عێراق بە فەرمی وەڵامی ئەمریکای ئاشکرا کرد
لە بەرنامەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-2-2026ـی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، چەندین دۆسیەی گەرم تاووتوێ کران؛ لە سەرووی هەموویانەوە روونکردنەوەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پەیامە زارەکییەکەی ئەمریکا و هەڕەشەی سزاکان. هەروەها تیشک خرایە سەر راستیی رووداوەکەی پیرەمەگروون و پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی گەورەی ئەلیکترۆنی بۆ سەر پڕۆژەی رووناکی. لە کایەی نێودەوڵەتیشدا، یەکەمین کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ و گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەشێکی دیکەی هەواڵەکان بوون.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئەمریکا هەڕەشەی سزای کردووە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دانی بەوەدا نا کە پەیامە زارەکییەکەی ئەمریکا ئاماژەی راشکاوی تێدابووە بۆ ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر هەندێک کەسایەتی و دامەزراوەدا، ئەگەر گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێداگری لەسەر بەربژێرەکەی (نووری مالیکی) بکات. ئەمە لە کاتێکدایە د. فوئاد حوسێن رایگەیاندبوو پەیامەکە تەنیا کۆمەڵێک "پێوەر" بووە. هاوکات وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە کە ئەو هێشتا لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆککۆماردا ماوە و دڵنیایە لە بردنەوەی.
ئاساییش: رووداوەکەی پیرەمەگروون تەنیا وەرگەڕان بووە
دوای دروستبوونی دەنگۆیەکی زۆر سەبارەت بە بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی گولـلەنەبڕی بەرپرسێکی "کۆمەڵە" لەسەر رێگەی دووکان-سلێمانی، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەموو گریمانەکانی (درۆن و بۆمبی چێنراو)ی رەتکردەوە. ئاساییش رایگەیاند کە رووداوەکە تەنیا وەرگەڕانێکی ئاسایی هاتووچۆ بووە و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە سووتاوە، کە تێیدا پاسەوانێکی تایبەت گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی بازرگانیی چەک لە تەوێڵە
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور توانی لە شارەدێی تەوێڵە سێ بازرگانی چەک دەستگیر بکات. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر ٥٠ دەمانچەدا گیراوە کە بۆ مەبەستی بازرگانی ئامادەکرابوون. تۆمەتبارەکان ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
گرتنی پاسێکی عومرەکاران بە جگەرەی قاچاخەوە
لە دەروازەی عەرعەر، پاسێکی کۆمپانیای "دار خەزرا" کە عومرەکاری عێراقی تێدابوو، بەهۆی هەڵگرتنی بڕێکی زۆر لە جگەرەی قاچاخ راگیرا. بەپێی زانیارییەکان، شۆفێری پاسەکە کە کوردە، ئێستا لەگەڵ عومرەکارەکان لەناو خاکی سعودیەدا رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
راگرتنی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە حاجی ئۆمەران
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، لە ١ی ئادارەوە گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ناو خاکی ئێران تا کاتێکی نادیار رادەگیرێت. ئەم بڕیارە بەهۆی گۆڕینی میکانیزمی هاتووچۆ و سپاردنی بە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دراوە.
عێراق ٤٠٠ هەزار حەبی کەپتاگۆنی لەنێو خاکی سووریادا گرت
لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی هاوبەشدا لەگەڵ لایەنی سووری، مەفرەزەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق چوونە ناو پارێزگای حومس. لەوێدا دەستیان بەسەر ٤٠٠ هەزار حەبی کەبتاگۆندا گرت و دوو تۆمەتباری سەر بە تۆڕێکی نێودەوڵەتیی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانیان دەستگیرکرد.
کێشەی پسوولەی گران و روونکردنەوەی وەزارەتی کارەبا
ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بڕی پارەی پسوولەی کارەبا لە پڕۆژەی رووناکی بەردەوامە. ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، نرخەکان پەیوەستن بە ئاستی بەکارهێنانەوە، بەڵام داوای لەو هاوبەشانە کرد کە گومانیان لە پسوولەکانیان هەیە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردن بکەن بۆ بەدواداچوون.
پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی گەورەی ئەلیکترۆنی بۆ سەر "رووناکی"
فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری رایگەیاند، توانیویانە هێرشێکی فراوانی جۆری (DDoS) بۆ سەر پۆرتالی خزمەتگوزاریی رووناکی پووچەڵ بکەنەوە. قەبارەی هێرشەکە گەیشتووەتە ١٨٠ گێگابایت لە چرکەیەکدا و لە هەزاران ناونیشانی ئایپی (IP) جیاوازەوە لە سەرانسەری جیهانەوە ئەنجامدراوە.
جیاوازی لە دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان
جیهانی ئیسلامی لە دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزاندا بوو بە دوو بەشەوە؛ لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان و چەند وڵاتێکی وەک سعودیە رۆژی چوارشەممەیان کردە یەکەم رۆژ، نووسینگەی عەلی سیستانی و وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممەیان وەک یەکەم رۆژی مانگی پیرۆز دیاری کرد.
