ئەنجامی کۆبوونەوە "باش"ـەکەی پیرمام و گەمارۆی عێراق بۆ بەرهەمەکانی کوردستان
لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان پارتی و یەکێتین لە پیرمام بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی بەغدا، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێکی نوێ ئابڵۆقەیەکی تووندی خستووەتە سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان. هاوکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، رۆژئاوای کوردستان بووەتە تەوەری گەرمی پەرلەمانی ئەوروپا و واشنتن، و ترەمپیش لەگەڵ نەتەنیاهوو داهاتووی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران تاوتوێ دەکات.
لووتکەی پیرمام؛ کۆبوونەوەی "باش" بەبێ رێککەوتن
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە. هەرچەندە کەشوهەوای کۆبوونەوەکە بە "ئەرێنی" وەسف کراوە، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی فەرمی لەسەر بەربژێری سەرۆک کۆمار رانەگەیەندرا. یەکێتی سوورە لەسەر کاندیدەکەی و پارتیش هێشتا پاشەکشەی نەکردووە. چاودێران دەڵێن یەکلایینەبوونەوەی ململانێی ماڵی شیعە و چارەنووسی مالیکی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دواکەوتنی ئەم بڕیارە هەبووە.
بەغدا هەناردەی 15 بەرهەمی هەرێمی کوردستانی قەدەخە کرد
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێگری لە گواستنەوەی 15 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان (وەک تەماتە، پەتاتە، پیاز، مۆز و سێو) بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکات، بەو پاساوەی گوایە ئەم بەرهەمانە دەرەکین و بەناوی ناوخۆییەوە دەبرێن. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئەم بڕیارە بە "هەڵە" دەزانێت و داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات.
420 بارهەڵگری هەرێمی کوردستان لە بازگەکانی بەغدا وەستێنراون
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە چوار بازگەی سەرەکی (سەد، چیمەن، دارەمان و باوەمەحموود) رێگرییان لە 420 بارهەڵگر و پیکاپ کردووە بچنە ناو خاکی عێراق. ئەم رێکارە تووندانە وەک گوشارێک دەبینرێت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی نوێ و کۆنترۆڵکردنی داهاتە نانەوتییەکان، کە زیانێکی گەورەی بە کاسبکاران گەیاندووە.
عێراق و ئێران لە "لیستی رەشی" گەشتکردنی ئەمریکادا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا عێراق، ئێران و سووریای خستە ناو "ئاستی چوارەم"ی هۆشداریی گەشتکردن، کە مەترسیدارترین ئاستە. واشنتن داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بەهۆی مەترسیی رفاندن و تیرۆر، بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ ئەم وڵاتانە نەکەن.
تورکیا: لێدوانەکانی هاکان فیدان شێوێندراون
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رەتیدەکاتەوە دەستوەردانی لە کاروباری عێراق کردبێت. ئەنقەرە دەڵێت قسەکانی هاکان فیدان تەنیا مەبەستی مەترسییەکانی پەکەکە بووە لە شنگال و قەندیل، نەک سوکایەتی بە سەروەریی عێراق.
واشنتن داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانی دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی (رووداو)ـەوە داوای لە حکومەتی سووریا کرد کۆتایی بە گەمارۆی 25 رۆژەی سەر شاری کۆبانی بهێنێت. ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت لە سووریای نوێدا مافی کورد و هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت. هاوکات، 25 بارهەڵگر هاوکاریی خەڵکی ئامەد دوای چەندین بەربەست گەیشتنە ناو کۆبانی.
پێنج هەوڵی تیرۆرکردنی ئەحمەد شەرع پووچەڵ کرانەوە
بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی ساڵی رابردوودا پێنج جار هەوڵی تیرۆرکردنی ئەحمەد شەرع (سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا) و وەزیرانی ناوخۆ و دەرەوە دراوە. گرووپی "سەرایا ئەنسار ئەلسونە" کە وەک باڵێکی داعش دەبینرێت، لە پشت ئەم هەوڵانەوە بووە.
