جەنگی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا پێ دەنێتە قۆناغێکی چارەنووسساز
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، ناوچەکە لەژێر کاریگەریی قورسترین پەرەسەندنی سەربازی و سیاسی دایە. دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی ئەو وڵاتە، بەرەکانی جەنگ لە تارانەوە تاوەکو بەغدا، هەولێر و بەیروت گەرمتر بوون. دۆناڵد ترەمپ باس لە سێ بژاردە بۆ دەسەڵاتی نوێی تاران دەکات و ئەڵمانیاش داوای پلاندانان بۆ "رۆژی دوای" کۆماری ئیسلامی دەکات، هاوکات ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر لوبنان دەستپێکردووە و سیستمی بەرگریی ئەمریکاش لە هەولێر و بەغدا چەندین هێرشی تێکشکاندووە.
دوو هێرشی دیکە لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێنران
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە هەولێر، بەرپەرچی چەند هێرشێکی درۆنی دایەوە. بەیانیی ئەمڕۆ سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی هەولێر کرابوون، لە ئاسماندا تێکشکێنران. هاوکات سوپای ئەڵمانیا بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانیان لە هەولێر و بنکەی ئەلئەزرەق لە ئوردن سەلامەتن و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
بنکەی ڤیکتۆری لە بەغدا کرایە ئامانج
گرووپی چەکداریی "سەرایا ئەولیا دەم" کە بەشێکە لە "موقاوەمەی ئیسلامی"، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکی بەرفراوان بە "رەوە درۆن" بۆ سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆری لە فڕۆکەخانەی بەغدا راگەیاند. گرووپەکە دەڵێت ئەم هێرشە "وەک تۆڵەیەک بۆ خوێنی عەلی خامنەیی و پاڵپشتیکردنی ئێران" ئەنجامدراوە.
ئەمریکا فڕۆکە و کۆگایەکی درۆنەکانی ئێرانی تێکشکاند
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکاندا کۆگایەکی گەورەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و چەند فڕۆکەیەکی ئێرانییان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە تێکشکاندووە. ئەمریکا دەڵێت ئامانج لەم هێرشانە نەهێشتنی ئەو هەڕەشە دەستبەجێیانەیە کە بۆ سەر هێزەکانیان دروست بوون.
سوپای پاسداران و سێنتکۆم دیمەنی نوێی جەنگەکەیان بڵاوکردەوە
ململانێی میدیایی و سەربازی گەیشتووەتە لووتکە؛ سێنتکۆم دیمەنی فڕینی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژیی B-2 و فڕۆکە جەنگییەکانی سەر کەشتیی "ئەبراهام لینکۆڵن"ی بڵاوکردەوە کە بنکە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەردا، میدیاکانی ئێران دیمەنی تەقینەوەکانی تاران، کەرەج و ئەهوازیان بڵاوکردەوە و پشتڕاستیان کردەوە کە سیستمی بەرگری چالاک کراوە.
ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد
سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد. زیاتر لە 10 هێرش کراوەتە سەر زاحییەی باشووری بەیروت. سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی بۆ دانیشتووانی 50 گوند و شارۆچکەی باشووری لوبنان و دەشتی بیقاع دەرکردووە کە دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لانیکەم 1000 مەتر لە بنکەکانی حزبوڵڵا دوور بکەونەوە.
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئێران کوژرا
میدیای فەرمیی ئێران کوژرانی لیوا "غۆلام رەزا رەزاییان"، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران (فاراجا)ی راگەیاند. رەزاییان لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا کوژراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سوپا و پاسداران، لەوانە عەبدولڕەحیم مووسەوی و عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران.
راوێژکاری ئەڵمانیا داوای پلاندانان بۆ داهاتووی ئێران دەکات
فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند کە پێویستە جیهان خۆی بۆ "ڕۆژی دوای" گۆڕانکارییەکانی ئێران ئامادە بکات. مێرتز داوای کرد پلانێکی نێودەوڵەتی دابنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران و هاوکاریکردنی گەلی ئێران بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن، هاوکات هۆشداریشی لە ئاڵۆزیی زیاتری ناوچەکە دا.
ترەمپ: سێ بژاردەم بۆ سەرکردایەتیی نوێی ئێران هەیە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێرشەکان ئەگەر پێویست بکات چوار بۆ پێنج هەفتەی دیکە بەردەوام دەبن. ترەمپ ئاشکرای کرد کە سێ بژاردەی "زۆر باشی" بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران ئامادە کردووە و ئاماژەی بە "مۆدێلی ڤەنزوێلا" کرد، کە تێیدا تەنیا سەرکردە باڵاکان لادەبرێن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەمێننەوە.
سێ سیناریۆ بۆ داهاتووی ئێران
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و 40 سەرکردەی پلە یەک، سێ ئاراستەی سەرەکی بۆ داهاتووی وڵاتەکە دەبینرێت:
1.سیناریۆی ئاگر و ئاسن: بەردەوامبوونی دەسەڵات لە سەرکوتکردنی ناوخۆیی و درێژەدان بە جەنگ و بەرنامەی ئەتۆمی.
2.رووخانی ناوخۆیی: پەیوەندیکردنی بەشێک لە ئەرتەش بە خۆپیشاندەران و رووخانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ، کە ئەمە کەمترین تێچووی بۆ جیهان دەبێت.
3.خۆکوژیی ئابووری: داخستنی گەرووی هورمز و پەکخستنی بازرگانی جیهانی نەوت، کە دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووریی جیهانی.
ئیسماعیل قائانی؛ جەنەڕاڵی سێبەرەکان لەنێوان گومان و نادیاریدا
چیرۆکی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، بووەتە یەکێک لە نادیارترین بەشەکانی ئەم جەنگە. قائانی کە لە ساڵی 2020ەوە شوێنی قاسم سولەیمانی گرتەوە، ئێستا ناوەکەی لەنێوان دەنگۆی کوژران، برینداربوون و گومانی "دزەکردنی هەواڵگری" دایە. هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە ئەو هێشتا زیندووە، بەڵام ونبوونی لە مەراسیمە فەرمییەکان و لێکۆڵینەوەکانی ناو سوپای پاسداران، پێگەی ئەم جەنەڕاڵەی خستووەتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).