح، باسیان لە خواردنی کوردی کرد و گوتیان کە چێشتخانەی کوردی لە جیهاندا وەکو پێویست نەناسراوە. ئاماژەیان بە چەند خواردنێکی تایبەتی پارچەکانی کوردستان کرد، وەکو بەر بە سێڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کەشکەک و بریانی لە باکووری کوردستان.

پاشان پێشوازییان لە میوانی دووەم کرد، کە مامۆستا سەید یادگار بوو، مامۆستایەکی گەنجی ئایینی. مامۆستا سەید یادگار، باسی لەوە کرد کە چۆن بووە بە فەقێ و گوتی دایکی رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پەروەردەکردنیدا و لە منداڵییەوە هانی داوە قسەزان بێت. هەروەها گوتی مرۆڤ دەبێت بخوێنێت و خۆی ماندوو بکات بۆ ئەوەی بگاتە پلەی بەرز. لەم بەشەدا، مامۆستا محەممەد بە دەنگە خۆشەکەی موناجاتێکی پێشکێش کرد و سەمیرا کارزانیش چەند ئایەتێکی لە قورئانی پیرۆز خوێند.

لەسەر خوانی پاشیڤ، کە شێف سەوسەن خواردنی دۆغەوا و کەشکی ئامادەکردبوو، مامۆستا سەید یادگار باسی رەوشتی نانخواردنی لە ئیسلامدا کرد. هۆشداریی دا لەوەی کە خەڵک خواردن فڕێ نەدەن. ئەو گوتی ساڵانە خواردنێکی زۆر لە شارەکاندا فڕێ دەدرێت، لە کاتێکدا پێویستە سوپاسی خودا بکرێت و خواردن بەسەر هەژاراندا دابەش بکرێت.

لە کۆتاییدا، خەڵاتەکان دابەش کران. زەمەن، کچی مامۆستا محەممەد، ئایپادێکی لەلایەن کۆمپانیای ئایزۆنەوە پێدرا، چونکە شەوی پێشتر ناوی لە تیروپشکدا دەرنەچووبوو و دڵگران ببوو. چەندین خەڵاتی دیکەش بەسەر بینەراندا دابەش کران. بەرنامەکە بە دوعایەکی مامۆستا سەید یادگار و بە میوزیکی گرووپی پاشیڤ کۆتایی هات.

شۆیەکی دوو كاژێرییە، بەدرێژایی مانگی رەمەزان پێشكێشدەكرێت. ئەو كەسانەی تاوەكو پاشیڤ ناخەون یان بۆ پاشیڤ هەڵدەستنەوە بەدرێژایی ئەو دوو كاژێرە زانیاری و بڕگەی هەمەجۆریان پێشكێش دەكرێت. بڕگەكانی بەجۆرێكن كە رەچاوی خێرایی لەسەر شاشە و هەمەڕەنگی و پڕ زانیاریبوون و چێژوەرگرتن تێیانداكراوە .

ئامانج لە پاشیڤ دروستكردنی شۆیەکی رەمەزانی پڕ زانیاری و ئینتەرتەیمێنتە بۆ ئەوانەی شەوانی رەمەزان ناخەون، بۆ ئەوەی ئاگاداری مژارە جۆرا و جۆرەكان بن كە بەتایبەتی لەو مانگەدا دەبنە جێگەی گفتوگۆ و سەرنج.