تۆم باراک بە قسەیەک کوردی ناچار بە رێککەوتن کرد

03 February 2026
تۆم باراک بە قسەیەک کوردی ناچار بە رێککەوتن کرد

بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ سێشەممە 3-2-2026،  تیشکی خستەسەر کۆمەڵێک مژاری گەرمی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی. لە پرسی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق و جووڵەی هێزە ئەمنییەکان، تاوەکو هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران و دۆسیە نوێیەکانی جێفری ئێپستن و رەوشی لێقەوماوانی غەززە.

بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە قامیشلۆ

ئەمڕۆ قۆناخێکی دیکەی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە 125 ئەندامی ئاسایشی گشتیی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بچنە ناو شاری قامیشلۆ. ئەمە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ هێزە ئەمنییەکان چوونە ناو شاری حەسەکە.

فەرهاد شامی: هێزەکان خەڵکی دەرعان و مانەوەیان کاتییە

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، ئەو هێزە ئەمنییانەی دەچنە قامیشلۆ، بەپێی مەرجی هەسەدە هەموویان خەڵکی پارێزگای دەرعانن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرکی ئەوان تەنیا سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی تێهەڵکێشکردنی دامەزراوەکانە و دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان، لە ناوچەکە دەکشێنەوە.

ئەنەکەسە لە دیمەشق: دانپێدانانی دەستووریمان دەوێت

شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی (ئەنەکەسە) لە دیمەشق لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە. ئەنەکەسە رایگەیاندووە کە تەنیا دەرچوونی مەرسوومەکان بەس نییە و دەبێت مافەکان و ناسنامەی گەلی کورد لە دەستووری نوێی وڵاتدا وەک هاوبەشێکی رەسەن بچەسپێنرێت.

دکتۆر بەرهەم ساڵح: پەنابەران چاوەڕێی گەرەنتی دەکەن

دکتۆر بەرهەم ساڵح، کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە سەردانێکیدا بۆ کەمپی زەعتەری لە ئوردن رایگەیاند، دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا هیوایەک بۆ گەڕانەوەی پەنابەران دروستبووە. گوتیشی "زۆربەی پەنابەران دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام چاوەڕێی گەرەنتی ئارامی و دابینکردنی بژێوی ژیان دەکەن."

گوڵستان کڵچ: کاتی برایەتییە بە کردار

گوڵستان کڵچ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی داوای لە حکومەتی تورکیا کرد دەروازەی مورشیتپنار بۆ گەیاندنی هاوکاری بە کۆبانێ بکاتەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە 550 کەس لە باکووری کوردستان بەهۆی پشتگیریکردنی رۆژئاوا دەستبەسەرکراون و داوای کرد دۆخی کورد بە کردار رەچاو بکرێت.


ئامەدسپۆر بەهۆی "کەزی"یەوە سزا درا

یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا یانەی ئامەدسپۆری بە بڕی 18 هەزار دۆلار سزا دا و سەرۆکی یانەکەشی بۆ 15 رۆژ راگرت. پاساوی سزاکە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک بووە کە تێیدا "کەزی" دەرکەوتووە، کە یەکێتییەکە بە "پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژی" ناوی بردووە.

تۆڕی هاوپەیمانیی 19: مانگێکی بێ گازی فرمێسکڕێژ

تۆڕی هاوپەیمانیی 19 راپۆرتی مانگی کانوونی دووەمی بڵاوکردەوە. کانی عومەر، گوتەبێژی تۆڕەکە رایگەیاند کە 113 چالاکیی مەدەنی ئەنجامدراون و 86%یان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان بووە. کانی عومەر وتی: "نەوەی ئایپاد و تەکنەلۆژیا لەم خۆپێشاندانانەدا هەموانیان تووشی شۆک کرد و نیشانیاندا کە چەندە نیشتمانپەروەر و خاوەن گوتارن."

ترەمپ لەبارەی ئێران: ئەگەر رێکنەکەوین شتی خراپ روودەدات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزێکی گەورەیان ناردووەتە ناوچەکە و ئارەزووی رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەکات، بەڵام هۆشداریی توندیشی دا و وتی: "ئەگەر نەگەینە رێککەوتن، رەنگە شتی زۆر خراپ رووبدەن."

