کاتی کۆبوونەوەی داهاتووی ئێران و ئەمریکا

07 February 2026
کاتی کۆبوونەوەی داهاتووی ئێران و ئەمریکا

بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) شەممە 7-2-2026، چەندین دۆسیەی گەرم و جیاواز دەخاتە روو؛ لە پرسی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کێشەی بەربژێری سەرۆککۆمار لە بەغدا، تاوەکو هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و گۆڕانکارییەکانی نێو رێنماییەکانی وەزارەتی کار بۆ خێزانی کەمئەندامان.

مووچەی فەرمانبەران؛ هیچ پاساوێک بۆ بەغدا نەماوە

مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەفتەیەک لە وادەی خۆی دواکەوتووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی بەغدای جێبەجێ کردووە. لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە تاوەکو رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ. ئێستا چاوەکان لەسەر تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقن بۆ ئەوەی پارەکە خەرج بکات، چونکە هیچ پاساوێکی یاسایی و تەکنیکی بۆ دواخستنی نەماوە.

پرسی سەرۆککۆمار؛ تۆپەکە لە گۆڕەپانی کورددایە

تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێنەکەوتوون. ئەم پرسە نیگەرانیی لایەنە شیعە و سوننەکانیشی لێکەوتووەتەوە. تەنانەت گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی نەجەف لە گوتاری هەینیدا داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی لە کورد کرد. ئەم چەقبەستووییە سیاسییە کێشەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیش دروست کردووە و گوشارەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکە لەم هەفتەیەدا چڕتر بوونەتەوە.

ترەمپ و ئێران؛ دانوستانەکان بەرەو واشنتن دەچن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باس لە وتووێژی "باش" لەگەڵ تاران دەکات و رایدەگەیێنێت هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەن. لە مەسقەتیش، وەزیری دەرەوەی عومان گفتوگۆکان بە "جیدی و سوودبەخش" وەسف دەکات. هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت وڵاتەکەی بە نیەتپاکی و بە چاوێکی کراوەوە دەچێتە ناو دیپلۆماسییەوە، بەڵام جەخت لە پاراستنی مافەکانیان دەکاتەوە.

هۆشداریی ئەمریکا؛ "بەپەلە ئێران جێبهێڵن"

هاوتەریب لەگەڵ کەشی دانوستانەکان، واشنتن هۆشداریی "ئاستی باڵا"ی داوەتە هاووڵاتییانی لە ئێران و داوای لێکردوون بەپەلە و تەنیا لە رێگەی وشکانییەوە (تورکیا، ئەرمینیا و تورکمانستان) وڵاتەکە جێبهێڵن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداریی دەداتە ئەو کەسانەی دوو رەگەزنامەیان هەین کە مەترسیی دەستگیرکردنیان لەسەرە و بارودۆخی ناوخۆی تاران بە "ئاڵۆز" وەسف دەکات.

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆلن لە کەنداو

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) وێنەی جووڵەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆلن"ی لە ئاوەکانی کەنداو بڵاوکردەوە. ئەم کەشتییە زەبەلاحە کە 90 فڕۆکەی جەنگیی هەڵگرتووە، لەژێر دروشمی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" هاتووەتە ناوچەکە. ئەم جووڵەیە وەک گوشارێکی سەربازیی گەورە بۆ سەر بڕیارە سیاسییەکانی تاران دەبینرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکاندا.

سزای نوێ بۆ سەرچاوە داراییەکانی تاران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر 14 کەشتیی نەوتهەڵگر (کەشتیگەلی سێبەر) و 15 کۆمپانیادا سەپاند کە نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە. کۆمپانیاکان دەکەونە وڵاتانی تورکیا، هیندستان، ئیمارات و چین. واشنتن دەڵێت ئامانجیان وشککردنی ئەو سەرچاوانەیە کە ئێران بۆ "تیرۆر و سەرکوتکردنی گەلەکەی" بەکاریان دەهێنێت.

هەسەدە و دیمەشق؛ هەنگاوەکانی رێککەوتن جێبەجێ دەکرێن

سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە حەسەکە دەستیان بە جێبەجێکردنی پێنج هەنگاوی مەیدانیی رێککەوتنەکەیان کردووە. ئەم هەنگاوانە کشانەوەی هێزە چەکدارەکان لە ناوچە سڤیلەکان، کردنەوەی رێگەکان، پاککردنەوەی مین و تێکەڵکردنی شەڕڤانان بۆ ناو دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا لەخۆدەگرێت.

