رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێو ئاگری جەنگێکی گشتگیردا

03 March 2026
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێو ئاگری جەنگێکی گشتگیردا

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێ دەنێتە چوارەم رۆژیەوە و بازنەی پێکدادانەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار فراوان بووە. لە کاتێکدا ئیسرائیل بۆردوومانی چڕی بەیرووتی دەستپێکردووەتەوە، ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر سعودیە، کووەیت و بەحرەین. دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی فەرمی بۆ کۆنگرێس ناردووە و رایگەیاندووە کە ئامانجەکانیان لە ناوخۆی ئێران بەدیهێناوە، هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش دەڵێت: "ئێستا کە ئایەتوڵا نەماوە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە گۆڕاوە." ئەم جەنگە نەک تەنیا نەخشەی سیاسی، بەڵکو ئابووریی جیهانیشی هەژاندووە و نرخی زێڕ و نەوت ریکۆردی مێژووییان تۆمار کردووە.

بەیرووت بۆردومان کرایەوە و حزبوڵڵا وەڵامی دایەوە

سوپای ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی بۆردوومانی بۆ سەر بەیرووت دەستپێکرد و هۆشداریی بەپەلەی بۆ چۆڵکردنی باڵەخانەیەک لە گەڕەکی (حەدەس) دەرکرد، هاوکات ناوچەی (حارە حرێك) لە باشووری بەیرووت کرایە ئامانج. لە بەرامبەردا، حزبوڵای لوبنان بە 15 مووشەک ناوچەکانی باکووری ئیسرائیلی بۆردومان کرد.

ئێران هێرشی کردەوە سەر کووەیت، بەحرەین و سعودیە

ململانێکان گەیشتنە وڵاتانی کەنداو؛ وەزارەتی بەرگریی سعودیە تێکشکاندنی 8 درۆنی لە نێوان ریاز و خەرەج راگەیاند، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز بە دوو درۆن پێکرا و ئاگری گرت. لە کووەیت، سوپای پاسداران هێرشی مووشەکی کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. هەروەها ئیمارات دەنگۆی لاوازیی سیستمە بەرگرییەکانی رەتکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە هێرشێکی پێشتری سوپای پاسداران بۆ سەر دووبەی، 40 سەربازی ئەمریکی کوژرابوون.

لێدوانەکان؛ ترەمپ و نەتەنیاهوو باس لە سەرکەوتن دەکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە زۆر نزیکبوونەتەوە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و زیانی گەورەیان لە توانای ئەتۆمیی ئێران داوە. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش جەختی کردەوە کە ئەگەر ئێستا هێرشیان نەکردایە، ئێران لە ژێر زەویدا دەبووە خاوەن چەکێک کە بۆردومانکردنی مەحاڵ دەبوو. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت: "سەرۆک ترەمپ هێمن نابێتەوە تاوەکو دڵنیا نەبێت ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

ئەمریکا ژوورێکی نوێی ئۆپەراسیۆن چالاک دەکات

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەروەی ئەمریکا، چالاککردنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی (Task Force)ی 24 کاژێری راگەیاند بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. رووبیۆ داوای لە ئەمریکییەکانی ناوچەکە کرد ناوی خۆیان لە پرۆگرامی (STEP) تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە هەر مەترسییەک ئاگادار بکرێنەوە.

عێراقچی وەڵامی قسەکانی مارکۆ رۆبیۆ دەداتەوە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشی توندی کردە سەر واشنتن و رایگەیاند کە ئەمریکا لە پێناو ئیسرائیلدا چووەتە ناو جەنگێکەوە کە خۆی هەڵیبژاردووە. عێراقچی وێنەی گۆڕی 160 کچە خوێندکاری بڵاوکردەوە و گوتی ئەمانە لە بۆردومانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شاری (میناب) کوژراون.

