دەنگی دەف و حەیران لەگەڵ چیرۆکی سەرکەوتنی بازرگانێک

25 February 2026
دەنگی دەف و حەیران لەگەڵ چیرۆکی سەرکەوتنی بازرگانێک

بەرنامەیەکی دیکەی پاشیڤ بە میوانداریی چەندین کەسایەتیی جۆراوجۆر و بڕگەی هەمەڕەنگ پێشکەشکرا. بەرنامەکە بە پێشکەشکاریی محەممەد شێخ فاتیح و سەمیرا کارزان، لەنێو بازاڕی قەیسەریی هەولێرەوە دەستیپێکرد، کە تێیدا تیشک خرایە سەر پیشەی چەخماخسازی وەکو پیشەیەکی رەسەنی کوردەواری کە خەریکە بەرەو لەنێوچوون دەچێت.

لە بڕگەی یەکەمدا، محەممەد شێخ فاتیح چاوی بە وەستا نەبیل، یەکێک لە چەخماخسازە دێرینەکانی هەولێر کەوت. وەستا نەبیل باسی لەوە کرد کە چۆن ئەم پیشەیە لە رابردوودا پەیوەست بووە بە دروستکردن و چاککردنەوەی چەک، بەڵام ئێستا زیاتر بووەتە تیژکردنەوەی چەقۆ و مەقەست. لە درێژەی گفتوگۆکەدا لەنێو وەستا نەبیل ئامۆژگاریی بەسوودی لەبارەی چۆنیەتیی پاراستنی چەقۆ و جیاکردنەوەی چەقۆی گۆشت لەگەڵ ئەو چەقۆیانەی بۆ سەوزەوات بەکاردێن پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "پیاز و تەماتە چەقۆ دەسوتێنن" بەهۆی ئەو ماددە ترشییەی تێیاندایە.

دوای گەیشتن بە ستۆدیۆ، پێشکەشکاران، محەممەد شێخ فاتیح و سەمیرا کارزان، بەخێرهاتنی وەستا نەبیلیان کرد. دواتر گفتوگۆیەکیان لەبارەی مانای "بازرگانیکردن لەگەڵ خودا" لە مانگی رەمەزاندا ئەنجامدا. محەممەد شێخ فاتیح ئاماژەی بەوەدا کە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کەسایەتییەکی دەوڵەمەند بووە و لە دڵی هەژاراندا ژیاوە، بەڵێنیشیدا لە شەوانی داهاتوودا بە بەڵگەی قورئانی ئەو بابەتە زیاتر روونبکاتەوە.

میوانی سەرەکیی ئەمشەو، حاجی شڤان، بازرگانێکی ناسراوی شاری زاخۆ بوو. حاجی شڤان باسی لە کاریگەریی نەرێنیی کێشە سیاسییەکان لەسەر بازاڕ کرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە پەرلەمان و حکومەت کارا بکەنەوە. هەروەها، چیرۆکی دەستپێکردنی ژیانی بازرگانیی خۆی گێڕایەوە کە چۆن باوکی فێری کردووە لە کرێکاری و حەماڵییەوە دەستپێبکات تاوەکو بەها و ماندووبوونی کار بزانێت. لە سوپرایزێکدا، حاجی شڤان تابلۆیەکی دارینی پێشکەش بە پێشکەشکاران کرد کە وێنەی هەردووکیانی لەسەر نەخشێنرابوو.

بەرنامەکە میوانداریی دوو گەنجی خێرخوازی بە ناوەکانی رەنج و فریشتە کرد، کە رێکخراوێکیان بۆ یارمەتیدانی هەزاران خێزانی کەمئەندام و هەژار هەیە. لەم بڕگەیەدا، حاجی شڤان بەڵێنی هاوکاریی بۆ رێکخراوەکەیان دەربڕی و چەندین دیاریی بە بەهای گەورەی بۆ خێزانە هەژارەکان تەرخانکرد.

لە بڕگەیەکی هونەریدا، خانمە ژەنیاری دەف، سەنا ئاروەند، لە شاری سنەوە میوان بوو. سەنا بە هاوکاریی سەمیرا کارزان و گرووپی میوزیکی روانگە، موناجاتێکی ئایینی "یا رەسووڵەڵڵا"یان پێشکەش کرد.

لە بڕگەی چێشتلێناندا، شێف سەوسەن چەندین خواردنی رازاوەی ئامادەکردبوو. دواتر، بەرنامەکە بە دەنگی حەیرانبێژ سیروان گەردی رازایەوە، کە بە حەیرانێکی رەسەن، ئامادەبووانی بردە نێو کەشێکی فۆلکلۆرییەوە.

لە کۆتاییدا و پێش بانگی پاشیڤ، سەمیرا کارزان بەشێک لە سوورەتی "الناس"ی بە دەنگە خۆشەکەی خوێندەوە و پاشان براوەی خەڵاتی ئایفۆن راگەیەندرا. بەرنامەکە بە چەندین بڕگەی جۆراوجۆر و پڕ لە زانیاری و چێژ، شەوێکی رەمەزانی بۆ بینەران رازاندەوە.

شۆیەکی دوو كاژێرییە، بەدرێژایی مانگی رەمەزان پێشكێشدەكرێت. ئەو كەسانەی تاوەكو پاشیڤ ناخەون یان بۆ پاشیڤ هەڵدەستنەوە بەدرێژایی ئەو دوو كاژێرە زانیاری و بڕگەی هەمەجۆریان پێشكێش دەكرێت. بڕگەكانی بەجۆرێكن كە رەچاوی خێرایی لەسەر شاشە و هەمەڕەنگی و پڕ زانیاریبوون و چێژوەرگرتن تێیانداكراوە .

ئامانج لە پاشیڤ دروستكردنی شۆیەکی رەمەزانی پڕ زانیاری و ئینتەرتەیمێنتە بۆ ئەوانەی شەوانی رەمەزان ناخەون، بۆ ئەوەی ئاگاداری مژارە جۆرا و جۆرەكان بن كە بەتایبەتی لەو مانگەدا دەبنە جێگەی گفتوگۆ و سەرنج.