رۆژێکی یەکلاکەرەوە بۆ پرسی مووچە

09 February 2026
رۆژێکی یەکلاکەرەوە بۆ پرسی مووچە

ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی شوباتی ٢٠٢٦، لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمەڵێک مژاری گرنگ و هەستیار خرانە روو. لە نێو بەرنامەکەدا تیشک خرایە سەر پرسی واژۆکردنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە و شکستی سێیەمی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. هەروەها دۆسیەی گواستنەوەی هەزاران چەکداری داعش بۆ عێراق و هەڕەشە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و گەیشتنی نرخی زێڕ بە ئاستێکی پێوانەیی، لە گرنگترین تەوەرەکانی بەرنامەکە بوون.

مژدەیەک بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات. ناردنی پارەکە بەستراوەتەوە بە سێ رێکار (لیستی مووچە، داهاتی نانەوتی، و پرسی نەوت) کە هەموویان جێبەجێ کراون. ئەگەر رێکارە بانکییەکان ئەمڕۆ تەواو بن، پارەکە دەگات و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچە رادەگەیێنێت.

وەزارەتی کارەبا: نرخی کارەبا زیاد نەکراوە

سەبارەت بە گلەیی هاوبەشانی "پڕۆژەی رووناکی" لە بەرزیی کرێی کارەبای مانگی یەک، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند نرخەکان وەک خۆیانن و هۆکاری زۆریی پارەکە بۆ بەکارهێنانی زۆری کارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەگەڕێتەوە بەهۆی شەپۆلی سەرماوە.

پەرلەمانی عێراق؛ سێیەم شکستی یەک لەدوای یەک

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سێیەمجار نەیتوانی بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بخاتە ناو کارنامەکەیەوە. بنبەستی سیاسی نێوان هێزە شیعە و کوردەکان بەردەوامە و حکومەتەکەی سوودانی وەک "کاربەڕێکەر" ماوەتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دامەزراوە دەستوورییەکان دروست کردووە.

پێداچوونەوە بە لیژنە پەرلەمانییەکان

پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی کاتی بۆ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ و تێکەڵکردنی لیژنە هەمیشەییەکان پێکدەهێنێت. پێشبینی دەکرێت کورد سەرۆکایەتی ٤ بۆ ٥ لیژنە وەربگرێت. لیژنەکانی دارایی، یاسایی، و نەوت و گاز لە گرنگترین ئەو لیژنانەن کە کورد چاوی لێیانە.

ئەنجامی کۆبوونەوە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت
 
ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا پاڵپشتی خۆی بۆ دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا و چاکسازییە ئابوورییەکانی حکومەت دەربڕی. هەروەها جەخت لە تووندکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و رێگری لە قاچاخبردن کرایەوە. کۆبوونەوەکە باسی پرسی سەرۆککۆماری عێراقی نەکرد، کە لە نێوان پارتی و یەکێتی بووەتە گرێکوێرە. 

گواستنەوەی ٨ هەزار چەکداری داعش بۆ عێراق

نزیکەی ٧ بۆ ٨ هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە رادەستی عێراق دەکرێنەوە. لە نێویاندا تاوانباری مەترسیدار هەن کە دەستیان لە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا هەبووە. پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان ٤ بۆ ٦ مانگ دەخایەنێت.

دەستگیرکردنی "جەنگاوەرێکی" داعش لە بەغدا

دژەتیرۆری سلێمانی بە هاوکاری دژە تیرۆری عێراق، چەکدارێکی داعشیان لە ناوچەی ئەبوو غرێب دەستگیرکرد کە پلەی "جەنگاوەر" بووە و پێشتر لە سووریاوە بە نایاسایی گەڕاوەتەوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی.

باکووری کوردستان: دەرفەتی هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی کوردی

لە تورکیا و باکووری کوردستان پڕۆسەی ناونووسین بۆ وانەی بژاردەی کوردی (کورمانجی و زازاکی) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ دەستیپێکردووە و تا ٢٠ی شوبات بەردەوام دەبێت. پێویستە بۆ هەر پۆلێک لانیکەم ١٠ قوتابی داوای بکەن تاوەکو وانەکە بکرێتەوە.

