رێگەی کانی لە کۆڵۆمبیا

رێگەی کانی لە کۆڵۆمبیا
كۆلۆمبیا یەكێكه له وڵاته گەورەكانی ئەمریكای باشوور. ساڵانێكی زۆر لەژێر دەستی ئیسپانییەكان بووه و سەرچاوەیەكی گرنگ بووه بۆ زێر..
رووبەری كۆلۆمبیا ملیۆنێك و سەدو چل و دوو هەزار كیلۆمەتر دووجایه. رێژەی دانیشتووانیشی زیاتر له ٤٨ ملیۆن كەسه. پایتەختی ئەو وڵاته بۆگۆتایه كه رێژەی دانیشتووان لەوێ زیاد له نۆ ملیۆنه، واته ژمارەی دانیشتووانی شارەكه زیاتره له ژمارەی دانیشتووانی هەموو باشووری كوردستانە.

ئاینی سەرەكی مەسیحییه و زیاتر له سەدا نەوەتی دانیشتووانی وڵاتەكه كریستیانن  و زمانی سەرەكی ئیسپانییه.

بۆگۆتا یەكێكه له شاره گەورەكانی كۆلۆمبیا و پایتەختی وڵاتەكەیه. شارێكی دڵگیر و جوان. ماڵی سەركۆی كۆلۆمبیا خوان مانوێل سانتۆس هەر لەم شارەیه.


كێشەی فاڤێلاكان له كۆلۆمبیا كێشەیەكی بەرچاوه. زۆر له ناوچەكانی پایتەختیش به زۆنی مەترسیدار دانراون و پۆلیس رێگا نادا گەشتیاران بۆی بڕۆن. وەك خەڵكی كۆلۆمبیا خۆیان دەڵێن ئەو كەسانەی دزی و كوشتن ئەنجامدەدەن ئەوانەن كه كاتی خۆی لەدەست فارك رایان كردووه و لێره پارەیان نییه پێی بژین و كاریشیان نییه. لە ساڵی ٢٠١٦دا ١٢ هەزار کەس لەو وڵاتەدا کوژراون، ئەم ژمارەیەش لەماوەی ٤٢ ساڵی رابردوودا کەمترین کوشتن بووە بۆ هەر ساڵێک.


لە کۆلۆمبیا سیمای شارەکان دەگۆڕێن و نوێ دەبنەوە، خانووە کۆنەکان کەم کەمە دەگۆڕێن و دەکرێنە ڤێلا و باڵەخانەی جوان. بەڵام ئەم گۆڕانکارییە هەموو شوێنەکانی نەگرتۆتەوە. بگرە دۆخی هەژاری و دزی و کوشتنیش لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە شاری سانتا مارتا پشکی کەمتری لە کوشتن و دزی و لەبەرامبەریشدا پشکی زیاتری لە ئارامی و خۆشگوزەرانی بەرکەوتووە.


کۆلۆمبیا سەرچاوەیەکی گرنگی  بەرهەمهێنانی قاوە و یاقووتیشە، کە کاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری کردووە. لە بەرامبەردا بوونی هێزێكی وەک فارک، کە هێزێکی چەکداری شۆڕشگێڕی و ئۆپۆزیسیۆنێکی کۆمۆنیستییە لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٤ - ١٩٦٦ دروستبووە و ١٥ هەزار چەکداری هەبووە، لەماوەی خەباتی چەکداریاندا مامەڵەیان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کردووە و خەڵکیان ڕفاندووە بە تایبەت دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە. دوای ئەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانی لە دوای ٥٢ ساڵ شەڕکردن فارک لەنێوببات، لە هاڤانای پایتەخت کوبا رێککەوتننامەی ئاشتیان واژۆکرد.