کەرکووک لە نێوان ماتەمینی و گۆڕانکاریی ئیداریدا

27 April 2026
کەرکووک لە نێوان ماتەمینی و گۆڕانکاریی ئیداریدا

کەرکووک لە نێوان ماتەمینی و گۆڕانکاریی ئیداریدا

 

جیهان لە چاوەڕوانی بڕیارەکانی تاران و واشنتنن

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 27-4-2026، بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال" لە تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمەڵێک دۆسیەی گەرم و هەستیاری نێوخۆیی و جیهانی ورووژاند، لە رووداوە تراژیدییەکەی کەرکووک و ململانێی دەسەڵات لەو شارە، تاوەکو هەڕەشە چواربەرامبەرەکانی ئێران و نامە نهێنییەکانی واشنتن و داهاتووی تەمومژاویی ناتۆ. ئەم راپۆرتە پوختەی سەرجەم ئەو هەواڵ و زانیارییانەیە کە لە بەرنامەکەدا خرانە ڕوو.

 

دوایین ئاماری رووداوەکەی کەرکووک

 

بەگوێرەی دوایین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەی کەرکووک گیانیان لەدەستدا گەیشتە حەوت کەس کە چیرۆکی ئالین یوسفی تەمەن دوو ساڵان و دایکی دوو لەو قوربانیانەن و هەمووانی تاساندووە، هەروەها 27 کەسی دیکەش بریندارن و برینی بەشێکیان سەختە.

 

 

چیرۆکی نەمانی برێکی بارهەڵگرەکە

 

کوڕی شۆفێری بارهەڵگرەکە ساتی رووداوەکەی کەرکووک دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ باوکیدا بووە، ئەو دەڵێت خێرایی بارهەڵگرەکەمان لە نێوان 90 بۆ 100 کیلۆمتر بوو، کە لەو خێراییەدا ئیستۆپمان نەما، دەشڵێت دوای پەڕینەوە لە سۆنارەکە، بارهەڵگرەکە کە باری چیمەنتۆی تێدابووە، "ئیستۆپی" نەماوە. ئاماژەی بەوەش کرد  نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکە بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادان لەگەڵ 35 ئۆتۆمبێلی دیکە.

 

کەرکووک؛ کلیلەکان دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگار

 

محەممەد سەمعان دەسەڵاتەکانی لە جێگرەکانی وەردەگرێتەوە ململانێی دەسەڵات لە کەرکووک قۆناغێکی نوێی بڕیاردانی بەخۆیەوە بینی. محەممەد سەمعان، پارێزگاری نوێی کەرکووک، بڕیاریدا دوو دەسەڵاتی گرنگ (بەشی موڵک و رێگەپێدانی ئەمنی) لە جێگرەکانی وەربگرێتەوە و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. ئەم بڕیارە کە لە 23ـی نیسان دەرچووە، وەک هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لای پارێزگار دەبینرێت.

 

گۆڕانکاریی ئیداری لە پۆستەکانی کەرکووک

 

کورد پۆستەکانی قایمقام و ناحیەکان وەردەگرێتەوە ئەمڕۆ گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە کەرکووک دەستپێدەکەن. بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان، پۆستەکانی قایمقامی کەرکووک، داقووق و قەرەهەنجیر رادەستی کورد دەکرێن. بڕیارە ئاڤێستا شێخ محەممەد وەک قایمقامی نوێی کەرکووک لەبری فەلاح یایچی سوێندی یاسایی بخوات.

 

10 تریلیۆن دینار؛ نهێنی ململانێی پۆستی سەرۆکوەزیران

 

بودجەی سەرۆکوەزیرانی عێراق 36 هێندەی بودجەی پەرلەمانە راپۆرتێکی دارایی نیشانی دەدات بۆچی لایەنە شیعەکان شەڕی پۆستی سەرۆکوەزیران دەکەن. بودجەی خەرجکردنی ساڵانەی ئەم پۆستە گەیشتووەتە 10 تریلیۆن دینار، کە دوو هێندەی بودجەی وڵاتێکی وەک سووریایە. ئەمڕۆش وادەی دەستووری بۆ دیاریکردنی کاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆتایی هات.

 

ترەمپ و 'هونەری رێککەوتن' لەگەڵ تاران

 

ترەمپ: تەنیا یەک تەلەفۆنمان پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە دوای هەڵوەشاندنەوەی گەشتی نوێنەرەکانی بۆ پاکستان، ئێرانییەکان پێشنیازێکی باشتریان ناردووە. ترەمپ دەڵێت ئابووریی ئێران و کەرتی نەوتییان لە لێواری داڕووخاندایە و تەنیا سێ رۆژی ماوە، جەختیش دەکاتەوە کە هێڵی سووری ئەو، نەبوونی چەکی ئەتۆمییە لای تاران.

