رێکارەکانی ناردنی مووچە دەستپێدەکەن

08 February 2026
رێکارەکانی ناردنی مووچە دەستپێدەکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، کۆمەڵێک مژاری گرنگی نێوخۆیی و جیهانی خرانە روو. لە کاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دەستپێکردنی رێکارە داراییەکانی بەغدان بۆ ناردنی مووچەی مانگی یەک، کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی پسوولەی کارەبای ٢٤ کاژێری نیگەرانی لای هاونیشتمانیان دروست کردووە. هاوکات لەسەر ئاستی عێراق، پرسی پێکهێنانی لیژنەکانی پەرلەمان و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار گەرمە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی ترەمپ و نەتەنیاهوو و گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، سەرنجی ناوەندە سیاسییەکانی جیهانیان راکێشاوە.

کێشەی پسوولەی کارەبا؛ نرخەکان چەند بەرامبەر زیادیان کردووە

پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کێشەی بۆ بەشداربووان دروست کردووە. بۆ مانگی کانوونی دووەم، نرخی پسوولەی بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانیان لە ٥٠ هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ٢٠٠ هەزار دینار بەرزبووەتەوە. رووداو بەدواداچوون بۆ ئەو سیستمە دەکات کە پارەکەی پێ هەژمار دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکاری ئەم زیادبوونە نائاساییە چییە.

مووچەی مانگی یەک؛ رێکارەکان لە بەغدا دەستپێدەکەن

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان ١٢٠ ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا کرد، چاوەڕوان دەکرێت دوای دڵنیابوونەوە لە کاش، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی خەرجکردن دەربکات و لەم هەفتەیەدا دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات.

هۆشدارییەک بۆ پارتی و یەکێتی: کات بەفیڕۆ مەدەن

شێخ هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، رەخنەی تووند لە پارتی و یەکێتی دەگرێت و دەڵێت بەهۆی رێکنەکەوتنی ئەوان لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار، پرۆسەی سیاسی پەکیکەوتووە. حەموودی داوا دەکات کورد کات بەفیڕۆ نەدات و جەخت لە پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری عێراق دەکاتەوە.

هەفتەی کۆبوونەوە چڕەکان لە بەغدا

ئەم هەفتەیە بە "هەفتەی کۆبوونەوەکان" دادەنرێت؛ بڕیارە لایەنەکانی ناو "ئیدارەی دەوڵەت"، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، و کۆبوونەوەی تایبەتی پارتی و یەکێتی ئەنجام بدرێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو بنبەستە سیاسییەی دروست بووە.

پەرلەمانی عێراق لیژنە هەمیشەییەکان یەکلا دەکاتەوە

سبەی دووشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر دیاریکردنی ٢٥ لیژنە هەمیشەییەکە. دابەشکردنی سەرۆکایەتی لیژنەکان لەسەر بنەمای قورسایی فراکسیۆنەکان دەبێت و مەرجیشە سەرۆکی لیژنەکە لەو لایەنە نەبێت کە وەزارەتی پەیوەندیداری بەدەستەوەیە.

گەڕانەوەی ٢٢٥٠ چەکداری داعش بۆ عێراق

شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا ٢٢٥٠ زیندانی داعش لەژێر چاودێریی هاوپەیمانان و بە هاوئاهەنگی هێزە عێراقییەکان هێنراونەتەوە و زیندانی کراون. هاوکات جەخت لە کۆنتڕۆڵی تەواوی سنوورەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە دەکرێتەوە.

پووچەڵکردنەوەی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر بە "باڵۆن"

هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەستی بەسەر ٦٠ هەزار حەبی هۆشبەری جۆری (کاپتاگۆن)دا گرت لە بیابانی ئەنبار. قاچاخچییەکان ویستوویانە لە رێگەی باڵۆنی خاوەن (GPS) مادەکان بپەڕێننەوە بۆ ئەوەی لە بازگەکانی پاسەوانی سنوور دەرباز بن.

وەزارەتی نەوت: قەیرانی بەنزین بوونی نییە

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەنگۆی قەیرانی بەنزین رەت دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت کە رۆژانە ٣٠ ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت و ١٣٥ ملیۆن لیتر یەدەگیان هەیە، دۆخەکەش بۆ مانگی شوبات تەواو جێگیرە.

سکاڵا لە دژی پێناسی نوێی گومرگی لە دادگەی فیدراڵی

دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵای دوو پەرلەمانتار دەکات لە دژی پێناسی نوێی گومرگی. سکاڵاکاران دەڵێن بڕیارەکە لە سەردەمی "حکومەتی کاربەڕێکەر"دا دراوە و نادەستوورییە، لە کاتێکدا بازرگانان بەهۆی زۆریی باجەوە سڵ لە هاوردەکردن دەکەنەوە.

