ترەمپ: ئێران داونستاندنکارێکی خراپە
لە بەرنامەی ئەمڕۆ سێشەممە 17-2-2026ـی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری نێوخۆیی و ناوچەیی تاووتوێ کران. لە دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان و پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستانەوە، تاوەکو قەیرانی پێکهێنانی حکومەت و هۆشدارییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. هەروەها تیشک خرایە سەر مشتومڕەکانی نێو ماڵی شیعە لە بەغدا و گەڕی نوێی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ و هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ.
وەزارەتی ئەوقاف چاودێریی بینینی مانگی رەمەزان دەکات
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن. ئەگەر مانگ ببینرێت، سبەی چوارشەممە یەکەم رۆژی رەمەزان دەبێت، بە پێچەوانەوە رۆژی پێنجشەممە دەبێتە یەکەم رۆژ. وەزارەتی ئەوقاف جەخت دەکاتەوە کە تەنیا لیژنەکەی ئەوان سەرچاوەی فەرمییە بۆ بڕیاردان.
وەزارەتی داد: لیستەکەی زیندانییانی داعش ساختەیە
وەزارەتی دادی عێراق ئەو لیستەی رەتکردەوە کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە و باس لە گواستنەوەی ٥٧٠٤ زیندانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق دەکات. موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتەکە رایگەیاند، ئەو زانیارییانە فەرمی نین و نوێنەرایەتی راستی ناکەن.
لیژنەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە ئەرکەکانی کۆتایی پێهێنا
لیژنە پسپۆڕەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە، کارەکانیان لە چوار تەوەردا (کارگێڕی، یاسایی، دارایی و ئۆپەراسیۆن) تەواوکرد. ئەم هەنگاوە وەک قۆناغێکی گرنگی یەکخستنی فەرماندەییەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە هەژمار دەکرێت.
پەرلەمانی عێراق پرسی مووچە و خانەنشینی تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە میوانداریکردنی سەرۆکی دەزگای شەهیدان و بەڕێوەبەری خانەنشینی، پرسی دواکەوتنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان تاووتوێ دەکات.
دابەشکردنی زەوی لە شەقڵاوە و دارەشەکران دەستیپێکرد
لە قۆناخی چواردەهەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ ٣٥٠٠ فەرمانبەر لە ناوچەکانی شەقڵاوە و دارەشەکران زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت. بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو پرۆسەکە کۆیە و خەباتیش بگرێتەوە.
ئاگادارییەک بۆ بریکارانی خۆراک لە سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی سلێمانی داوا لە بریکارانی کۆدەکانی ٢٦١، ٢٦٢ و ٢٦٣ دەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ رادەستکردنی پارەی خۆراکی ساڵی ٢٠٢٦، بەمەرجێک کارتی بانکی و کارتی نیشتمانییان پێ بێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی قوتابیان لە سلێمانی هەڵوەشایەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە فەرمانێکی فەرمی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی قوتابیانی لە سەرجەم قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکان راگرت و ئەنجامەکانی پێشوویشی بە هەڵوەشاوە هەژمار کرد، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات.
داخستنی کاتیی چێشتخانەیەک لە هەولێر بەهۆی زمانی کوردییەوە
قایمقامییەتی هەولێر چێشتخانەی "فراید چیکن"ی داخست، دوای ئەوەی کارمەندێکی گەیاندن (دیلیڤەری) ناچارکرابوو بە زمانی عەرەبی قسە بکات. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پاش رێکارە یاساییەکان چێشتخانەکە دەکرێتەوە و جەختی لە پاراستنی شکۆی زمانی کوردی کردەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست
بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەربژێربوونی نووری مالیکی و گوشارەکانی ئەمریکا، لایەنە شیعەکان کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوەیان دواخست. هەڕەشەکانی ترەمپ درزی خستووەتە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و باس لە سوودانی و عەبادی وەک جێگرەوە دەکرێت.
هۆشیار زێباری: راسپاردنی مالیکی بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەستەمە
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، بەهۆی ڤیتۆی توندی ئەمریکا و هەڕەشەی سزای دارایی، بۆ هەر سەرۆک کۆمارێک قورس دەبێت مالیکی رابسپێرێت. زێباری ئاماژەی بە پێشنیاری پێکهێنانی "ئەنجوومەنی سیاسی" بە سەرۆکایەتی بارزانیش کرد.
نێچیرڤان بارزانی: دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات پێکبهێنرێت
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و رایگەیاند، ئەم دۆخە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگەی رەخنەیە. جەختیشی کردەوە کە هەوڵەکانیان لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوام دەبێت.
پلانی "بەپارەکردنی" رێگە سەرەکییەکانی هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی هەولێر رایگەیاند، پلان هەیە رێگە سەرەکییەکان بکرێنە پارە بۆ ئەوەی داهاتەکەی بۆ نۆژەنکردنەوەیان بەکاربێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ساڵانە پێویستیان بە ٧٠ ملیار دینارە، بەڵام ساڵی رابردوو تەنیا ٢ ملیار دیناریان بۆ خەرجکراوە.
تەنیا ٣ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی وانەی کوردی لە باکوور ماوە
لە قوتابخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، تەنیا ٣ رۆژ ماوە بۆ ئەوەی قوتابیان وانەی کوردی وەک وانەی بژاردە هەڵبژێرن. تاوەکو ئێستا ٦٠ هەزار قوتابی وانەکەیان هەڵبژاردووە، بەڵام تەنیا ١٥٧ مامۆستای کوردی لەسەر کارەکانیان ماونەتەوە.
دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنی جنێڤ
ئەمڕۆ خولی دووەمی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ بە نێوەندگیری عومان دەستپێدەکات. عەباس عێراقچی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی "دادپەروەرانە" گەیشتووەتە سویسرا، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم رانەگرن.
ترەمپ: ئێران دانوستاندنکارێکی خراپە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارە لە گفتوگۆکانی جنێڤ. ترەمپ وتی: "ئێران دانوستانکارێکی خراپە، چونکە دەکرا پێشتر رێککەوتن بکەن پێش ئەوەی فڕۆکەی B-2 بنێرین بۆ لەناوبردنی توانای ئەتۆمییان."
داواکاری و هێڵە سوورەکانی ئێران و ئەمریکا
ئەمریکا داوای کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکیی ئێران دەکات. لە بەرامبەردا تاران داوای هەڵگرتنی سزاکان و دوورخستنەوەی هێزی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات. هەرچەندە دانوستاندنەکان بەردەوامن، بەڵام هەردوولا هێزی سەربازیی زیاتریان لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە.
ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئێران: پتر لە ٧ هەزار کوژراو
ڕێکخراوی "هەرانا" رایگەیاند، کوژرانی ٧٠١٥ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە کە ٢٢٦یان منداڵن. ئەم ئامارانە جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێراندا هەیە کە باس لە کوژرانی نزیکەی ٣ هەزار کەس دەکات.
"جودی"؛ یەکەمین رێبەری یاسایی زیرەک بە زمانی کوردی
لە هەرێمی کوردستان پلاتفۆرمی "جودی" راگەیێندرا کە بە ژیریی دەستکرد و بە زمانی کوردی کار دەکات. د. هەوراز عەونی، پەرەپێدەری پڕۆژەکە رایگەیاند، سیستمەکە هەموو یاساکانی هەرێم و عێراق لەخۆدەگرێت و لە چەند چرکەیەکدا وەڵامی وردی یاسایی بە دەنگ و نووسین دەداتەوە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).