ئەمڕۆ لە رۆژی هیوا جەمال، کۆمەڵێک هەواڵ و زانیاری نوێی و گرنگ بڵاوکرانەوە.

11 February 2026
ئەمڕۆ لە رۆژی هیوا جەمال، کۆمەڵێک هەواڵ و زانیاری نوێی و گرنگ بڵاوکرانەوە.

دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک کرا

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی یەکی بڵاوکردەوە. پرۆسەکە سێ رۆژ دەخایەنێت؛ ئەمڕۆ چوارشەممە خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان، پەروەردە، تەندروستی و خوێندنی باڵا مووچە وەردەگرن. سبەی پێنجشەممە زۆربەی وەزارەت و دەستەکانی دیکە و رۆژی شەممە هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان مووچە وەردەگرن. سەبارەت بەو 36 ملیار دینارەی کە کورتهێنانی هەیە، بەغدا رەتیدەکاتەوە لە ئێستادا بیبنێرێت و دەڵێت لە بودجەی 2026دا یەکلایی دەکرێتەوە.

سێ بڕیاری گرنگ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە. تەوەری سەرەکی بریتییە لە چەسپاندنی رێژەی 14.1%ـی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ دوای ئەنجامەکانی سەرژمێری. هەروەها بڕیار لەسەر هاوتاکردنی شایستەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی پارەی بەشەخۆراکی کەڵەکەبووی ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 دەدرێت.

داشکاندنی 20% لە پارەی کارەبا

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەرییەکی نوێی راگەیاند؛ لە ئەمڕۆوە تاوەکو 30 رۆژی داهاتوو، هەر هاونیشتمانییەک بە رێگەی "ئی-پسووڵە" و ئەلیکترۆنی پارەی کارەبا بدات، 20%ـی پارەکەی بۆ دادەشکێندرێت، ئەم بڕیارە قەرزە کۆنەکانیش دەگرێتەوە.

لووتکەی بارزانی و تاڵەبانی لە پیرمام

بڕیارە ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە. کۆبوونەوەکە تەواکەری گفتوگۆکانی هەفتەی رابردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر رێککەوتنەکانی بەغداش دەبێت.

کشانەوەی 100 شەڕڤان لە رۆژئای کوردستانەوە بەرەو قەندیل

لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێ بە نێوەندگیریی ئەمریکا، لانیکەم 100 شەڕڤانی ناسووریایی لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو چیای قەندیل کشاونەتەوە. راپۆرتەکان ئاماژە بە رۆڵی کاریگەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بنیاتنانی متمانە لەنێوان هەسەدە و لایەنەکان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کورد لە سووریا

لە پەرلەمانی ئەورووپا و پەرلەمانی بەریتانیا، جموجۆڵێکی گەورە بۆ پاراستنی کورد لە رۆژئاوا دەستیپێکردووە. 70 لۆردی بەریتانی واژۆیان لەسەر نامەیەک کردووە بۆ پاراستنی کورد، و سبەیش پەرلەمانی ئەورووپا دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێک دەدات بۆ گەرەنتیی مافە نەتەوەییەکانی کورد و ئاگربەست لە سووریا.

کۆنگرێسی ئەمریکا: ئەشکەنجەدانی کورد قبووڵکراو نییە

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دانیشتنێکی تایبەتی لەسەر سووریا ئەنجامدا. لەوێدا ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی ژنانی کورد لەلایەن چەکدارانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا پیشاندرا. براین ماست، سەرۆکی لیژنەکە هۆشداری دا کە تووندوتیژی دژی هاوپەیمانە کوردەکان جێگەی قبووڵ نییە و ترەمپیش پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی "ماست" دەربڕی.

گۆڕانکاریی لە کابینەی ئەردۆغاندا

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەزیرانی ناوخۆ و دادی گۆڕی. ئاکن گورلەک بووە وەزیری داد و موستەفا چیفتچی بووە وەزیری ناوخۆ، دوای ئەوەی وەزیرەکانی پێشوو داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کردبوو.

زەرفەکەی عومان و دانوستانی ئەمریکا و ئێران

عەلی لاریجانی لە مەسقەت چاوی بە سوڵتانی عومان کەوت. بڵاوبوونەوەی وێنەی "زەرفێک" لە کۆبوونەوەکەدا دەنگۆیەکی زۆری دروستکردووە کە پێدەچێت وەڵامی کۆتایی ئێران بێت بۆ پێشنیازەکانی ئەمریکا. هاوکات ترەمپ هەڕەشەی کردووە ئەگەر دانوستانەکان سەرنەگرن، هێزی سەربازیی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکات.

نەتەنیاهوو بۆ پرسی ئێران لە واشنتنە

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە ئەمریکا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ. ئامانجی نەتەنیاهوو ئەوەیە ترەمپ قایل بکات کە لە دانوستانەکاندا مەرجی قورستر بخاتە سەر ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی.

رووداوێکی تەقەکردن لە کەنەدا 10 کوژراوی لێکەوتەوە

لە رووداوێکی خوێناویدا لە ویلایەتی بریتیش کۆڵۆمبیای کەنەدا، 10 کەس کوژران کە یەکێکیان گومانلێکراوی سەرەکییە. تەرمەکان لە ناو قوتابخانەیەک و ماڵێکدا دۆزراونەتەوە و 25 کەسی دیکەش بریندارن.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).