کورد و مالیکی لە ئیمەیڵەکانی ئیپستن دا
لە بەرنامەی ئەمڕۆی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار و گەرم خرانەڕوو؛ لەوانە دەستپێکردنی رێکارەکانی ناردنی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا، هەڕەشە نوێیەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران، دۆخی نالەباری کۆبانێ و ئاشکراکردنی زانیاریی نوێ لەسەر کورد و عێراق لە نێو ئیمەیڵەکانی ئیپستیندا.
١٢٠ ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ؛ رێکارەکان دەستیان پێکرد
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نووسراوی وەرگرتنی پشکی سلێمانی و هەڵەبجەی بۆ دابینکردنی ١٢٠ ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ ناردووە. بەپێی رێنماییەکان، سلێمانی ٤٨ ملیار و هەولێر و دهۆک ٧٢ ملیار دینار دابین دەکەن بۆ ئەوەی بنێردرێتە بەغدا. ئەم هەنگاوە دوایین بیانووی بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق دەبڕێت بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێم.
هیومان رایتس وۆچ: بەغدا مووچەی وەک کارتی گوشار بەکارهێناوە
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتی ساڵانەی ٢٠٢٦دا رەخنەی تووند لە حکومەتی عێراق دەگرێت و رایدەگەیێنێت، بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستانی وەک کارتێکی سیاسی لە دانوستانەکاندا بەکارهێناوە. ئەمەش کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر کەرتی تەندروستی و پەروەردە و ژیانی هاووڵاتییان.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پۆستی سەرۆککۆمار یەکلا بکەنەوە
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا داوای لە لایەنە کوردییەکان کرد هەرچی زووە لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکبکەون. هەروەها جەختیان کردەوە کە رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
ئێران و ئەمریکا؛ ترەمپ هەڕەشەی خاپوورکردن دەکات
دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران و دەڵێت رێگە نادەین هیچ بنکەیەکی ئەتۆمیی نوێ دروست بکەنەوە، ئەگەرنا "کاری زۆر خراپیان بەسەر دەهێنین." هاوکات وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێم و مەزڵووم عەبدی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئایندەی ناوچەکە.
هیومان رایتس وۆچ لەبارەی ترەمپ: "رایبگرن"
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکی ٥٢٩ لاپەڕەییدا، ترەمپ بە ١٨ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات و بە "دیکتاتۆر و دەسەڵاتخواز" وەسفی دەکات. راپۆرتەکە دەڵێت سیاسەتەکانی ترەمپ سیستەمی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی تێکداوە.
نوورەدین عیسا؛ یەکەم پارێزگاری کورد لە حەسەکە
دوای رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق، نوورەدین عیسا وەک یەکەم پارێزگاری کورد لە مێژووی سووریای نوێدا دەستبەکاربوو. ئەو بەڵێنی داوە کە بە "گیانێکی کوردانە" خزمەتی خەڵکی پارێزگاکە بکات و قۆناخێکی نوێ لە خۆبەڕێوەبەری دەستپێبکات.
یەکەم بەرپرسە کوردەکان لە سووریا؛ مێژوویەک لە حوکمڕانی
بەرنامەکە ئاوڕی لە مێژووی کورد لە سووریا دایەوە، لەوانە حوسنی زەعیم و ئەدیب شیشەکلی کە گەیشتنە پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام جەختکرایەوە کە نوورەدین عیسا یەکەم کەسە وەک نوێنەری راستەقینەی کورد ئەو پۆستە وەردەگرێت.
لەیلا ئەحمەد: کۆبانێ وەک زیندانی لێهاتووە
گوتەبێژی پەیەدە لە کۆبانێ رایگەیاند کە شارەکە لە ژێر گەمارۆیەکی توونددایە و خزمەتگوزارییەکان ١٠٠٪ پەکخراون. نەبوونی شیر و دەرمان و کارەبا ژیانی خەڵکەکەی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە خەڵکەکە شارەکە چۆڵ ناکەن.
پەرلەمانی تورکیا و پرسی کورد
پەرلەمانی تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ دەنگدان لەسەر راپۆرتی لیژنەی تایبەت بە چارەسەری پرسی کورد. نوعمان کورتوڵموش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامداوە بۆ گۆڕینی راپۆرتەکە بۆ پڕۆژەیاسایەکی کردەیی.
دامەزراندنی "خۆتەرخانکەر" بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی جێبەجێ کرد؛ لەمەودوا ئەو کەسانەی لە نێو خێزاندا خزمەتی کەمئەندامی ١٠٠٪ دەکەن، بە گرێبەست دادەمەزرێن و مووچەی مانگانەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.
مەرجە نوێیەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل
هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بڕاوە و سووتاو قەدەخە کرا. هەروەها حکومەت بڕیاریدا هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل و "تۆکتۆک" بۆ ماوەی چوار ساڵ قەدەخە بکات، تەنیا بۆ کۆمپانیاکانی گەیاندن و دەزگا ئەمنییەکان نەبێت.
عێراق؛ کۆگاکانی گەنم بۆ ساڵی ٢٠٢٧ پڕن
بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، ئێستا ٤ ملیۆن تۆن گەنمیان هەیە و بەرهەمی ئەمساڵیش گەورە دەبێت، بە جۆرێک پێداویستیی وڵات تاوەکو ساڵی ٢٠٢٧ پڕ دەکاتەوە.
زانیارینامەی هەڵەبجە لە نۆ بەرگدا بڵاوکرایەوە
دوای ٣ ساڵ و نیو کارکردن، گەورەترین پڕۆژەی دۆکیۆمێنتاری بۆ پارێزگای هەڵەبجە راگەیەندرا. زانیارینامەکە مێژووی هەزار ساڵەی ناوچەکە لە نۆ بەرگی جیاوازدا دەخاتە روو.
کورد و مالیکی لە ئیمەیڵەکانی ئیپستیندا
دۆسیە نوێیەکانی ئیپستین زانیاریی سەرسوڕهێنەر لەسەر عێراق ئاشکرا دەکەن. لە ئیمەیڵەکاندا باس لەوە کراوە کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی تەنیا "مەسەلەی کاتە" و کورد وەک هێزێکی ژیر و سەقامگیر وەسف کراوە، لە بەرامبەردا نوری مالیکی بە بەرپرسی سەرەکیی تێکدانی عێراق و سەرهەڵدانی داعش ناو براوە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).