دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا بەردەوامن
ناوچەکە و جیهان رووبەڕووی هەفتەیەکی پڕ لە رووداو و گۆڕانکاریی سیاسی و سەربازی دەبنەوە، لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیاوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا کارایە، تاوەکو ململانێ نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پێکهێنانی حکومەت و گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و تەنگەی هورمز، هەموویان مژاری سەرەکیی ئەم هەفتەیەن، هاوکات لە عێراقیش چاوەکان لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران و یاسای سەربازیی زۆرەملێن.
مژارەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا و بەشداریی نێچیرڤان بارزانی
کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بەردەوامە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارای هەیە و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای جیهان کۆبووەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ کۆڕبەندەکە بە گوتارێکی هاکان فیدان دەستپێبکات و 10 پانێڵی جیاواز لەسەر گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ژینگە و حوکمڕانی بەڕێوەبچن.
دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی کەرکووک
ئەم هەفتەیە یەکەم هەفتەی کارکردنی ئیدارەی نوێی کەرکووکە بەپێی رێککەوتنی نوێ، کە تێیدا پێکهاتەی تورکمان بە پاڵپشتی تورکیا پۆستی پارێزگاریان وەرگرتووە. رێبوار تەها کە پۆستی جێگری پارێزگاری وەرگرتووە، لە ژێر گوشارێکی زۆردایە و باس لەوە دەکرێت بەڵێنی پۆستی باڵاتری پێدراوە بۆ ئەوەی بەو دۆخە رازی بێت.
چەقبەستوویی سیاسی لە بەغدا و کێشەی نێو ماڵی شیعە
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان بڕیارە کۆببێتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران، بەڵام ناکۆکییەکان قووڵن. نووری مالیکی جەخت لە بەربژێریی باسم بەدری دەکاتەوە و پەیوەندییەکانی پچڕاندووە، لە کاتێکدا عەممار حەکیم لە ماڵەکەی خۆی چاوەڕێی کۆبوونەوەیە. مەرجەعیەتی نەجەفیش هۆشداری دەداتە لایەنەکان کە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت.
دانوستاندنی نهێنیی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان
رێککەوتنێکی 20 ملیار دۆلاری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و پرسی ئەتۆمی
ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆیەکی چڕدان لە پاکستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سێ لاپەڕەیی. باس لە ئازادکردنی 20 ملیار دۆلاری ئێران دەکرێت لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمی پیتێنراو. دۆناڵد ترەمپ زۆر گەشبینە، بەڵام تاران مەرجی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ و هەڵگرتنی تەواوی سزاکانی هەیە.
هەڕەشەکانی ئێران و چارەنووسی تەنگەی هورمز
قالیباف: ترەمپ درۆ دەکات و تەنگەی هورمز بە کراوەیی نامێنێتەوە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە تووندی وەڵامی لێدوانە گەشبینەکانی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند کە ئەگەر گەمارۆکان بەردەوام بن، تەنگەی هورمز دادەخەن. ئێران رێسای نوێی بۆ هاتوچۆ لە تەنگەکە داناوە، لەوانە قەدەغەکردنی کەشتییە سەربازییەکان و وەرگرتنی "باجی ئاسایش" لە کەشتییە بازرگانییەکان.
یاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق ئەم هەفتەیە چوار دانیشتنی گرنگ ئەنجام دەدات، کە دیارترینیان خوێندنەوەی یەکەمە بۆ یاسای خزمەتی ئاڵا (سەربازیی زۆرەملێ). یاساکە جەخت لەوە دەکاتەوە هەرکەس تەمەنی 18 ساڵی تێپەڕاندبێت دەبێت خزمەتی سەربازی بکات، ماوەی خزمەتەکەش بەپێی بڕوانامەی خوێندن لە نێوان 3 مانگ بۆ 18 مانگ دەبێت.
لێکۆڵینەوە لە کەیسی شەهید غەزاڵ دەستپێدەکات
ئەم هەفتەیە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ شەهید غەزاڵ لە کاتی برینداربوونیدا دەستبەکار دەبێت. ئەم کەیسە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای مافی نەخۆشی هەرێمی کوردستان، دەبێت مامەڵەیەکی مرۆیی لەگەڵ هەر بریندارێکی جەنگدا بکرێت بەبێ جیاکاری.
"جێراڵد فۆرد" گەڕایەوە و سێیەم کەشتیی جەنگی لە ڕێگەیە
سەرەڕای باسەکانی دانوستاندن، ئەمریکا هێزی زیاتری سەربازی دەهێنێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" گەیشتووەتە دەریای سوور و کەشتیی "جۆرج بوش"یش بەرەو ناوچەکە بەڕێوەیە، ئەمەش نیشانەی ئامادەباشیی واشنتنە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
ئاماری زیانە ئاسمانییەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، 1,325 فڕۆکە و درۆن لە ململانێکانی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل تێکشکان. زۆربەی زیانەکان بەر کەرتی درۆنی ئێران کەوتوون (1,100 درۆن) نرخی هەندێک لەم فڕۆکە تێکشکاوانە وەک "ئاواکس" دەگاتە 700 ملیۆن دۆلار.
کەشوهەوایەکی ناجێگیر روو لە هەرێمی کوردستان دەکات
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە ئەمڕۆوە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ناجێگیر دەبێت. پێشبینی دەکرێت باران و تەرزە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان بگرێتەوە.
ئەو کەسەی لە "ئیبراهیم زولفەقاری" دەچێت، بناسە
لە سۆشیالمێدیا دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە گوتەبێژی "خاتەمولئەنبیا" بە جلی کوردییەوە بینراوە، بەڵام رووداو بەدواداچوونی کردووە و دەرکەوتووە ئەو کەسە "هاوڕێ مەلا ستار" پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتییە و تەنیا لە رووخساردا لەو بەرپرسە ئێرانییە دەچێت و هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).