هەولێر وەڵامی بەغدا دەداتەوە

26 February 2026
هەولێر وەڵامی بەغدا دەداتەوە

بەخێربێن بۆ بەرنامەی ئەمڕۆی( 26ی 2ی 2026) "رۆژی هیوا جەمال". لەگەڵمان بن کۆمەڵێک دۆسیی گەرم و هەستیار دەخەینە روو.

ململانێی ژمارەکان و بازرگانی

ئەمڕۆ چاوەکان لەسەر وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانە. بەپێی زانیارییەکانی "رۆژی هیوا جەمال"، هەولێر وەڵامێکی توندی بەغدا دەداتەوە سەبارەت بە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا بەغدا دەڵێت رێژەکە دابەزیوە بۆ 12.68%، هەولێر بە بەڵگەوە ئەمە رەت دەکاتەوە.
هاوکات، بەغدا بڕیارێکی توندی دژی فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی داوە و گواستنەوەی زێڕ و مۆبایلی لێ قەدەغە کردوون؛ ئایا ئەمە گوشارێکی سیاسییە یان رێکخستنەوەی گومرگی؟ 

گەندەڵییەکی 16 ملیاری

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە لای "رۆژی هیوا جەمال"ە، گەندەڵییەکی گەورە لە هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق ئاشکرا دەکەین. زیاتر لە 16 ملیار دینار بەهەدەر دراوە! دوو کارمەندی باڵا لەکار راگیراون و وردەکاریی ئەو ملیارانە باس دەکەین کە دیار نەماون.

داعش لە عێراق: زیندانی "فول مواسەفات"؟

دۆسیێکی دیکەی پڕ لە کێشە؛ دۆخی 5704 زیندانیی داعش کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق. وەزیری داد دەڵێت بارگرانییەکی زۆریان لەسەرە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەم زیندانیانە لە دۆخێکی زۆر باشدان؛ 3 ژەمە خواردن، سیستەمی فێنککەرەوە و وەرزش! ئایا عێراق بووەتە هۆتێل بۆ داعش؟ 

کۆبوونەوەکانی جنێف: ئێران، ئەمریکا، رووسیا و ئۆکرانیا

ئەمڕۆ جنێف ناوەندی بڕیاری جیهانە. گەڕی 3یەمی دانوستاندنی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان دەستپێدەکات. مارکۆ رۆبیۆ دەڵێت مووشەکە بالیستییەکان "کێشەی گەورەن" و ئەوروپییەکانیش 3 مەرجی قورسیان هەیە. لە لایەکی ترەوە، ئۆکرانیا و رووسیا گفتوگۆ دەکەن؛ زێلێنسکی دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ، هیوای بۆ ئاشتی هەیە، بەڵام زستانێکی سەختی بەسەر بردووە.

هەواڵی جیاواز لە جیهان و ناوچەکە

•سەرکەوتنی کورد:  دیلان یەشیلگۆز بووە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری هۆڵەندا؛ چیرۆکی ئەم کچە کوردەی دێرسیم باس دەکەین.
•سوێد و ناوی جیهاد: حکومەتی سوێد ناونانی منداڵانی بە "جیهاد" قەدەغە کرد؛ ئایا ئەمە پێشێلکارییە یان پاراستنی منداڵ؟
•ئەشکەنجە لە وان:  پەرلەمانتارێکی دەم پارتی ڤیدیۆیەک بڵاودەکاتەوە؛ پۆلیسی تورکیا چۆن مامەڵە لەگەڵ هاونیشتمانیان دەکات؟
•تەقەی کەناراوەکان:  بۆ یەکەمجار، کوبا و ئەمریکا رووبەڕووی یەک بوونەوە لە دەریا؛ 4 کوژراو و لێکۆڵینەوەی توندی واشنتۆن.
•سەدر و رەمەزان:  موقتەدا سەدر رەخنەی تووند لە "مەسحەراتی" و "مەحێبس" دەگرێت و داوا دەکات شێوازی تاعات بگۆڕدرێت.

کۆتایی: ریتا و تفەنگەکە

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، دەچینە ناو جیهانی شیعر و ئەڤین. چیرۆکی ئەشقە نەمرییەکەی مەحموود دەروێش بۆ "ریتا"ی کچە جوو. چۆن تفەنگ بووە بەربەست لە نێوان چاوەکانی دەروێش و ریتادا؟

 

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).