ترەمپ نامەیەک بۆ کۆنگرێس دەنێرێت

سەرۆک ترەمپ بە فەرمی نامەی تێپەڕبوونی 48 کاژێری جەنگی بۆ کۆنگرێس نارد. لە نامەکەدا هاتووە کە بە فەرمانی ئەو هێرشی ورد کراوەتە سەر بنکە مووشەکییەکان، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و سەنتەرەکانی فەرماندەیی ئێران. ترەمپ جەختی کردەوە کە هیچ هێزێکی زەمینی بەکارنەهێنراوە و ئامانج پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.

مایک جۆنسن: ئێستا کە ئایەتوڵڵا نەماوە ئامانجەکە گۆڕاوە

مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ "گرووپی هەشت" رایگەیاند، سەرەتا ئامانجی ئۆپەراسیۆنی (ئیپیک فیوری) گۆڕینی رژێم نەبوو، بەڵام ئێستا کە ئایەتوڵا (عەلی خامنەیی) نەماوە، دۆخەکە گۆڕاوە و ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ گەلانی ئازادیخواز.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: ترەمپ لێمان نیگەران بووە

کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی دانی بەوەدا نا کە ترەمپ لە بەشدارینەکردنی بەریتانیا لە هێرشە سەرەتاییەکان نیگەران بووە. ستارمەر گوتی کە فڕۆکە جەنگییەکانی (تایفوون) و (F-35)یان بۆ بەرگری خستووەتە گەڕ و چەندین هێرشی درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی عێراق تێکشکاندووە.

بەحرەین دەسوتێ

بەحرەین بووەتە یەکێک لە ناوەندە هەرە گەرمەکانی جەنگ. بەهۆی هەبوونی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا، ئێران بە چڕی مەنامەی بۆردومان کردووە. تاوەرێکی نیشتەجێبوونی 37 نهۆمی (تاوەری ئارا) ئاگری گرتووە. بارودۆخەکە لە بەحرەین بەهۆی قەرزاریی وڵاتەکە و دابەشبوونی مەزهەبییەوە زۆر ئاڵۆزترە.

زیانە گیانییەکان لە سێ رۆژدا

ئامارەکان تۆقێنەرن؛ لە ئێران زیاتر لە 555 کەس کوژراون (لەوانە 49 سەرکردەی باڵا). لە ئیسرائیل 11 کەس و لە سوپای ئەمریکا 6 سەرباز کوژراون. هەروەها لە لوبنان 31 کەس و لە ئیمارات 3 کەس گیانیان لەدەستداوە.

زیانە ئابوورییەکانی جەنگ

جەنگەکە ئابووریی جیهانی پەکخستووە:

•نەوت و گاز: نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 80 دۆلار و قەتەر هەناردەی گازی راگرت. لە هەرێمی کوردستانیش بەرهەمهێنانی نەوت و گاز (دانەگاز) وەستاوە.
•زێڕ: نرخی هەر ئۆنسەیەک 5,400 دۆلاری تێپەڕاند.
•فڕۆکەوانی: 1,560 گەشتی ئاسمانی لە ناوچەکەدا هەڵوەشێندراونەتەوە.

فاکتچێکی کۆمەڵیک دیمەنی وێنەی جەنگ

بەشی فاکتچێکی (رۆژی هیوا جەمال) چەند زانیارییەکی چەوتی ئاشکرا کرد:
1.دیمەنی گواستنەوەی تەرمی سەربازانی ئەمریکی کۆنە و هی ساڵی 2011یە.
2.دیمەنی هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن، لە راستیدا فڕۆکەخانەی دێنفەرە لە ئەمریکا و هی ساڵی 2025ە.
3.وێنەی تەرمی خامنەیی لەژێر داروپەردوو و وێرانیی ماڵەکەی، بە ژیریی دەستکرد دروستکراون یان وێنەی کۆنی غەززەن.

بڕیارەکانی سوودانی وەکو وەزیری بەرگری

لە پەرەسەندنێکی دیکەدا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی پۆستی وەزیری بەرگریی بە وەکالەت گرتە دەست و فەرمانی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکانی دەرکرد. هەروەها یۆنان چوار فڕۆکەی F-16ی ناردە قوبرس بۆ بەرگریکردن لە هێرشە درۆنییەکانی حزبوڵا.

 

رۆژی هیوا جەمال

 

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).