پرسیارەکەی رووداو بەغدا دەهەژینێت
ئەگەر دەتهەوێت ، ئەوانە بزانێت کە خەوتبوویت و روویانداوە و ئەوەش بزانێت کە روو دەدات، جگەلەوەی باشترە هەموو بەیانییەک کاژێر 8:00 رۆژی هیوا جەمال ببینیت، لێرەشەوە دەتوانیت هەموو بابەتەکان ببینیت.
ئەوەی ئەمڕۆ بۆم ئامادەکردوون تەنیا هەواڵ نییە، پڕە لە زانیاری و پێشبینی، هەروەها ئەوەی بۆچی هەواڵەکان گرنگە و زانیاریکەیان کاریەریی لەسەر چی هەیە.
هەواڵی مووچە و کارەبا
ئەمڕۆ شەممە، دەرگای بانکەکان کراوەیە! بەڵام ئاگاداربن، هەموو کەس مووچە وەرناگرێت. باسی ئەو 8,000 فەرمانبەرە دەکەین کە مووچەکانیان راگیراوە؛ کێشەکە چییە و چۆن چارەسەر دەبێت؟
هەروەها، ئەگەر پسوڵەی کارەباکەت بە بڕێکی خەیاڵی بۆ هاتووەتەوە، فەرمانگەی کارەبای سلێمانی ئەمڕۆ دەوامیانە و چاوەڕێی ئێوەن. ئامارێکی سەرسوڕهێنەرمان لایە؛ دەزانن 93%ـی خەڵک پسوڵەکانیان لە خوار 100 هەزار دینارە، ئەی ئەو 89 هاوبەشە کێن کە سەروو 9 ملیۆن دیناریان بۆ هاتووەتەوە؟
لووتکەی میونشن؛ کورد لە جەرگەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا
لە ئەڵمانیاوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە دیپلۆماسییە هەرە بەهێزەکاندایە. نهێنی ئەو قسەیەی بە ماکرۆنی گوت چی بوو؟
هەر لەوێ، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ رووداو، باس لەو گەرەنتییە دەکات کە مارکۆ روبیۆ پێی داون. تۆم باراکیش وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "بایی 1000 وشە قسەی تێدایە"؛ ئێمە ئەو وێنەیەتان بۆ دەخوێنینەوە و پێتان دەڵێین نەخشەی نوێی سووریا بەرەو کوێ دەچێت.
پرسیارەکەی رووداو بەغدای هەژاند!
کاتێک "دیار کوردە" لە واشنتن پرسیارەکەی ئاراستەی دۆناڵد تڕەمپ کرد، هەموو عێراق چاوەڕێی وەڵام بوو. تڕەمپ چ "بیرۆکەیەکی" لەسەر نوری مالیکی هەیە؟ ئایا ڤیتۆکەی ماوە؟ وەڵامەکەی تڕەمپ و کاردانەوەی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" و "دەوڵەتی یاسا" بە وردی شیکار دەکەین. تەنانەت باس لەوە دەکەین کێ دەدرێتە دادگە بەهۆی لێدوانی توند!
فەزیحەکانی ئیپستین؛ یەکەم بەرپرسی عەرەبی کەوت!
دۆسیەی "جیفری ئیپستین" گەیشتە ناو جەرگەی دوبەی. ملیاردێرێکی ئیماراتی دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام چیرۆکەکە لێرە کۆتایی نایەت. باس لە ژنێکی دەسەڵاتداری ئیماراتی دەکەین کە نزیکەی 500 جار ناوی لە فایلەکاندا هاتووە؛ ئەو نامانە چی بوون کە بۆ ئیپستینی ناردووە؟ تەنانەت خوشکەکەشی بۆ پێشنیاز کردووە!
لە هۆڵەندا خۆبرسیکردن و لە ئەمریکا قەڵا دەجوڵێت
ڕاپۆرتێکی تراژیدی لە هۆڵەنداوە؛ ساڵانە نزیکەی 6,000 کەس بە ویستی خۆیان و بە برسێتی کۆتایی بە ژیانیان دەهێنن! بۆچی؟
لە کۆتاییشدا، باسی ئەو قەڵا جووڵاوە دەکەین کە جیهانی ترساندووە. فڕۆکەهەڵگری USS Gerald R. Ford بەڕێوەیە بۆ ناوچەکە. کەی دەگات؟ و چی بۆ ئێران پێیە؟
ئەمانە و چەندین بابەتی دیکە، لەوانە دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان و شەپۆلی نوێی خۆڵبارین..
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).