تۆم باراک ستایشی "دانایی" سەرۆک بارزانی و رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤-٢-٢٠٢٦، بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمەڵێک هەواڵی گەرمی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیی تاوتوێ کرد. لە سەرووی هەموویانەوە سەردانی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی سووریا و عێراق. هاوکات، بەرنامەکە تیشکی خستە سەر چەقبەستوویی سیاسی لە بەغدا و سیناریۆکانی کشانەوەی نووری مالیکی، لەگەڵ هەڵوێستە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران و تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر جەنگی خوێناویی ئۆکراینادا.
تۆم باراک: سەرۆک بارزانی سەرکردەیەکی جیهانییە
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. باراک لە پۆستێکدا سەرۆک بارزانی بە "سەرکردەیەکی ئەفسانەیی" وەسف کرد و ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە سەرخستنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شەڕی سووریا.
پرسی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار؛ پەیامی پارتی و یەکێتی بۆ بەغدا
سەرۆک مەسعود بارزانی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ نێردەکەی ترەمپ جەختی کردەوە کە پۆستی سەرۆککۆمار ئیستحقاقی گەلی کوردستانە و دەبێت بە ئیرادەی ئەوان یەکلایی بکرێتەوە. لە بەرامبەردا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە پارتی و یەکێتی کرد پەلە بکەن لە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆککۆمار، لە کاتێکدا کێشەی سەرەکی بەغدا لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
سیناریۆکانی بەردەم نووری مالیکی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی
بۆ دەربازبوون لە گوشارەکانی ئەمریکا و بنبەستی سیاسی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بیر لە سێ سیناریۆ دەکاتەوە: دواخستنی کشانەوەی مالیکی تا کۆتایی وادە یاساییەکە، پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەری بە سەرۆکایەتی سوودانی، یان پەنابردن بۆ مەرجەعیەت (سیستانی) بۆ ناچارکردنی مالیکی بە کشانەوە و دیاریکردنی کاندیدێکی تەوافقی.
ترەمپ بۆ ئێران: یان رێککەوتن یان "رۆژێکی زۆر خراپ"
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە لەگەڵ جەنەراڵەکانی هاوڕایە و هەرچەندە ئاشتی دەوێت، بەڵام ئەگەر تاران رێکنەکەوێت، گورزی تووندیان لێدەدرێت. هاوکات بەرپرسانی ئێران ئاماژە بە نزیکبوونەوەی "رێککەوتنێکی کاتی" دەکەن و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەگەڵ هاوتا ئیماراتییەکەی لە پەیوەندیدایە.
هەڕەشەکانی تاران کەناڵی "مەن و تو" لە لەندەن دادەخات
بەهۆی هەڕەشە ئەمنییە جیدییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، خاوەنی باڵەخانەی کەناڵی "مەن و تو" لە لەندەن گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە و رێگەی نەدا کارمەندان بچنە ژوورەوە. کەناڵەکە رایگەیاند کە تاران هەوڵەکانی بۆ سەرکوتکردنی میدیای ئازاد لە دەرەوە چڕکردووەتەوە.
پێشکەوتووترین کەشتیی جەنگی جیهان بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوت
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێرالد فۆرد" کە تێچووی دروستکردنی ١٣ ملیار دۆلارە، گەیشتە یۆنان و ئامادەکاری دەکات بۆ جێگیربوون لە کەناراوەکانی ئیسرائیل. ئەم کەشتییە ئەتۆمییە توانای هەڵگرتنی ٧٥ فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی هەیە.
چوار ساڵ بەسەر جەنگی ئۆکراینادا؛ کارەساتەکان بە ژمارە
لە چوارەمین ساڵیادی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئامارەکان تۆقێنەرن: نزیکەی ١٤٠ هەزار سەربازی ئۆکراینی و ٣٢٥ هەزار سەربازی رووسی کوژراون. جەنگەکە خەرجی بەرگریی ئەوروپای بۆ ٣٨١ ملیار یۆرۆ بەرزکردووەتەوە و نەخشەی سیاسی جیهانی گۆڕیوە.
تەقینەوە لە مۆسکۆ و کوژرانی پۆلیسێک
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری مۆسکۆ، هێرشبەرێک خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسدا تەقاندەوە. لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی پۆلیس و هێرشبەرەکە کوژران. ئەمە دووەم رووداوی لەو شێوەیەیە لەم مانگەدا لە پایتەختی رووسیا.
کۆتایی "ئێڵ مێنچۆ"؛ گەورەترین سەرۆک مافیای مەکسیک
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و مەکسیکدا، "ئێڵ مێنچۆ" سەرۆکی کارتێلی خالیسکۆ، لە رێگەی چاودێریکردنی کچە هاوڕێکەیەوە دۆزرایەوە. دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری، بە برینداری دەستگیرکرا و دواتر لە رێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئامەدسپۆر؛ سەرکەوتن لە یاریگا و سزا لە ئەنقەرە
یانەی ئامەدسپۆر توانی لە یانەی وان سپۆر بباتەوە و لە پێشەنگی خولەکە نزیک بێتەوە. بەڵام یانەکە لەلایەن فیدراسیۆنی تورکیاوە بە بڕی ٤٦ هەزار دۆلار سزادراوە و پەرلەمانتارێکی دەم پارتیش حکومەت تۆمەتبار دەکات بەوەی وەک "کێشەی ئەمنی" سەیری سەرکەوتنەکانی ئامەدسپۆر دەکەن.
زریانێکی بەفری مێژوویی ئەمریکا پەکدەخات
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زریانێکی بەفری بێوێنە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە ٥ هەزار گەشتی ئاسمانی و بڕینی کارەبای ٦٠٠ هەزار ماڵ. لە هەندێک ناوچە ئاستی بەفر گەیشتووەتە نزیکەی یەک مەتر.
ئاڵۆزیی دیپلۆماسی؛ فەڕەنسا باڵیۆزی ئەمریکای سزادا
حکومەتی فەڕەنسا دەسەڵاتەکانی باڵیۆزی نوێی ئەمریکای لە پاریس (چارڵز کۆشنەر) سنووردار کرد و پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ وەزیرەکان لێ قەدەغە کرد. ئەمە دوای ئەوە دێت کە باڵیۆزەکە ئامادە نەبوو بچێتە بەردەم بانگهێشتێکی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا.
ترەمپ نێنیی پارە خەرجکردن بۆ کچە رۆژنامەڤانێک ئاشکرا دەکات
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە تێچووی نەشتەرگەری چاوی خانمە رۆژنامەنووسێکی گرتووەتە ئەستۆ.
فاکت چێکی رووداوێکی کۆن
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، ڤیدیۆی "پاڵەوانە" کازاخییەکە کە کارمەندێکی فڕۆکەخانە لە بارمتە رزگار دەکات، فاکت جێک کرا و دەرکەوت کە ڤیدیۆکە هی ساڵی رابردووە و تەنیا ئێستا دووبارە بڵاوکراوەتەوە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).