ناڕەزایەتیی بازرگانان و داخستنی بازاڕەکانی بەغدا

ئەمڕۆ ژوورە بازرگانییەکانی پێنج پارێزگای عێراق لە بەغدا گرد دەبنەوە. بازرگانان دژی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" و زیادکردنی باجن و وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەشێکی زۆری دووکان و شوێنە بازرگانییەکانی بەغدا دادەخرێن.

نەتەنیاهوو و ترەمپ لە واشنتن کۆدەبنەوە

رۆژی چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە. مژاری سەرەکی گفتوگۆکانیان ئێران دەبێت؛ ئیسرائیل داوا دەکات هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاران بکرێت، دەبێت سنووردارکردنی مووشەکە بالیستییەکان و راگرتنی پشتگیری میلیشیاکانی تێدا بێت.

عێراقچی: بۆردوومانکردن توانا ئەتۆمییەکانمان لەناو نابات

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە تاران و واشنتن لەسەر گەڕێکی نوێی دانوستاندن رێککەوتوون. عێراقچی هۆشداری دا کە ئەگەر ئەمریکا خاکی ئێران بکاتە ئامانج، بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا دەپێکن، جەختیشی کردەوە کە بەرنامەی مووشەکییان جێگەی سازش نییە.

ویتکۆف و عێراقچی؛ دوو کارەکتەری جیاواز لەبەردەم یەک مێزدا

عەباس عێراقچی، دیپلۆماتکارێکی خاوەن ئەزموون و ئەندازیاری رێککەوتنی ٢٠١٥، نوێنەرایەتی ئێران دەکات. لە بەرامبەردا ستیڤ ویتکۆف، ملیاردر و هاوڕێی نزیکی ترەمپ کە ئەزموونی سیاسی نییە، بەڵام لە پشت پەردەی ئاگربەستی غەززە بووە، نوێنەرایەتی ئەمریکا دەکات.

کارەساتی لافاو لە ئیدلب؛ دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا

بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاو لە باکووری سووریا، زیاتر لە ١٠ کەمپی ئاوارەکان ژێرئاو کەوتوون. لە رووداوێکی تراژیدیدا دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و سەدان خێزان پەنایان بۆ مزگەوت و قوتابخانەکان بردووە.

شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە

وەزارەتی گواستنەوە پێشبینی دەکات تەواوی ئەم هەفتەیە بارانبارین بەردەوام بێت. هۆشداری دەدرێتە شۆفێران کە بەهۆی تەمومژ و بارانەوە، ئاستی بینین کەم دەبێتەوە و پێویستە وریای هاتووچۆی بەیانیان بن.

بەفر و بارانی زۆر لە باکووری کوردستان؛ رێگەی ٦٨ گوند داخرا

لە پارێزگاکانی وان و مووش، بەهۆی بەفرەوە رێگەی دەیان گوند داخراوە. هاوکات لە ئامەد هۆشداری لە پڕبوونی بەنداوەکان دەدرێت و ئەگەری هەیە ئاوی زیادە بەربدرێتەوە، داوا لە هاونیشتمانیان دەکرێت لە رووبارەکان دووربکەونەوە.

کوژرانی ٢٢ ژن لە مانگێکدا لە تورکیا

پلاتفۆرمی "تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین" بڵاویکردەوە کە تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ٢٢ ژن لە تورکیا کوژراون، کە زۆربەیان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا بوون. ئامارەکان نیشان دەدەن هیچ حاڵەتێکی کوشتن لە باکووری کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام گیانلەدەستدانی گوماناوی لێرە بەرزە.

سکانداڵی دزینی چەک و مادەی هۆشبەر لە جەندرمەی ئامەد

پەرلەمانتارێکی جەهەپە مژاری دزینی چەک و مادەی هۆشبەری لە ناو بنکەیەکی جەندرمە لە شارۆچکەی سووری ئامەد بردە پەرلەمان. باس لەوە دەکرێت عەریفێکی ناو بنکەکە تێوەگلاوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەبارەی ئاسایشی دامەزراوە فەرمییەکان دروست کردووە.

هەوڵی ترەمپ بۆ شکاندنی هەژموونی چین

دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی جەی دی ڤانس-ەوە دەیەوێت "یانەی کانزا دەگمەنەکان" دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەی چین لەو بوارەدا بهێنێت. ئەمریکا پڕۆژەیەکی ١٢ ملیار دۆلاری بۆ دروستکردنی کۆگای ستراتیژیی ئەم کانزایانە راگەیاندووە کە بنەمای پیشەسازی و چەکی پێشکەوتوون.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).