ئەمریکا لە بنکەی "تەنف" کشایەوە
هێزەکانی ئەمریکا دوای 12 ساڵ مانەوە، بە تەواوی لە بنکەی ستراتیژیی "تەنف" لە سووریا کشانەوە و هێزەکانیان بۆ ناو خاکی ئوردن گواستەوە. ئەم کشانەوەیە لە کاتێکدایە کە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن زیادیان کردووە.
پەرلەمانی ئەوروپا و نەخشەڕێگەیەکی مێژوویی بۆ رۆژئاوا
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێک بدات کە داوای چەسپاندنی زمانی کوردی و مافی هاووڵاتیبوونی کورد دەکات لە دەستووری سووریادا. پەرلەمانتاران ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانیان کرد لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و هۆشدارییان دا کە هەر هاوکارییەکی دارایی بۆ دیمەشق، دەبێت مەرجدار بێت بە پاراستنی مافی کورد.
نادین ماینزا بۆ رووداو: کۆنگرێس لە هێرشەکانی سەر کورد تووڕەیە
نادین ماینزا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینییە نێودەوڵەتییەکان، لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی رووداو رایگەیاند، ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بە تووندی نیگەران و تووڕەن لەو تاوان و توندوتیژییانەی لە سووریا دژی کورد و کەمینەکان ئەنجام دەدرێن. ماینزا ستایشی رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کرد لە لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان و سەرخستنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق. ئاماژەی بەوەش کرد، دوای فشارەکانی کۆنگرێس، ئێستا ئەمریکا بە فەرمی داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانی دەکات و کاروانەکانی هاوکاری لە هەولێر، سلێمانی و باکووری کوردستانەوە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون. جەختیشی کردەوە کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکات بۆ گەرەنتیی پاراستنی مافەکان و دووبارەنەبوونەوەی تاوانەکان دژی مەدەنییەکان.
پزیشکیان: زۆر شەوان خەوم لێناکەوێت
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دۆخی وڵاتەکەی دەربڕی و رایگەیاند کە بەهۆی فشارەکانەوە شەوان خەوی لێناکەوێت، بەڵام جەختی کردەوە کە دەبێت بمێننەوە و وڵات بونیاد بنێنەوە.
نەتەنیاهوو و ترەمپ؛ سێ کاژێر گفتوگۆ لە پشت دەرگا داخراوەکان
بۆ شەشەمین جار، نەتەنیاهوو لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە. دیدارەکە دوور لە چاوی کامێراکان بوو. ترەمپ رایگەیاند کە دانوستان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت، بەڵام هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە. نەتەنیاهوو هەوڵ دەدات گوشار بخاتە سەر واشنتن بۆ سنووردارکردنی زیاتری ئێران.
پنتاگۆن و ناردنی دووەم فڕۆکەهەڵگر بۆ ناوچەکە
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ ناردنی دووەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەک دەبینرێت بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی ئەگەر دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران شکستیان هێنا.
کۆنفرانسی میونشن؛ جیهان لە ژێر "سیاسەتی بلدۆزەر"دا
سبەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداریی 50 سەرۆک و 450 بڕیارەبەدەست دەستپێدەکات. راپۆرتی ئەمساڵی کۆنفرانسەکە هۆشداری دەدات کە سیستەمی جیهانی لەژێر مەترسیی وێرانبووندایە و سیاسەتی "بلدۆزەر"ی ترەمپ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی هەژاندووە.
مانگرتنی مامۆستایان لە سان فرانسیسکۆ
6 هەزار مامۆستا لە شاری سان فرانسیسکۆی ئەمریکا بەهۆی کەمیی مووچە و بیمەی تەندروستی مانیان گرتووە. بەهۆی ئەم مانگرتنەوە 50 هەزار خوێندکار لە خوێندن دابڕاون و مامۆستایان لەسەر کەنار دەریا وشەی "STRIKE"یان نەخشاندووە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).