لە ساردی فرۆشتنەوە بۆ خاوەندارێتی گەورەترین کارگەی ئۆکسجین
شەوی 24ی رەمەزان، بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری بەرنامەی پاشیڤ، میوانداری نەجات ئاشگەیی، خاوەنی کۆمپانیای ئاشگەی کرد. نەجات ئاشگەیی، کەسایەتییەکی خۆشەویستی هەولێرە کە لە ساردی فرۆشتنەوە دەستی پێکردووە و، ئەمڕۆ بووەتە خاوەنی یەکێک لە گرنگترین کارگەکانی کوردستان.
نەجات ئاشگەیی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش باسی ژیاننامەی خۆی کرد، چۆن لە تەمەنی 10 ساڵانەوە دەستی بە فرۆشتنی ساردی کردووە. دوای ئەوەی وەستا حەمید دەری کردووە لە کارەکەی، ئەمە بووەتە دەستپێکی سەرکەوتنی، چونکە بە یارمەتی مامی دەستی بە فرۆشتنی پێپسی کردووە لە نەقلیات. وردە وردە کاری فراوان کردووە تاوەکو بووەتە خاوەنی گەراجێک و دەستی بە دابەشکردنی پێپسی کردووە بۆ سینەماکان و شوێنە بازرگانییەکان.
کۆمپانیاکەی نەژات ئاشگەیی ئێستا دوو بەرهەمی سەرەکی هەیە: ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەکان و سی ئۆتۆ (CO2) بۆ کارگەکانی بەرهەمهێنانی خواردنەوە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە کارگەکەی ئێستا 76 کەس کاری تێدا دەکەن و پلانیان هەیە دوای جەژن کارگەیەکی تر دابمەزرێنن و 75 کەسی تر دادەمەزرێنن.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بەرنامەکە، باسکردنی رۆڵی کۆمپانیای ئاشگە بوو لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا. لەو ماوەیەدا، کۆمپانیاکە رۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار بوتڵی ئۆکسجینی دابین کردووە بۆ نەخۆشخانەکان، نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە باشووری عێراقیش، بۆ نموونە شاری ناسرییە. هەروەها نەجات ئاشگەیی لە بەرنامەکەدا رایگەیاند کە کۆمپانیاکەی رۆژانە 50 بوتڵ ئۆکسجین بەخۆڕایی دەدات بە خەڵکانی کەمدەرامەت کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
لەنجە کۆمێنتەکانی بینەرانی خوێندەوە و براوەی پێشبڕکێکەی ئەمشەو کە هەڵمەت عەزیز بوو، راگەیەندرا کە زۆرترین پرسیاری لە کەمترین کاتدا وەڵام دابووەوە. هەروەها، سۆزان، کچی مەتێ کە خوێندکاری زانکۆی سۆرانە لە بەشی ئەندازیاریی نەوت، بەشداری کرد و پارچە میوزیکێکی پێشکەش کرد بە ئامێری ساز.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، نەجات ئاشگەیی رایگەیاند کە 3 کورسی خوێندن دابین دەکات بۆ خوێندنی ماستەر لە دەرەوەی وڵات.