عەلی شەمخانی: لە دۆخی جەنگی راستەقینەداین

راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی ئامادەیە. شەمخانی جەختی کردەوە کە تاران بە هیچ شێوەیەک یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوە ناگوازێتەوە، ئەگەرچی بۆ دانوستاندن ئامادەن.

رۆیتەرز: تاران لە راپەڕینی جەماوەری دەترسێت

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی تاران لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا بە خامنەیییان گوتووە، ئەگەر ئەمریکا هێرشی سنوورداریش بکات، ئەگەری هەیە راپەڕینێکی گەورە لە ناوخۆدا دروستبێت کە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان بهێنێت.

کەشناسیی ئێران: هۆشداریی لافاو و بەفر

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی ئێران هۆشداریی دا کە شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران 25 پارێزگای وڵاتەکە و پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. داوا لە هاووڵاتییان کراوە لە کەناری رووبارەکان دوور بکەونەوە.

رادیۆی کۆمیسیۆنی عێراق؛ بڕوانامەیەک لە رۆژێکدا

لە عێراق کێشەی بڕوانامەی پەرلەمانتار ریاز یونس تەنیا لە ماوەی 24 کاژێردا چارەسەر بوو. دوای ئەوەی کۆمیسیۆن بڕیاری لادانی دابوو بەهۆی بڕوانامەکەیەوە، رۆژی دواتر وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوێک بڕوانامەکەی پەسند کرد و گەڕایەوە سەر کارەکەی.

هۆمەر دزەیی: 21 تیشکەکەی ئاڵای کوردستان هەڵەیە

هۆمەر دزەیی لە کتێبەکەیدا رەخنە لە هەبوونی 21 تیشک لەناو خۆری ئاڵای کوردستان دەگرێت و دەڵێت پەیوەستکردنی بە رۆژی 21ی مارت هەڵەیە، چونکە نەورۆز جەژنێکی سروشتییە و پەیوەندی بە کالیندەری زایینییەوە نییە. ئەو پێشنیار دەکات بکرێتە 4 تیشک وەک هێمای 4 پارچەی کوردستان.

غەززە و بۆردی ئاشتیی ترەمپ

کۆشکی سپی رایگەیاند 26 وڵات بەشدارن لە "بۆردی ئاشتی" کە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات. ئەرکی ئەم بۆردە چاودێریکردنی ئاگربەستی غەززە و ئیدارەدانی شارەکەیە لە قۆناخی دوای جەنگ، بە جۆرێک کە رێگە بە حەماس نادرێت بەشداریی تێدا بکات.

بەرگی کەعبە لە ماڵەکەی ئیپستن

بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی جێفری ئیپستن ئاشکرای دەکەن کە لە ساڵی 2017دا، سێ پارچەی پیرۆزی پەردەی کەعبە لە سعودیەوە گواستراونەتەوە بۆ ماڵە تایبەتەکەی ئیپستن لە دوورگەی سانت تۆماس، ئەمەش لەژێر ناوی "کارێکی هونەری بۆ مزگەوتێک" ئەنجامدراوە.

دۆسیەی ئیپستن دەچێتە پەرلەمانی تورکیا

پارتی "ئیی پارتی" لە تورکیا داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی جێفری ئیپستن. گومان دەکرێت هەندێک لەو منداڵانەی لە تورکیا لە کاتی کارەساتەکاندا ونبوون، بووبنە قوربانیی ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییەی ئیپستن.

بیل و هیڵاری کلینتن شایەتی دەدەن

بیڵ کلینتن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و هیڵاری کلینتنی هاوژینی رەزامەندییان داوە لەبەردەم لیژنەیەکی کۆنگرێس ئامادەبن بۆ پێدانی شایەتی لەسەر دۆسیەی جێفری ئێپستن، ئەمەش دوای چەندین مانگ لە مشتومڕی یاسایی.

درامای "شەتداون" لە ئەمریکا

حکومەتی ئەمریکا جارێکی دیکە تووشی ئیفلیجی (شەتداون) بووەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ کۆنگرێس دەنگ لەسەر بودجە بدات. ململانێی توند لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان هەیە و ئەگەر بودجە تێنەپەڕێت، وەزارەتە گرنگەکانی وەک بەرگری و دەرەوە پەکیان دەکەوێت.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش

هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).