 

قالیباف: هێشتا هەموو کارتەکانمان بەکارنەهێناوە

تاران هەڕەشەی بەکارهێنانی تەنگەی باب المندب دەکات محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەڵامی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند کە هێشتا کارتەکانی وەک تەنگەی هورمز و باب المندبیان بەتەواوی بەکارنەهێناوە. قالیباف گاڵتە بە دۆخی وزەی ئەمریکا دەکات و دەڵێت واشنتن لە دۆخی بێدەسەڵاتیدایە و ناتوانێت رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەکان بکات.

 

بازاڕ؛ ئەو دێوەزمەیەی ترەمپ لێی دەترسێت

 

ئایا "وۆڵ ستریت" ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگۆڕێت؟ شیکارییەک بۆ رەفتارەکانی ترەمپ نیشانی دەدات کە ئەو تەنیا لە "بازاڕ" و "سیستەمی دارایی" دەترسێت. چاودێران دەڵێن کاتێک تەنگەی هورمز داخرا و نرخی نەوت فڕی، ترەمپ تۆنی قسەکانی گۆڕی. ئەم رەفتارەی ترەمپ بە "TACO" ناو دەبرێت، کە ئاماژەیە بۆ پاشەکشەکردنی بەردەوامی لەبەرژەوەندیی بازاڕەکان.

 

عێراقچی لە مۆسکۆ و ململانێی نێوەندگیری

 

ئێران: متمانەمان بە پاکستان نییە وەک نێوەندگیر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین گەیشتە مۆسکۆ. هاوکات بەرپرسانی تاران ناڕەزایەتی بەرانبەر نێوەندگیریی پاکستان نیشان دەدەن و بە لاسەنگ وەسفی دەکەن.

 

ئەورووپای دوای ناتۆ؛ سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات

 

یۆشکە فیشەر: چەتری پاراستنی ئەمریکا بۆ ئەورووپا کۆتایی هات وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات کە تەمەنی ناتۆ لە ژێر سایەی ترەمپدا بەرەو کۆتایی دەچێت. فیشەر داوا دەکات ئەڵمانیا و فەڕەنسا سەرکردایەتیی ئاسایشی ئەورووپا بگرنە دەست و چیتر چاوەڕێی ئەمریکا نەکەن، چونکە ترەمپ دەیەوێت ئەورووپا بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ناسیۆنالیزمەکان.

 

نامەی "بکوژە فیدراڵییە دۆستانەکە" لە واشنتن

 

تەقەکەرەکەی واشنتن نامەیەکی هەزار و 52 وشەیی بۆ دادگا جێهێشتووە کۆڵ ئەڵن، ئەو ئەندازیارەی لە واشنتن تەقەی کرد، لە نامەیەکدا وردەکاریی هۆکاری کارەکەی باس دەکات. ئەو دەڵێت نایەوێت دەستەکانی بە تاوانەکانی ئیدارەی وڵاتەکەی پیس بن و رەخنەی توندیش لە کەمتەرخەمیی "خزمەتگوزاری نهێنی" ئەمریکا دەگرێت کە نەیانتوانیوە رێگری لێ بکەن.

 

جەنگی ساردی نێوان پەکین و برۆکسل

 

چین هۆشداری دەداتە ئەورووپا: سزا وەڵامی دەبێت دوای ئەوەی یەکێتی ئەورووپا سزای بەسەر کۆمپانیا چینییەکاندا سەپاند بەهۆی هاوکاریی روسیا، پەکین هەڕەشەی "رێکاری پێویست" دەکات. ئیمانوێل ماکرۆنیش داوا لە ئەورووپییەکان دەکات بەخەبەر بێنەوە، چونکە کیشوەرەکە لە نێوان فشاری ئەمریکا و چین و روسیادا گیری خواردووە.

 

پێشنیازی نوێی ئێران بۆ واشنتن

 

تاران دەیەوێت پرسی ئەتۆمی و تەنگەی هورمز لێک جیابکاتەوە سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن کە ئێران لە رێگەی عومان و پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی داوەتە ئەمریکا. پێشنیازەکە بریتییە لە کردنەوەی تەنگەی هورمز و ئازادکردنی دەریاوانەکان، لە بەرانبەردا دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دیکە. عێراقچی ئێستا لە مۆسکۆیە بۆ تاوتوێکردنی ئەم هەنگاوانە.

 

 

رۆژی هیوا جەمال

 

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

 

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.

 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).