کێشە لە ناو جەهەپە؛ سەرۆک شارەوانییەک دەستی لەکارکێشایەوە

مەسعود ئۆزئارسلان، سەرۆک شارەوانی کەچیئۆرەنی ئەنقەرە، بەهۆی ئەوەی ئۆزگور ئۆزەل (سەرۆکی جەهەپە) لە واتسئەپەوە جنێوی بە دایک و باوکی داوە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پارتەکە راگەیاند، بەڵام لە پۆستەکەی وەک سەرۆک شارەوانی بەردەوام دەبێت.

تاران و واشنتن؛ دانوستان لەژێر سێبەری جەنگدا

پەرلەمانی ئێران دانیشتنێکی داخراو لەسەر دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا ساز دەکات. لە کاتێکدا دانوستانەکان لە مەسقەت بە "باش" وەسف دەکرێن، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی توند دەکات و دەڵێت بۆردومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ پاراستنی ئاشتی پێویست بووە.

شەش هۆکار بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیاری ترەمپ بەرامبەر ئێران

جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا، کەناڵە دیپلۆماسییەکان، گوشاری هاوپەیمانە ناوچەییەکان (ئیسرائیل و سعودیە)، دۆخی ناوخۆی ئێران و رای گشتی ئەمریکا، ئەو شەش هۆکارە سەرەکییەن کە ئاراستەی مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ تاران دیاری دەکەن.

نەتەنیاهوو بە ٦ مەرجەوە دەچێتە کۆشکی سپی

بنیامین نەتەنیاهوو سەردانەکەی بۆ واشنتن پێشخست. ئەو دەیەوێت ٦ مەرجی تووند (لەوانە کەمکردنەوەی مەودای مووشەکەکان و بڕینی دەستی ئێران لە گرووپە چەکدارەکان) بسەپێنێت و رێگری لە هەر رێککەوتنێکی نەرم بکات کە ترەمپ لەگەڵ تاران ئەنجامی بدات.

هەڵمەتی دەستگیرکردنی ریفۆرمخوازان لە ئێران

دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران ئازەر مەنسووری، سەرۆکی بەرەی چاکسازی و چەند سەرکردەیەکی دیکەی دیاری دەستگیرکرد. ئەمە نیشانەی قووڵبوونەوەی تەنگژە ناوخۆییەکانی ئێرانە، سەرەڕای ئەوەی ئەم لایەنە پشتگیرییان لە پزیشکیان کردبوو.

دەرکەوتنەوەی نەوەیەکی خومەینی

عەلی ئەحمەد خومەینی، نەوەی رێبەری پێشووی ئێران و زاوای بنەماڵەی سیستانی، لە دەرکەوتنێکی نوێدا ستایشی خامنەیی کرد. چاودێران ئەمە بە هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی پایەکانی رژێم و ئامادەکاری بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەبینن.

تاران هەڕەشە لە تەلئەڤیڤ دەکات

لە مەیدانی فەلەستین لە تاران، تابلۆیەکی گەورە دانراوە کە تێیدا هەڕەشەی مووشەکبارانکردنی تەلئەڤیڤ دەکرێت و بە زمانەکانی عیبری و عەرەبی نووسراوە: "ئێوە دەستپێدەکەن، بەڵام ئێمە کۆتایی پێدەهێنین".

خالید مەشعەل: ئیسرائیل دەیەوێت سووریا دابەش بکات

سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس هۆشداری دەدات کە ئیسرائیل پلانی هەیە سووریا پارچەپارچە بکات بۆ چەند قەوارەیەکی نەتەوەیی و ئایینی (کورد، دروز و عەلەوی) بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو نەمێنێت.

گۆڕانکارییەکان لە سووریا؛ گەڕانەوەی فەرمانبەران و هۆشداریی کەشوهەوا

حکومەتی سووریا داوا لە فەرمانبەران و پزیشکان و سەربازانی پێشوو دەکات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. هاوکات، وەزارەتی باری نائاسایی سووریا هۆشداری "سوور"ی بەهۆی شەپۆلێکی توندی باران و لافاو بۆ رۆژانی داهاتوو راگەیاند.

جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و ئابووری جیهان

ڕووسیا و ئۆکرانیا گورزی نوێیان لە یەکدی وەشاندووە. لە لایەکی دیکەوە، چین ژمارەی پێوانەیی لە گەشتکردنی سەری ساڵدا تۆمار دەکات. لە بازاڕەکانی جیهانیشدا، نرخی زێڕ جارێکی دیکە بەربەستی ٥٠٠٠ دۆلاری بڕی.

 

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).