تۆم باراک چیی بە نووری مالیکی گوتووە؟

28 February 2026
تۆم باراک چیی بە نووری مالیکی گوتووە؟

بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، کۆمەڵێک دۆسیەی گەرم و هەستیاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی وروژاند. لە مەترسییەکانی جەنگی ناوەکی و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران و سووریا، تاوەکو پرسی مووچەی مامۆستایان و قەرزەکانی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی بەرنامەکە بوون.

تۆم باراک و نوری مالکی؛ پەیامێکی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا

سەرچاوەیەکی نزیک لە نوری مالکی ئاشکرای کرد، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا، داوای کشانەوەی لە مالکی نەکردووە، بەڵام هۆشداریی داوە کە ئەمریکا سزای هەر حکومەتێک دەدات کە بە دڵی واشنتۆن نەبێت. مالکی جەختی کردووەتەوە کە ئەو بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و تەنیا ئەوان دەتوانن بڕیار لە کشانەوەی بدەن.

سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان ئارامە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ڕایگەیاند، سەرەڕای نائارامییەکانی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی و ئارامیی خۆی پاراستووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ترافیکی دیپلۆماسی لە هەولێر زیادی کردووە و سەرکردایەتی کورد رۆڵیان لە هێورکردنەوەی دۆخی سووریادا هەبووە.

جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا؛ لەسەر لێواری تەقینەوەی ئەتۆمی

جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە پێشبڕکێی چەکە ناوەکییەکان. داتاکان ئاماژە بە هەبوونی ١٢ هەزار و ٣٠٠ کڵاوەی جەنگی دەکەن لەلایەن ٩ دەوڵەتەوە. ڕووسیا و ئەمریکا بە تەنیا ٨٦٪ی ئەم جبەخانەیە پێکدەهێنن. خەرجییە جیهانییەکان بۆ ئەم چەکانە ١٠٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ئێستا ٢١٠٠ کڵاوە لە دۆخی "ئامادەباشی باڵا"دان بۆ تەقاندن.

وەزیری دەرەوەی عومان: ئێران بەڵێنی "سفر کۆگاکردن"ی داوە

بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، ئاشکرای کرد کە ئێران لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانیدا لەگەڵ واشنتۆن ڕەزامەندی دەربڕیوە یۆرانیۆمی پیتێنراو کۆگانەکات. ئەمە وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەبینرێت، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە کە هێشتا لەم دانوستانانە "دڵخۆش نییە".

گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تاران هەڵوەشێنرانەوە

لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵەوە سێ گەشتی ئاسمانی بەرەو تاران هەڵوەشێنرانەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاسمانی ئێران لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بە "نیمچە چۆڵ" وەسف کراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.

ئەنجوومەنی ئاسایش سزاکانی سەر "هەتەشە"ی هەڵگرت

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی سزاکانی سەر "دەستەی تەحریری شام"ی هەڵگرت. ئەم بڕیارە دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دێت، کە تێیدا ئەم گروپە وەک بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییە نوێیەکانی سووریا دەبینرێن.

فۆربس: زۆربەی شارە "خراپەکان" بۆ ژیان دەکەونە باکووری کوردستان

گۆڤاری فۆربس لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت لە ناو ١٠ خراپترین شار بۆ ژیان لە تورکیادا، ٩ شاریان کوردین. شاری مووش لە پلەی یەکەم و دواتریش شرنەخ و جۆلەمێرگ دێن. پێوەرەکان پەروەردە، تەندروستی و ئابوورییان گرتووەتەوە.

مامۆستایانی گرێبەست؛ هەمووان دەمێننەوە

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان مژدەی بە مامۆستایانی گرێبەست دا و ڕایگەیاند، هەموو مامۆستایانی گرێبەست لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و گرێبەستەکانیان نوێ دەکرێتەوە، هیچ مامۆستایەک بەبێ ویستی خۆی دانانرێت.

فڕۆکەوانێکی کورد لە ئیسفەهان گیانی لەدەستدا

موجتەبا کیانی، فڕۆکەوانی کورد و خەڵکی کرماشان، یەکێک بوو لەو چوار کەسەی لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سوپا لە پارێزگای ئیسفەهان گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ تەرمەکەی لە شاری کەنگەوەر بە خاک دەسپێردرێت.

ئەمریکا بڕیارێکی تووندی دژی ئێران دەرکرد

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئێرانی وەک "دەوڵەتی پشتیوانی دەستبەسەرکردنی ناڕەوا" ناساند. واشنتۆن هۆشداری داوەتە هاووڵاتیانی کە گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەوانەشی لەوێن دەستبەجێ بیهێڵن، ئەگەر نا ڕەنگە پاسپۆرتی ئەمریکی بۆ گەشتکردن بۆ ئێران قەدەغە بکرێت.

نهێنییەکەی میونشن؛ مەرجەکەی رۆبیۆ بۆ سووریا

ئاشکرا بوو کە لە کۆبوونەوەکەی میونشن، مارکۆ رۆبیۆ مەرجی داناوە کە ئەگەر "مەزڵووم عەبدی" فەرماندەی هەسەدە بەشدار نەبێت، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا دانانیشێت. ئەمەش وایکرد عەبدی لە تەنیشت وەزیری دەرەوەی سووریا دابنیشێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵانە ٥٠ هەزار ژن دەکوژرێن

فۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ، هۆشداری دا لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و ڕایگەیاند ساڵانە ٥٠ هەزار ژن و کچ لە جیهاندا دەکوژرێن. ڕەوشی ژنانی ئەفغانستانی بە مەترسیدارترین وەسف کرد.

چاودێری دارایی: بەغدا قەرزاری هەرێمی کوردستانە

د. محەممەد زراری، بەرپرس لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، ڕایگەیاند کە بەپێی بەڵگەکان بەغدا قەرزاری هەرێمە نەک بەپێچەوانەوە. تەنیا بەهۆی جیاوازیی رێژەی دانیشتووانەوە، ساڵانە ٢ تریلیۆن دیناری هەرێم لە بەغدا دەفەوتێت.

دەستبەسەرداگرتنی "کەشتیگەلی سێبەر"ی ئێران

وەزارەتی دادی ئەمریکا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی تانکەرێکی نەوتی و ١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا دەدات. ئەم کەشتییە بە ئاڵای ساختەوە نەوتی بۆ سوپای پاسداران گواستووەتەوە.

فڕۆکەیەکی سەربازیی بۆلیڤیا تێکشکا

لە هەواڵێکی دیکەدا، تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیی وڵاتی بۆلیڤیا ڕاگەیەندرا، کە بەپێی زانیارییەکان نهێنییەکی سەربازیی لەپشت بووە.

مزگەوتی زانکۆی تەبووک؛ شاکارێکی ئەندازیاری

لە سعوودیە، مزگەوتی زانکۆی تەبووک وەک گەورەترین مزگەوتی بێ ستوون ناسێنرا. ئەم مزگەوتە قوبەیەکی گەورەی هەیە کە هیچ ستوونێکی لەژێردا نییە و توانای لەخۆگرتنی ٣٥٠٠ نوێژخوێنی هەیە، کە بەیەکگەیشتنی تەکنەلۆژیا و هونەری ئیسلامییە.

 

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).