سنووردارکردنی چوونە ناو مزگەوتی ئەقسا
ئیسرائیل رایگەیاند لە مانگی رەمەزاندا تەنیا رێگە بە ١٠ هەزار فەلەستینی دەدات بۆ نوێژی هەینی بچنە نێو مزگەوتی ئەقسا. مەرجی تەمەنیشی بۆ دیاری کردوون؛ پیاوان سەروو ٥٥ ساڵ و ژنان سەروو ٥٠ ساڵ، لەکاتێکدا منداڵانی خوار ١٢ ساڵ رێگەیان پێ دەدرێت.
ئایسلەندا درێژترین و نیوزلەندا کورتترین ماوەی رۆژوویان هەیە
بەپێی لێکدانەوە فەلەکییەکان، موسڵمانانی ئایسلەندا بە ١٨ کاژێر و ١٠ خولەک درێژترین ماوەی بەڕۆژووبوونیان دەبێت. لە بەرامبەردا، لە نیوزلەندا کورتترین ماوەی رۆژوو تۆمار دەکرێت کە ١٢ کاژێر و ١٥ خولەکە. لە هەرێمی کوردستانیش ماوەکە لەنێوان ١٢ کاژێر و نیو بۆ ١٣ کاژێر و نیو دەبێت.
نوێژی تەراویح لە تایم سکوێری نیویۆرک
بۆ یەکەمجار لە ئەمساڵدا، بە سەتان موسڵمان لە گۆڕەپانی "تایم سکوێر" لە شاری نیویۆرک بە کۆمەڵ نوێژی تەراویحیان ئەنجامدا. ئەم گۆڕەپانە کە بە ناوەندی ریکلامە پێشکەوتووەکانی جیهان ناسراوە، سیمایەکی ئایینی بەخۆیەوە بینی.
پەسندکردنی راپۆرتی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ راپۆرتی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردی پەسند کرد. راپۆرتەکە جەخت لەسەر دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە دەکات و پێشنیازی "مافی هیوا" بۆ زیندانییان و ئاسانکاری بۆ زیندانییە نەخۆشەکان دەخاتە روو.
حەزکورد: تەنیا یەک رۆژ بۆ هەڵبژاردنی وانەی کوردی ماوە
سوبحی ئۆزگەن، سەرۆکی کۆمەڵەی "حەزکورد"، میوانی بەرنامەکە بوو و رایگەیاند سبەی ٢٠ی شوبات دوایین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی وانەی کوردی لە قوتابخانەکانی تورکیا. ئۆزگەن داوای لە خێزانە کوردەکان کرد زمانەکەیان بپارێزن و ئاشکرای کرد کە ئامانجیان گەیشتنە بە ١٠٠ هەزار قوتابی بۆ خوێندنی وانەی کوردی.
لێبوردنی گشتی لە سووریا راگەیێندرا
ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی قۆناغی راگواستنی سووریا، مەرسوومێکی لێبوردنی گشتی دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە، سزای تاهەتایی بۆ ٢٠ ساڵ کەمکراوەتەوە، بەڵام لێبوردنەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە تاقیکردنەوەکاندا "قۆپی"یان کردووە یان تاوانی توندیان دژی گشتی ئەنجامداوە.
سێنتکۆم وێنەی نوێی فڕۆکە جەنگییەکانی بڵاوکردەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا وێنەی فڕۆکە جەنگییەکانی (Super Hornet)ی لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن بڵاوکردەوە. سێنتکۆم دەڵێت ئەم فڕۆکانە دەتوانن لە کەمتر لە ٣ چرکەدا لە دۆخی وەستانەوە بفڕن، ئەمەش وەک پەیامێکی هێز لە کاتی دانوستاندنەکاندا دەبینرێت.
یەکەمین کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی ترەمپ
بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی "ئەنجوومەنی ئاشتی" لە واشنتن بەڕێوەبچێت. ئەم ئەنجوومەنە کە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات، بەرپرسە لە ئاوەدانکردنەوە و ئاسایشی گشتیی غەززە و بڕیارە لە مانگی ئادارەوە پڕۆسەی داماڵینی چەک لەو ناوچەیە دەستپێبکات. تاوەکو ئێستا ٥ ملیار دۆلار بۆ سندوقی ئەنجوومەنەکە کۆکراوەتەوە.
ئەم ئەنجوومەنە کە بۆ بەڕێوەبردن و ئاوەدانکردنەوەی غەززە دامەزراوە، پەیماننامەیەکی ١٣ مادەیی هەیە کە گرنگترین خاڵەکانی ئەمانەن:
ئامانج: چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
دەسەڵاتی سەرۆک: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی دامەزرێنەرە و دەسەڵاتی ڕەهای هەیە؛ مافی ڤیتۆی لەسەر هەموو بڕیارەکان هەیە و خۆی جێنشینی خۆی دیاری دەکات.
ئەندامێتی: تەنیا بە بانگهێشتی سەرۆک دەبێت و پێویستی بە بەخشینی یەک ملیار دۆلار هەیە بۆ سندوقی غەززە.
هێزی سەربازی: سەرپەرشتی هێزێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ بێچەککردنی غەززە.
مەرج و زمان: هیچ دەوڵەتێک بۆی نییە مەرج لەسەر بڕگەکانی دابنێت، و زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمیی ئەنجوومەنەکەیە
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).