چالاکبوونەوەی داعش لە نەینەوا و ئەنبار

بەپێچەوانەی گوتاری کۆتاییهاتنی داعش، لە 24 کاژێری رابردوودا رێکخراوەکە لە نەینەوا و ئەنبار چالاک بووەتەوە. فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق مۆڵگەیەکی داعشیان لە حەزەر پێکاوە و 4 چەکداریان کوشتووە. لە قائیمیش دوو تیرۆریست پێش دەستگیرکردنیان خۆیان تەقاندەوە، ئەمەش دەریدەخات کە هێشتا مەترسیی "شانە نوستووەکان" بە جیدی ماوەتەوە.

ئانۆ جەوهەر لە واشنتن: میلیشیاکان هەڕەشەن

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی هەرێم لە واشنتنەوە پەیامی مەترسیی میلیشیاکانی گەیاندە بەرپرسانی ئەمریکا. ئانۆ جەوهەر رایگەیاند کە میلیشیاکان لە دەشتی نەینەوا و شنگال باڵادەستن و هەڕەشەن بۆ سەر پێکهاتەکان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت تەنیا مەسیحییەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن و رێگە لە زەوتکردنی کورسیی کۆتاکان بگیرێت.

ترەمپ و ڤیدیۆ سڕاوەکەی باراک ئۆباما

دۆناڵد ترەمپ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لەبارەی ئەو ڤیدیۆیە نەدایەوە کە تێیدا سووکایەتیی رەگەزپەرستانە بە باراک ئۆباما و هاوژینەکەی کرابوو. پۆستەکە دوای ناڕەزایەتییەکی زۆر سڕایەوە و کارمەندێکی نووسینگەی ترەمپ بەو کارە تۆمەتبار کرا. کۆشکی سپی دەڵێت گرتەکە تەنزی ئامێز بووە، بەڵام ناڕەزایەتییەکانی مافی مەدەنی بەردەوامن.

وەزارەتی کار؛ گۆڕانکاری لە رێنمایی خۆتەرخانکار

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنمایی نوێی بۆ مۆڵەتی "خۆتەرخانکار" دەرکرد. هیوا رەحمان، راوێژکاری یاسایی وەزارەتەکە لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند، نەخۆشییەکانی تالاسیمیا و هیمۆفیلیا بۆ رێنماییەکە زیادکراون. هیوا رەحمان جەختی کردەوە کە "دایکی ماڵەوە بەپێی یاسا مووچەی هەیە، بەڵام لە 2013وە خەرج نەکراوە" و هەوڵ دەدرێت لە بودجەی 2026دا جێگیر بکرێت.

سزادانی ئومێد ئۆزداخ بەهۆی سووکایەتی بە شێخ سەعیدی پیران

ئومێد ئۆزداخ، سەرۆکی پارتی زەفەر لە تورکیا، بەهۆی سووکایەتیکردن بە یادەوەریی "شێخ سەعیدی پیران" لە سۆشیاڵ میدیا، بە بڕی 150 دۆلار سزای دارایی درا. دادگای تورکیا هەموو پاساوەکانی ئۆزداخی رەتکردەوە و پۆستەکەی وەک "توخمی تاوان" هەڵسەنگاند، ئەمەش دوای سکاڵای نەوەکانی شێخ سەعید هات.

6  نیشانەی مەترسیداری ئۆتۆمبێلی هایبرێد

بەرگری شارستانیی عێراق هۆشداری دەداتە شۆفێرانی هایبرێد کە لە کاتی گڕگرتندا بە هیچ شێوەیەک دەست لە کێبڵە "پرتەقاڵییەکان" نەدەن. هەروەها 6 نیشانەی وەک (گەرمبوونی نائاسایی، بۆنی سووتاو و دەنگی تەقە لە پاتری) دیاریکردووە کە پێش گڕگرتن دەردەکەون. جەخت دەکرێتەوە کە سووتانی پاتری لیسیۆم زۆر مەترسیدارە و پێویستی بە ئاوێکی زۆر هەیە بۆ کوژاندنەوە.

زۆهران مامدانی و چیرۆکی کۆچی پێغەمبەر (د.خ)

زۆهران مامدانی، کاندیدی سەرۆکشارەوانی نیویۆیک لە گوتارێکدا دژی پۆلیسی پەنابەران (ICE)، چیرۆکی کۆچی پێغەمبەری ئیسلامی بۆ مەدینە وەک نموونەیەک بۆ پێشوازیکردن لە غەریبەکان هێنایەوە. مامدانی بە سوودوەرگرتن لە ئایەتەکانی سوورەتی نەحل جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت نیویۆرک شوێنێکی ئارام بێت بۆ ئەو کۆچبەرانەی لەبەر ستەم و نەهامەتی وڵاتەکانیان جێهێشتووە.

 

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).